هەڵبژاردن ده‌بێتە هۆی بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان یان لاوازبوونی؟

Kurd24

دوای کۆتاییهاتنی خولی یاسایی دوایین خولی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاشکرا و چەندینجار داوایکرد هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، بەڵام یەکێتی کێشەی زۆر و ترسی لە هەڵبژاردن هەبوو، هەر بۆیە ئەو کات پارتی پێی باش بوو ڕێککەوتنێک لە نێوان هێزە سیاسییەکان هەبێت و هەڵبژاردنی لەو جۆرە ئەنجام بدرێت، چونکە مەترسی گەورە لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت.

دوای تێپەڕبوونی ماوەیەک و چەندین پلانی نێودەوڵەتی و دەرەکی، کە دیارترینیان نەمانی کورسی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بوو، نەیارانی گەلی کوردستان ویستیان ئیرادەی خۆیان بسەپێنن بەسەر پارتی و هەرێمی کوردستان، بەڵام خەڵکی کوردستان زۆر باش دەیانزانی ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی زۆر کێشەی گەورە دەبێتەوە.

سەرەتا یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی هەرێمی کوردستان بابەتی پێکەوەژیانە ,زۆرجار بابەتی یەکگرتن و بوونی ئیرادەی پێکهاتەکانی دیكه‌ی کوردستان وەک نموونەیەکی بەهێزی دیموکراسی پیشانی جیهان داوە، بەڵام دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، چیتر نابێت خەڵکی کوردستان ئەمە قبوڵ بکەن، چونکە بەیانی ئەگەر باسی زوڵمی براکانمان بکەین لە وڵاتێکی دیكه‌، هەموویان دەڵێن ئێوە له‌ هەرێمی کوردستان رێز لە پێکهاتەکان ناگرن، چۆن ئێستا باسی مافی خەڵکانیتر ده‌کەن.

خاڵێکی دیكه‌ی زۆر گرنگ ئەوەیە کە هەڵبژاردن نیشانەی ئیرادەی گەل بێت، گەل بە ئازادی و دوور لە هەموو کارتێک فشار دەنگ بە ئەو هێزە بدات کە بۆ چوار ساڵی داهاتوو حوکمڕانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵێ لە دۆخێکی وادا چەندین پیلان لە دژی پارتی دیموکراتی کوردستان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دانراوە؟ ئایا لە دۆخێکی وادا چۆن دەتوانین باسی هەڵبژاردنێکی ئازادانە بکەین؟

کاتێک بەرپرسان پارتی دەڵێن، ئێمە پشتگیری هەڵبژاردنێک ناکەین کە پێشتر پلانی بۆ دانراوە، پەیامێکی زۆر ڕوونمان هەیە، کە بەشێک لە هێزەکانی هەرێمی کوردستان، بە پشتیوانی دوژمنانی کوردستان، دەیانەوێت هەڵبژاردنێک بکەن کە هەرێمی کوردستان تووشی ئاییندەیەکی نادیار بکەن، بێگومان نە پارتی و نە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەمە قبول ناکەن.

نابینم خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕازی بن کە پێش هەڵبژاردن چەند کەسێک بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن، ساڵانی کار و قوربانیدانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمە بووە تا بتوانین بە ئازادی لەسەر خاکی خۆمان بژین، بڕیارمان بەدەست ئێمە بێت، نامانەوێت با چەند هێزەک بۆ بەرژەوەندی تەسکی خۆیان پشت هەرێمی کوردستان تووشی ئایندەیەکی نادیار بکەن.

ئەگەر هەڵبژاردن تەنها بۆ ئەوە بکرێت کە بە خەڵکانێک بڵێین ئێمە هەڵبژاردنمان کرد و ئەنجامی هەڵبژاردنەکە پێشوەختە دیاری دەکرێت، ئەوا باشتر وایە هەڵبژاردن هەر نەکرێت، با خەڵکی کوردستان ئیرادەی ئازادی و ئازادی خۆی هەبێت لە دەستێوەردانی دەرەکییەوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی ئازاد پشتگیری لە هەڵبژاردن بکەین، پێش هەر شتێک، دەبێت بابەتی کورسی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان یەکلایی بکرێتەوە، بۆیە جارێکی دیکە پشتگیری لە هەڵوێستی بوێر و مێژوویی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەم.