هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا و دەرفەتی زێڕین بۆ کوردستانیان

Kurd24

لە مانگی حوزەیرانی ئەم ساڵدا، نزیکەی 400 ملیۆن هاووڵاتی یەکێتیی ئەورووپا دەچنە سەر سندوقەکانی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەندامانی دەیەمین ئەنجوومەنی یاسادانانی پەرلەمانی ئەورووپا کە یەکێک لە مەزنترین دامەزراوە دیموکراسییەکانە لە ئاستی جیهاندا و تاکە دامەزراوەی یەکێتیی ئەورووپایە کە نوێنەرایەتیی هاوڵاتیانی یەکێتیی ئەورووپا دەکات. بۆیە، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئەورووپا ڕووداویکی گرنگ و گەورەیە و لە ئاستی جیهان لە نزیکەوە چاودێری دەکرێت.

بەو پێیەی کە پەرلەمانی ئەورووپا دامەزراوەیەکی گرنگی بریاردانە و کاریگەریی ڕاستەوخۆی لە سەر بڕیارە ستراتیجیەکانی یەکێتی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندامی هەیە و ساڵ لە دوای ساڵ پێگە و دەسەڵاتەکانی فراوانتر دەبن، پێکهاتەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا ڕۆلی چارەنوسسازی دەبێت لە دواڕۆژی یەکێتیی ئەورووپا و پەیوەندیەکانی لەگەڵ دونیای دەرەوە.

گومان لەوەدا نییە کە یەکێتیی ئەورووپا بە هۆی نزیکیی جوگرافیی لە کوردستان و کاریگەریی سیاسی و ئابووری و ئاسایشیی لە سەر کوردستان و لە هەمان کاتدا بۆ کوردستانیش گرنگە پەیوەندیی پتەو و ستراتیجی لەگەڵ یەکێتیی ئەورووپا هەبێت و بە تایبەتی لە ڕێگەی پەیوەندیی دیپلۆماسی و پەیوەندیی ڕاستەوخۆ پەیوەندیەکانی لە بەرژەوەندی کوردستان بەهێز و پتەو بکات.

ڕێکارێکی تری دروست کردنی ئەو پەیوەندیە لە ڕێگەی دروستکردنی لۆبییە لە ناو پەرلەمانتارانی داهاتووی پەرلەمانی ئەورووپا کە ئەمەش میکانیزم و ڕێگە و ڕێکاری تایبەت بەخۆی هەیە و لە لایەن پەرلەمانی ئەورووپا ڕێگە پێ دراوە. دروستکردنی لۆبی لە پەرلەمانی ئەورووپا لە ڕێگەی پەرلەمانتارانی ئەندام لە لێژنەی پەیوەندیەکانی دەرەوە و لێژنەی بەرگری و ئاسایش و لێژنەی مافی مرۆڤ دەکرێن و لە ئەگەری هەبونی ستراتیجی و پلانی تۆکمە دەکرێت بەشێک لە بڕیارەکان لە بەرژەوەندیی کوردستان گۆڕانیان بە سەردا بێت یا بە لایەنی کەم پاڵپشتی سیاسی و کۆدەنگی بۆ دۆزی گەلی کوردستان کۆ بکرێتەوە. 

بێگوومان دروستکردنی لۆبی تەنیا لە ڕێگەی پەیوەندیە فەرمییە دیپۆماسیەکان ناکرێن و دیاسپۆرا و ڕەوەندی کوردستان دەتوانێت ڕۆلێکی بەرچاو لەو ڕووەوە ببینێت. ئێستە کە لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی ئەورووپا نزیک دەبینەوە، گرنگە دامەزراوە و کۆمەڵە و فدراسیۆنەکانی ڕوەوەندی کوردستانی لە هەر چوار پارچەی کوردستان بە چڕی و بە پێی پلانێکی سەردەمیانە کار لەسەر دروستکردنی کاریگەرییان لە داهاتووی پەرلەمانی ئەورووپا بکەن. گرنگە لە سەرجەم ئەو وڵاتانەی ڕەوەندی کوردستانیان لێ نیشتەجێیە، کاندیدە بەهێزەکان دیاری بکرێن کە چانسی دەرچوونیان زیاترە و هەوڵی پەیوەندییان لەگەڵدا بدرێت. دەکرێت لە شارە گەورەکان سێمینار و کۆڕی تایبەت بۆ کاندیدەکان لە لایەن ڕەوەندی کوردستانی ڕێکبخرێن و لە ڕێگەی گفتوگۆ  و پرسیار بۆچوون و تێروانینی کوردستانیان بخرێنە ڕوو و بە ڕوونی دیاری بکرێت کە کوردستانیان دەنگ بە کەسانێک دەدەن کە لە دوا ڕۆژدا و لە ئەگەری سەرکەوتنیان کار بۆ دۆزی کوردستان بکەن و هەوڵ بدەن پشتگیریی زیاتری ئەورووپا بۆ کوردستان لە پەرلەمان و یەکێتیی ئەورووپا بەدەستبێنن.

لەم هەڵبژادنەدا ژمارەکی بەرچاو لە ڕەوەندی کوردستانی مافی دەنگدانیان دەبێت و ئەمە دەرفەتێکی زێڕینە بۆ گەلەکەمان لە ئەورووپا هێز و دەنگی کوردستانیان بۆ لایەنە ئەورووپاییەکان بخەنە ڕوو و ژمارەیەک کاندیدای دۆست ڕەوانەی پەرلەمانی ئەورووپا بکەن. بێگومان ئەمە لە ڕێگەی خۆڕێکخستن کاری دامەزراوەیی و سەردەمیانە و سوود وەرگرتن لە لاوان و گەنجان و کەسانی لێهاتوو. دەکرێت  و دەبێ ئامانجی سەرەکیی پیشاندانی دەنگ و هێزی کوردستانیان بێت لە ئەورووپا کە بێگومان لە دواڕۆژدا کاریگەریی دەبێت لە سەر پێکهاتە و بڕیارەکانی پەرلەمانی ئەورووپا.