چۆن درۆنەکان دیمەنی جەنگەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕن؟

Kurd24

بە پێی زانیارییەکان قەبارەی بازاڕی درۆنەکان لە ئاداری ساڵی 2023 گەیشتە زیاتر لە 20 ملیار دۆلار، و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی 2030 ساڵانە سەدا 12.21 ئەو قەبارەیە زیاد بکات و لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوو وەبەرهێنان لە بازاڕی درۆن بگاتە نزیکە 100 ملیار دۆلار و خەرجکردن لە بواری توێژینەوە و پەرەپێدان و کڕین بە ڕێژەی سەدا 30 زیاد بکات.

لە ئێستادا زیاتر لە 100 دەوڵەت خاوەندی درۆنی سەربازییە، بێجگە لەو دەوڵەتانە نزیکەی 63 ڕێکخراو یان لایەنی ناحکومی بوون بە خاوەندی درۆن.

بە پێی خەمڵاندنەکان هێزەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بێجگە لە ئیسرائیل، لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابووردوو لایەنی کەم نزیکەی 1.5 ملیار دۆلاریان لە کڕینی درۆنی سەربازی خەرج کردووە. ئەمەش وای کردووە، ئەمەش وایکردووە پێشبڕکێی خۆپڕچەكکردن بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان (درۆن) بگاتە قۆناغێکی پێشکەوتوو، ئەگەر چی ئەو پێشبڕکێیە لە هەشتاکانی سەدەی ڕابووردوو لە نێوان ئیسرائیل و ئێران دەستی پێکردبوو.

دواتر وای لێهات قەوارەی بازاڕی درۆنەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ساڵی 2023 گەیشتە نزیکەی 2.84 ملیار دۆلار و چاوەڕوان دەکرێ ئەو قەوارەیە لە ساڵی 2033 بگاتە 5.88 ملیار دۆلار. 

فڕۆکە بێفڕۆکەوانە سەربازییەکان بوونەتە یەکێك لە گرینگترین ئامرازەکانی هێرشکردن لە ململانێیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 2020ەوە کاتێ تورکیا پشتی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەیراقدار بەست بۆ ڕێگریکردن لە پێشکەوتنی زرێپۆشەکانی ڕوسیا بەمەبەستی پاراستنی سوپای ئۆپۆزسیۆنی سوریا لەکاتی ڕووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەد.

دواتر درۆنەکان لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی ململانێ لە لیبیا و سودان و یەمەن و لە شەڕی دژ بە تیرۆریزم لە نیمچە دوورگەی سینا بەکارهێنرا، و بەم دواییانە ئێران لە 13ی نیسانی 2024 بە درۆن هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامدا.

ژمارەیەك وڵات لە ناوچەکە دەستیان کرد بە بەرهەمهێنانی ڕێژەیەکی زۆر لە درۆن، هەندێ وڵات ناچار بوون لە هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان درۆن بکڕن بەمەبەستی بەرگری.

دەکرێ بڵێین فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان چیتر تایبەت نین بە حکومەتەکانەوە، ئێستا بوون بە بەشێكی دانەبڕاو لە چەکی ئاسمانی ژمارەیەک لە ئەکتەرە نا دەوڵەتییەکان، لەوانە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن داعشەوە لە جەنگی دەروونیدا، تەنانەت هەندێ لە میلیشیاکان سیستەمی ISR یان بەدەستهێناوە.

تەکنەلۆژیای فڕۆکەی بێفڕۆکەوان تا ڕادەیەک نوێیە، بەڵام ئەندازیارانی زیرەکی دەستکرد تایبەتمەندی زیاتریان بۆ زیاد کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن ئەرکی تیمەکانی گەڕان و پشکنینی سەربازی جێبەجێ بکەن و لەسەر زەوییە نادیارەکان بگەڕێن، بێ ئەوەی پێویستیان بە سیستەمی شوێنکەوتن هەبێت لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای ناسینەوەی وێنەوە.

ڕەوتێکی گشتی هەیە، کە بە تەواوی بڕیاری ئامانجکردنی کوشتن لە سیستەمی زیرەکی دەستکرد ڕەت دەکاتەوە. وڵاتانی وەک فەڕەنسا و ئەمەریکا هەوڵ دەدەن، بنەمایەک بۆ بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دابنێن بۆ بەکارهێنانی لە جەنگ، تا دواتر  ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی گشتی نەبنەوە و یاسا ئەخلاقییەکان بۆ دەستکەوتە کورتخایەنەکان بەجێنەهێڵین، لە کاتێکدا ئاراستەی تر هەیە دەڵێ، بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد لە ئۆپەراسیۆنەکانی جەنگدا دەرفەتێکی باشتر دەڕەخسێنێت بۆ جێبەجێکردنی ستانداردە ئەخلاقییەکان و بەها مرۆییەکان، چونکە پێویست ناکات فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لەژێر فشاردا بڕیار بدەن، وەک ئەوەی، کە ئەفسەرە فڕۆکەوانە جەنگییەکان لە کاتی هێرش و جەنگدا دووچاری دەبن.

ناکرێت ئەوەش نادیدە بگیرێت، کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو کەلێنی نێوان هێزە چەکدارە کلاسیك و نا ئاساییەکان لە ڕووی توانای ئاسمانییەوە کەمکردۆتەوە، و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان دەتوانن ڕۆڵێکی گرنگی مرۆیی نێودەوڵەتی بگێڕن،  بۆ نموونە ئەنجامدانی هەڵسەنگاندنی شەڕەکان و زیانە لاوەکییەکان، یان بە کامێرا کوالیتییە بەرزەکانیان لە ڕووی وێنەگرتنەوە تاوانەکانی جەنگ و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ تۆمار بکەن. لە لایەکی ترەوە بەکارهێنانی ئەو جۆرە چەکە لێکەوتەی مەترسیداری هەیە لەسەر ناوچەکە:

1- بەهۆی زیادکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر هاوکێشەی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی دینامیکییەتی جەنگی پرۆکسی لە ناوچەکەدا زیاد دەکات، چونکە کاریگەری گەورە هەیە و تێچوونی سنووردارە و بە ئاسانی دەست دەکەوێت.  لەوەش مەترسیدارتر دیار نییە کێ بەرپرسیارێتی سیاسی لە ئەستۆ دەگرێ، ، جگە لەوەش درۆنەکان بە ئاسانی لێكدەکرێنەوە و بە شێوەی قاچاغ بۆ ناوچەکانی ململانێ دەگوازرێنەوە و بەکارهێنانیان ئاسانە.

2- لە سایەی نەبوونی چاودێری دامەزراوەیی و یاسایی درۆنەکان دەتوانن هێرش بکەنە سەر گۆڕەپانی جەنگ، تەنانەت ناوچە مەدەنییەکانیش بپێکن.

3- دەستگەیشتن بە ئامانجە بەنرخەکان بە ئاسانی و هەروەها قووڵی ستراتیژی ئۆپەراسیۆنەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان دەبێتە هۆی فراوانبوونی ململانێیەکان لە ناوچەکە، کە خۆی لە خۆیدا لەژێر ناسەقامگیری درێژخایەن دەناڵێنێت.

4- لەوانەیە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ببنە ئامرازێکی پەسەندکراو بۆ وڵاتان لە مامەڵەکردن لەگەڵ بزاڤە یاخیبووە ناوخۆییەکان و گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن و تەنانەت کەمینەکان، ئەمەش دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی دەرفەتەکان بۆ دیالۆگ و دانوستان، کە لە بەرژەوەندی بە سەربازیکردنی قەیرانەکان تەواو دەبێت.

5- یەکێك لە ئالنگارییەکانی، کە درووست دەبێ لە بواری بەرگری دژ بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، پێویستیبوونە بە پەرەپێدان و بەکارهێنانی سیستەمێ، کە هەرزانتر بێت لە خودی ئامانجە، بەڵام لەوەش مەترسیدارتر ئەوەیە، ڕووبەڕووی "کۆمەڵێک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان" ببیتەوە، کە بەوە ناسراون، توانای هەماهەنگیکردیان لەگەڵ یەکتردا هەیە، بەبێ ئەوەی دەستێوەردانی مرۆیی هەبێت.

هەروەها فڕۆکەی بێ فرۆکەوانی بچووکتریش هەیە، کە دەتوانێت بەرەو ئامانجی دیاریکراو بفڕێ، ئەو کاتە خستنە خوارەی ئاسان نابێت. یەکێ لە ڕێوشوێنە سەرەکییەکان بریتیە لە بەکارهێنانی جەنگی ئەلیکترۆنیی لە ڕێگەی ئامێری سەرلێشێواندن و چەواشەکردن یان تیشکی لێزەری وزە بەرز، کە ڕێگری بکات لەوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان ئامانجەکەیان بپێکن.

لە کۆتاییدا دەڵێین، درۆنەکان چەکی جەنگەکانی ئایندەن، هەڵگری ئالنگاری گەورەن بۆسەر ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی، بۆیە پێویستە هەنگاوی جددی بنرێت بۆ سنوورداکردنی ئەم مەترسییە.