سەردانەکەی سەرۆك ئەردۆغان بۆ عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان

Kurd24

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا بە ژمارەیەک فاکتەرەوە گرێدراون، کە هەندێکیان پاڵنەرن بۆ پتەوکردنی ئەو پەیوەندییانە.

زۆربەی ئەو فاکتەرانە لە پێویستی مێژووییەوە سەرچاوە دەگرن، کە لای خۆیانەوە دەبنە هۆی بەهێزکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان، چ  بەهۆی نزیکی جوگرافی هەرێم بێت لە تورکیا، کە نزیکەی ٣٦٤ کیلۆمەتر سنووری هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە و باکووری کوردستان جیایان دەکاتەوە، یان بەهۆی پێویستی سروشتی و جیۆسیاسیی هەر یەك لە هەرێمی کوردستان و تورکیا بێت بۆ یەکتر، کە کەوتوونەتە ناوچەیەکی پڕ لە ململانێی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئامانجی سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێ بەم شێوەیەی خوارەوە باس بکرێ:

یەکەم، خۆپاراستن لەوەی ئاسایشی ستراتیژی ڕووبەڕووی ئاستەنگی جدی بێتەوە، ئەوەش بە داڕشتنی تێڕوانینێکی ڕوون دەبێت بۆ ئامانجەکانی ژینگەی نێودەوڵەتی و هەرێمی و دركکردن بە ئاڕاستە و ئامانجەکانی ئەو ژینگەیە لە هەرێمی کوردستان.

دووەم، هاوسەنگ کردنی دەستێوەردانی فرە لایەنە، بەرکەوتنی هەرێمی کوردستان بە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان وای کردووە، کە گۆڕەپانی هەرێمی کوردستان بۆ زۆرێ لەو هێزانە کراوە بێت، کە هەوڵ دەدەن ئەم واقیعە بەکاربهێنن بۆ بەدیهێنانی شێوازێکی فراوان لە ئامانجەکان، کە دەکرێ سیاسی، ئابووری و تەنانەت هەواڵگریش بن.

سێیەم، ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی ناکۆکییە ناوخۆییەکانی هەرێم لەلایەن وڵاتانی ناوچەکەوە بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر دۆسیەی ئەمنی هەبێت، بە شێوەیەك بەرژەوەندییەکانیان بەدەست بهێنێت، ئەوەش بە یارمەتی سروشتی ئەو ناتەبایی و نایەکڕیزییەی، کە هەیە لە ڕووی حزبییەوە.

چوارەم، دامەزراندنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی دیکە بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ، کە کاریگەرییان هەیە لەسەر ڕەوشی سیاسی لە هەرێم، لەسەر بنەمای چەند فاکتەرێ، کە گرنگترینیان بێگەی هەرێمە لە ناوجەکە و ڕۆڵی هەرێمە لە ژینگەی دەوروبەری بەهۆی  سەرچاوە سروشتی و ئابوورییەکانی.

پێنجەم، پاراستنی سەقامگیری و یەكپارچەیی هەرێم و پتەوکردنی پەیوەندییە دیبلۆماسییە دوولایەنەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی جیان و بەشداریپێکردنی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پەرەپێدانی هەرێم و گەشەسەندنی لە ڕووی ژێرخانەوە و بەهێزکردنی بەرژەوەندییەکانی هەرێم لە هەموو بوارەکانی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و کەلتووری. 

لەبەر ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نایەوێ ئەم ناوچە ستراتیژە بۆ وڵاتێکی وەکو ئێران بە جێ بهێڵێ و بەهۆی ئەوەی حکومەتی عێڕاقی فیدراڵ لەم ماوەیەی دواییدا هەوڵی زیاتری داوە بۆ ئەوەی بەلای ئەمریکا هەنگاو بنێ و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراق ڕەچاو بکات، ئەوا تورکیا وەکو هاوپەیمانێکی بەهێزی ئەمریکا بۆی گرینگە ڕۆڵی زیاتر لە عێراق و لە هەرێم بە تایبەتی بگێڕێ و ڕێگە نەدات چیتر ئێران ناهەوسەنگی و ناسەقامگیری لە ناوچەکە دروست بکات.

کردنەوەی دەرگا لە لایەن عێراق  و هەرێمی کوردستان بە ڕووی تورکیا بۆ بەهێزکردنی هاوکاریی دوولایەنە بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی هەژموونی ئێران دێ لە ناوچەکە، بە تایبەتی لەژێر ڕۆشنایی پێکهاتەی ململانێی ئەو بزووتنەوە سیاسییانەی، کە عێراق بەهۆیانەوە لە ماوەی دوو دەیەی ڕابووردوو دەناڵێنێت، هەروەها بەهۆی ئەوەی نە لایەنی عەرەبی بەتەنها و نە لایەنی تورکی بەتەنها و بێ هەرێمی کوردستان ناتوانێ ناکۆکییەکان لەگەڵ ئێران و لە عێراق چارەسەر بکات.

ڕاستە ئامانجی سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەم سەردانەی بۆ بەغدا و هەولێر چارەسەرکردنی ژمارەیەك بابەتی ئاڵۆزە، لە سەرووی هەموویانەوە دابەشکردنی ئاوە، بەڵام ئەم سەردانە ئەوەش دەردەخات، کە سەرۆکی تورکیا مەبەستیە لە ئێستادا خۆی بەردوور بگرێ لە گرژییەکانی ناوچەکە، کە بەهۆی شەڕی غەزە و قەیرانی نێوان ئێران و ئیسرائیل دروست بوون.

واتە چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان عێراق و هەرێم و تورکیا ئەولەویەتییان پێ دەدرێ، دوور لەو درووشمانەی، کە دەدرێ سەبارەت بە فەلەستین و شەڕی غەززە، ئەمەش ئاراستەیەکی نوێیە کە تورکیا دەیگرێتە بەر. دەستەبەرکردنی سەقامگیری و پەرەپێدان لەسەر ئاستی ناوچەکە  دەتوانێ ببێتە مایەی زیاتر بە دامەزراوەبوون و بەهێزبوونی پەیوەندییەکان لە سەر ئاستی ئاسایشی و وزە و کشتوکاڵ و ئاو و تەندروستی و خوێندن و لقەکانی تری پەیوەست بە ژێرخانی هەرێم و عێراق. پێویستە هەرێمی كوردستان جەخت لەسەر بەشداربوونی بکات لە پرۆژەی ڕێگەی گەشەسەندن، کە مەبەستە بە درێژایی 1200 کیلۆمەتر  لە نێوان وڵاتانی کەنداو و عێراق و تورکیا ئەنجام بدرێ.

هەروەها پێویستە هەرێمی کوردستان بەشدار بێت لە هەر ڕێکەوتننامەیەکی ستراتیژ، کە لە نێوان عێراقی فیدڕاڵ و تورکیا لە بواری بەرگری ئەنجام دەدرێ، تا ئەو سەردانەی سەرۆك کۆماری تورکیا ببێت بە وەرچەرخانێکی جۆری لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان و لێکتێگەیشتن و هاوکاری نێوان هەرێم و عێراق و تورکیا.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی تورکیاوە بابەتێکی ژیارییە بۆ هەرێمی کوردستان، کە ناکرێت چارەسەرکردنی لەم سەردانەی سەرۆكی تورکیا بۆ هەرێم بەهەند وەرنەگیرێ. هەرێمی كوردستان وەکو سیاسەت ڕێگەی نەداوە، خاکی وەکو خاڵی دەسپێك بەکاربهێنرێ بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ و بەردەوام هاوئاهەنگی خۆی دەربڕیوە لەگەڵ وڵاتان بۆ تاوتوێکردنی هەڕەشەکان و دۆزینەوەی ڕیگە چارەکان.

دیارە عێراق دواجار گەیشتە ئەو قەناعەتەی، کە ئیتر نایەوێ ناوی گرێدراو بێت بە جەنگ و ملمانێ و تیرۆر و فیتنەی تایفەگەری و ناسەقامگیری و پاشاگەردانی، بۆیە ئەمڕۆ بەدوای ڕێگەی نوێ دەگەڕێ و هەرێمی كوردستان وەکو سیاسەت هاوکاری عێراق دەکات بۆ ئەو هەنگاوە و مەبەستیە بەهەبوونی پەیوەندییەکی باش و ئەرێنێ لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق و هەرێم بە پارێزراوی بمێنێ، تا هەموو ناوچەکە گەشەی ئابوری و بازرگانی بەخۆیەوە ببنینێ. عێراق و هەرێم مەبەستیانە نەوتیان بە ئاسانی بگاتە بازاڕەکانی جیهان و زیاتر گرێدراو بن بە جیهان و چەمگە نەرێنییەکان و وێنە ترسناکەکەی، کە لەسەر عێراق دروست بووە بەهێڵن، بۆیە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا دەتوانێ ڕێگەی گوستنەوەی وزە و بازرگانی و ئابوری ئاسانتر بکات و هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنەڕوو دروست بێت.  

ئێمە پێمان وایە سەرۆك ئەردۆغان لەم سەردانەی مەتر گرینگی بە لایەنی ئاسایشی دەدات و زیاتر جەخت لە پەیوەندی ئەرێنی دەکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان و مەبەستیە هەرێم هاوکاری بێت لە چارەسەرکردنی کێشە ئابوری و داراییەکانی ئەو وڵاتە، کە ماوەیەکە دوچاری هەڵاوسان و ئارێشەی ئابوری بووە.

لە ڕابووردوودا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان، کە کاریگەری لەسەر سیاسەتی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کردبوو، پەیوەندییەکانی بوو لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بەغدا و گرژییە هەرێمییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی.

بەڵام بە پەیڕەوکردنی سیاسەتێکی حەکیمانە لەلایەن سەرکردایەتی سیاسی لەهەرێم و لەسەرووی هەموویانەوە ڕۆلی بەرچاوی جەنابی سەرۆك بارزانی لە جێبەجێکردنی ئەو سیاسەتە حەکیمانەیە و برەودانی هەرێم بە هەماهەنگی کردنی لەگەڵ هێزە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەتی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەسەرکدایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و کارکردنی بێ وچانی بۆ دەستەبەرکردنی سەقامگیری لە ناوچەکە و چەسپاندنی بنەماکانی دیموکراسی و فەراهەمکردنی پێکەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێکهاتە و ئاینە جیاجیاکان لە هەرێم، بووە مایەی ئەوەی هەرێم گرینگی زیاتری پێ بدرێ لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دواجار ببێ بە ئەکتەرێکی بەهێز و سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە ئەمڕۆ سەرۆکێکی وەکو ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە حەزەوە سەردانی دەکات و مەبەستیە پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ هەرێم بەهێزتر بکات.