سیستەمی دڵنیایی چییە؟ جۆر و سوودەکانی چین؟

Kurd24

دۆخی کۆمپانیاکانی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان و بۆشاییەکان

ئاگاداری ئەو ڕاستییەین کە ڕەنگە لە ماڵ و شوێنی کار یان لە کاتی هاتوچۆدا تووشی مەترسی جیاواز ببینەوە و هەوڵدەدەین ڕێوشوێنی خۆپارێزی پێویست بگرینەبەر. ئێمە بە وریاییەوە ئۆتۆمبێلەکانمان لێدەخوڕین و بەپێی ڕێنماییەکان ئامێرەکانی کارکردن بەکار دەهێنین و گرنگی بە تەندروستی خۆمان دەدەین. هەرچەندە ئەو هەوڵانە مەترسی و ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکانمان لەسەر کەم دەکەنەوە، بەڵام قەرەبووی ئەو زیانە داراییانە ناکەنەوە کە ڕەنگە تووشمان ببن. زۆرجار قەبارەکان ئەوەندە گەورە دەبن کە ناتوانین بە تەنها ڕووبەڕوویان ببینەوە و دەکەوینە ژێر فشارێکی زۆری دارایی و دۆخی ئابووری خێزانمان دژوار دەکات. هەر بۆیەشە  قەرەبووکردنەوەی زیانە دارایی یەکان پێویستیمان بە سیستەمی دڵنیایی هەیە.

مێژووی سیستەمی دڵنیایی (بیمە) خواستی پاراستنی کەلوپەلەکانمان لەمەترسی لەدەستدان و زیان پێکەوتن و نادڵنیایی بەقەد مێژووی مرۆڤایەتی کۆنە. لێکۆڵینەوەکان لە سەرچاوە مێژووییەکان دەریدەخەن کە بۆ یەکەمجار سیستەمی دڵنیایی لەلایەن بابلییەکان لە ساڵانی 4000 بەر لە زایین بەکارهێنراوە کاتێک لەو سەردەمە بابڵ ناوەندی بازرگانیی جیهانی بووە.

هەروەها مێژووی دڵنیایی بەشێوەی نووسراو دەگەڕێتەوە بۆ یاساکانی حامورابی، بەپێی یاسا نووسراوەکانی پاشا حاموڕابی، ئەگەر هاتبا هەر یەکێک لە کاروانە بازرگانییەکان تووشی ڕێگری و دزیی و ڕووداوێکی سروشتی هاتبان ئەوا پێویست بوو زیانەکانی ئەم ڕووداوانە لەنێوان گشت کاروانەکانی دیکە بەش بکرێت بۆ ئەوەی قەبارەی زیانەکان کەم بکرێنەوە. مێژووی نوێی دڵنیایی پەیوەست بە قیستەکان دەگەڕێتەوە بۆ دەوروبەری ساڵی 1250ی زایینی لە شارەکانی ڤێنیز و فلۆرانس و جێنەوای ئیتاڵیا. بە تایبەت لە سەدەی 14ی زایینیدا لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی ئابووری، بازرگانی پێشکەوتنی بەرچاوی نیشان داوە. لەو سەردەمە کە چاڵاکییە بازرگانییەکان بەشێوەیەکی بەرچاو فراوان و ئاڵۆزتر بوون بازرگانان و خاوەن کەلوپەلەکان زیاتر هەستییان بە پێویستی بوونی سیستەمی دڵنیایی کردووە. لەو سەردەمەدا ئیتاڵیا پێشکەوتووترین وڵات بووە لە ڕووی بازرگانی دەریاییدا و چەمکی دڵنیایی دەریایی بۆ یەکەمجار هەر لەوێ سەریهەڵداوە. یەکەمین گرێبەستی دڵنیایی لە ڕێکەوتی 23ی تشرینی یەکەمی 1347بۆ بیمەکردنی باری کەشتییەک بوو بە ناوی "سانتا کلارا" کە لە بەندەری جێنەوای ئیتاڵیاوە بەرەو مایۆرکا گەشتی کرد. یەکەم کۆمپانیای دڵنیاییش هەر لە ئیتاڵیا لە ساڵی 1424 لە شاری جەنەوا دامەزرێنراوە. یەکەم یاسایی تایبەت بە ڕێکخستنی کاری دڵنیاییش  بریتی بوو لە فەرمانی بەرشەلۆنە کە لە ساڵی 1435 بڵاوکرایەوە. دوای دەستپێکردنی لە ئیتاڵیا، دڵنیایی دەریایی لە ئینگلتەرا لە سەدەی 18دا بەشێوەیەکی بەرچاو پەرەی سەند.

دڵنیایی چییە؟

دڵنیایی; گرێبەستێکی یاسایی دوولایەنەیە کە لەگەڵ کۆمپانیایەکی دڵنیایی ئەنجام دەدرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی کە کەسێک یان کۆمپانیایەک کە دڵنیایییەکە دەیگرێتەوە لەوانەیە لە داهاتوودا تووشی ببێت، کە تێیدا زیانەکان گەرەنتی دەکرێن لە بەرامبەر ئەو پارەیەی (قیستەی) کە دەدرێت لە ئەگەری ڕوودانی مەترسییەکە.

ئاشکرایە کە "مەترسی" بەشێکی دانەبڕاوی ژیانمانە و لە هەموو کات و ساتێکدا ئەگەری تووش بوونمان بە مەترسییەکی گەورە یاخود بچوک لە ئارادایە. هەر لە تەندروستیمانەوە تا ئۆتۆمبێلەکەمان، لە شوێنی کارەکەمانەوە تا ماڵەوە بەردەوام لەژێر کاریگەری جۆرێک لە نادڵنیایی داین یان ترسی ئەگەری ڕوودانی ڕووداوێکی نەخوازراو هەڕەشەمان لێ دەکات و وامان لێ دەکات بەردەوام بەدوای ڕێکارەکانی خۆپارێزییەوەبین. نازانین لە داهاتوودا تووشی چ جۆرە نەخۆشییەک دەبینەوە؟ یان کاتێک بە ڕێگەدا دەڕۆین تووشی چ ڕووداوێک دەبین؟ ئایا زیانەکانی ئەو ڕووداوانە چەندە مەزن دەبن؟ ئایا دەتوانین بە تەنیا زیان و تێچووەکانی ئەو مەترسی و ڕووداوانە بگرینە ئەستۆ؟ ئەو نادڵنیایی و نادیارییە هەروەها نیگەرانیمان بۆ داهاتوو بەکورتی پێی دەوترێت "مەترسی". لە بەرامبەر مەترسییدا چەمکی دڵنیایی داهێنراوە کە وەکو ئامرازێکی بەڕێوەبردنی مەترسی کار دەکات و ڕێگەمان پێدەدات کەمترین زیانمان بەربکەوێت ئەگەر ڕووبەڕووی ئەم جۆرە مەترسیانە ببینەوە.

گرنگی و سوودەکانی هەبوونی دڵنیایی (بیمە) چین؟

دڵنیایی میکانیزمێکی گرنگی پشتیوانییە بۆ تاک و کۆمپانیا و کۆمەڵگا. دەتوانین گرنگی و سوودەکانی هەبوونی سیستەمی دڵنیایی بەم شێوەیە ڕوون بکەینەوە:

· یەکێک لە سەرەکیترین و باشترین سوودەکانی بوونی سیستەمی دڵنیای بریتی یە لە قەرەبووکردنەوەی زیانەکان کە تووشمان دەبن. لەکاتی کڕینی گرێبەستی دڵنیایی لە یەکێک لە کۆمپانیاکان، لەبەرامبەر پێدانی بڕە پارەیەکی کەم و دیاریکراو، کۆمپانیاکە دڵنیاییت پێ دەدات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە داراییانەی کە لە داهاتوودا ڕووبەڕووت دەبنەوە.

· دڵنیایی دەمانپارێزێت لە خەرجکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بە یەکجار. قەرەبووکردنەوەی زیانی دروست بوو لەلایەن کۆمپانیای دڵنیاییەوە وامان لێ دەکات کە دڵنیا بین لەوەی کە لە کاتی ڕوودانی ڕووداوێکی نەخوازراو بڕێکی زۆر پارەمان لێ ناڕوات و ناچار بە قەرزکردن و فرۆشتنی زەوی و زار و خانوو و ئۆتۆمۆبیل و هەبووەکانی ترمان نابین. بەبوونی سیستەمی دڵنیایی چیتر پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات پاشکەوتکردنی بڕە پارەیەکی زۆر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڕووداوەنەخوازراوەکان لە داهاتوودا. واتە چیتر هەست بە تەنیای و بێچارەیی ناکەین لە کاتی ڕوودانی ڕووداوێکی وەکو: نەخۆشکەوتن،لافاو، بوومەلەرزە، ئاگر، ڕووداوی هاتووچۆ..هتد.

· بوونی سیستەمی دڵنیایی خۆی لە خۆیدا دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەگەری ڕوودانی ڕووداوە نەخوازراوەکان و سەرهەڵدانی زیانەکان و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری زیاتر لە ناو کۆمەڵگادا. مەرجەکانی ناو گرێبەستی دڵنیایی هانی تاک و کۆمپانیاکان دەدات کە بەپێی یاسا و ڕێنمایی و بە شێوەیەکی کۆنترۆڵکراو کار بکەن و بەشێوەیەکی هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ ئەو چاڵاکییانەدا بکەن کە هەڵگری مەترسی گەورەن.

· سیستەمی دڵنیایی کارئاسانی دەکات بۆ دەستکەوتنی قەرزی جۆراوجۆر لە بانک یاخود کۆمپانیاکانی قەرز و قیست. بە بوونی دڵنیایی لەوەی کە پارەی بە قەرزدراو نافەوتێت، سەرمایەداران، بانکەکان و کۆمپانیاکانی قەرز و قیستەکان بەشێوەیەکی خێراتر و ئاسانتر قەرز و پشتگیری دارایی دەدەن بەو کەسانەی پێویستیان بە قەرزە بۆ بەڕێوەبردنی ژیان و پڕۆژەکانیان. سیستەمی دڵنیایی، نادڵنیایی و نەبوونی متمانە لە نێوان قەرزدەر و قەرز وەرگر کەم دەکاتەوە.

· دڵنیایی بارگرانی کۆمەڵایەتی کەم دەکاتەوە. یارمەتی کەمکردنەوەی نادڵنیایی کۆمەڵگا دەدات لە ڕێگەی گەرەنتی کردنی سەروەت و سامان و سەرمایە و کار.

· دامەزراندنی کۆمپانیای دڵنیایی و پێشکەوتنی کەرتی دڵنیایی، دەبێتە هۆی سەرهەڵدان و ڕەخساندنی هەلیکار بۆ ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری و دواجار ڕێژەی هەژاری.

· دەبێتە هۆی ڕەخساندنی دەرفەتێکی باش بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان بۆ ئەو کەسانەی پارەی خەوتوویان هەیە و دەیانەوێت پارەکانیان وەگەڕبخەن و قازانجی زیاتر بەدەست بهێنن.

دڵنیایی بۆچی بەکاردێت؟ بۆچی پێویستە بەشداربین لە سیستەمی دڵنیاییدا؟

وەکو ئاماژەم پێکرد مەترسی بەشێکی دانەبڕاوی ژیانی ڕۆژانەی هەموو کەسێکە و هەرگیز ناتوانین مەترسییەکان بە تەواوەتی بنبڕ بکەین بەڵام دەکرێت بەهۆی بیمەکردنەوە مەترسییەکان بۆ ئاستێکی کەم دابەزێنین و کاریگەرییەکانیان کەم بکەینەوە و ماڵ و سامانمان بپارێزین. لەوانەیە لە هەموو کات وساتێکدا سەروەت و سامانە بەنرخەکانمان وەک تەندروستی، ژیان، ماڵ، ئۆتۆمبێل، شوێنی کار و ئامێرەکانمان لە ئەنجامی مەترسییە ئەگەرییەکان زیانیان پێ بگات. بە بەشداریکردن لە سیستەمی دڵنیایی، دەتوانیت گەرەنتی ئەو زیانانە بکەین کە بەهۆی مەترسییە ئەگەرییەکانەوە تووشی دەبین. لەکاتی بەشداریکردن لە دڵنیایی و کڕینی گرێبەستێکی دڵنیاییدا لەبەرامبەر پێدانی قیست بەشێوەی بەش بەش و کەم، ئەوا کۆمپانیای بیمە پابەند دەبێت بە قەرەبووکردنەوەی زەرەر و زیانی ئەو شتەی کە بیمەمان کردووە جا قەبارەی زەرەر و زیانەکە هەرچەندێک بێت. چیتر بەهۆی نەخۆشییەکی کتوپڕ، سووتانی دووکان و شوێنی کارەکەت، ڕووداوی هاتووچۆ..هتد ناچار نیت پارە کۆبکەیتەوە، قەرز بکەیت، یان سەروەت و سامانت بفرۆشیت، زیانەکە هەرچەندێک بێت کۆمپانیای دڵنیایی قەرەبووت دەکاتەوە و زیانەکان لە ئەستۆ دەگرێت. واتە بەبوونی سیستەمی دڵنیایی چیتر دووچاری قەیرای دارایی و دۆخی سەختی ئابووری نابیتەوە. چونکە لەبەرمابە ئەو قیستانەی کە داوتن بە کۆمپانیای دڵنیایی، مەترسییەکان و زیانەکانت گواستۆتەوە بۆ ئەو کۆمپانیایە. ئەمەش متمانەیەکی زۆرت لە کاروباری ڕۆژانە و چاڵاکییە بازرگانییەکانت بۆ دروست دەکات.

گرنگ نیە چەند قیستت داوە بە کۆماپانیای دڵنیایی و ئەو زەرەری کە تووشت بوونە چەندە گەورەن، دوای لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی سەرهەڵدانی زیانەکە و سەلماندنی راستی و دروستی ئەوا کۆمپانیای دڵنیایی تەواوی زیانە داسراییەکانت بۆ قەرەبوو دەکاتەوە. بۆ نمونە لە کاتی کڕینی گرێبەستێکی دڵنیایی بە بڕی 500 هەزار دینار، ئەگەر تووشی ڕووداوێکی نەخوازراو بوویت و بەهۆیەوە پێویستت بە نەشتەرگەری و چارەسەری و مانەوە بوو لە نەخۆشخانە و تێچووی ئەو نەشتەرگەریی ە چارەسەرییە 3 ملیۆن دینار بێت، پێویست ناکات تۆ 3 ملیۆن دینار بدەیت بەڵکو لەبەرامبەر ئەو 500 هەزار دینارەی کە کاتی خۆی داوتە بە کۆمپانیای دڵنیایی، ئەوا کۆمپانیاکە تەواوی ٣ ملیۆن خەرجییەکە دەگرێتە ئەستۆ.

جۆرەکانی دڵنیایی:

بە پێشکەوتنی ژیان و هۆکارەکانی ژیان و ئاڵۆزتربوونی بازاڕی کار و بازرگانی و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیا، جۆری مەترسییە ئەگەرییەکانیش گۆڕانکارییان بەسەردادێت و کۆمپانیاکانی دڵنیایی بەردەوام توێژینەوەی بازاڕ ئەنجامدەدەن تاکو بتوانن مەترسییە ئەگەرییەکان دەستنیشان بکەن و بەگوێرەی ئەو مەترسییانە خزمەتگوزاری دڵنیایی پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەن.

جۆرەکانی دڵنیایی و مەودای گشتگیرییەکەی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت بەڵام بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین دڵنیایی بۆ دوو جۆر پۆڵین بکەین ئەوانیش؛ دڵنیایی سەر ژیان و دڵنیایی سەر هەبووەکان.

أ. دڵنیایی سەر ژیان

بەربڵاوترین جۆری دڵنیایی یە، کەسێک خۆی یان ئەندامانی خێزانی، بەپێی گرێبەستێک لەگەڵ یەکێک لە کۆمپانیاکانی دڵنیاییدا بە پێدانی بڕەپارەیەکی دیاریکراو وەکو قیست، بیمە دەکات بۆ ئەوەی لە کاتی نەخۆشکەوتن یان تووش بوون بە ڕووداوێک کە زیانی جەستەیی و گیانی تێدا دروست بێت بپارێزێت لە زیانە داراییە قورسەکان و کۆمپانیای دڵنیایی خەرجیی و تێچووەکانی وەکو چارەسەری و دەرمان، نەشتەرگەری، مانەوە لە نەخۆشخانە بگرێتە ئەستۆ. ئەم جۆرە بەربڵاوە لە سیستەمی دڵنیاییە کار بۆ بەرزکردنەوەی ڕادەی خۆشگوزەرانی تەندروستی و کوالێتی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگا دەکات.

دڵنیای سەر ژیان ئەم مەترسیی و زیانانەی خوارەوە دەگرێتەخۆی و قەرەبوو دەکاتەوە؛

· پارەدانی یەکجارەکی لە ئەگەری ڕووداو، نەخۆشی یان مردن بەهۆی هۆکاری سروشتی،

· ڕووداو، نەخۆشی، کەمئەندامی و هتد. قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە داراییانەی کە لەوانەیە بەهۆی لەدەستدانی کار لەم جۆرە حاڵەتانەدا ڕوو بدەن،

· داپۆشینی بەشێک لە خەرجییە پزیشکییەکان لە کاتی ڕووداو و نەخۆشییەکاندا،

· لە حاڵەتی بێکاری نائیرادی، قەرز، کارتی بانکیی و هتد. دانی قەرزەکان،

· دڵنیایی دارایی و چارەسەری نەخۆشییە مەترسیدارەکان،

· خەرجکردنی قەرەبووی ڕۆژانە لە حاڵەتەکانی وەک ڕووداو و نەخۆشی و بێکاری بێ ئیرادە

· بریتییە لە دانی یەکجارەکی پاشەکەوتەکان دوای ئەوەی مەترسییە ئەگەرییەکان لە کۆتایی ئەو ماوەیەی کە لە سیاسەتەکەدا دیاری کراوە ڕوونادەن.

دڵنیایی دوای مردن: تاکەکان لە پێناو پاراستنی ژیانی خێزان و منداڵەکانی لە دوای مردنیاندا بەشداری ئەم جۆرە دڵنیایی یە دەکەن. کۆمپانیای دڵنیایی هەڵدەستێت قەرەبووکردنەوەی میراتگرەکانی یان ئەو کەسانەی کە لە گرێبەستی دڵنیایی دا ناویان هاتووە.

دڵنیایی بەکۆمەڵی سەر ژیان: لەم جۆرە دڵنیاییەی سەر ژیاندا کە بەلایەنی کەمەوە بۆ ١٠ کەس دابین دەکرێت کە لە ژێر یەک دامەزراوەی یاساییدا کاردەکەن. لە حاڵەتەکانی وەک مردنی لەناکاو، مردن بەهۆی ڕووداوێک، کەمئەندامبوونی هەمیشەیی، قەرەبوو دەکرێنەوە بە پشتبەستن بە بڕی قیستی دراو و دیاریکراو لە گرێبەستەکەدا.

دڵنیایی کەم ئەندامبوون: ئەگەر کەسەکێک بەهۆی ڕووداوێکی دیاریکراوەوە تووشی کەمئەندامبوونی هەمیشەیی بێت ئەوا دەتوانێت بڕەپارەیەکی زۆر لە کۆمپانیای دڵنیایی وەربگرێت وەکو قەرەبوو.

دڵنیایی ڕووداوی کەسی: دڵنیایی دەدات لە ڕووداوی لەناکاو و چاوەڕواننەکراو. لە حاڵەتەکانی مردن و ڕووداو و حاڵەتەکانی تری پەیوەست بە تەندروستی، قەرەبوو بەو ڕێژەیە دەدرێت کە لە گرێبەستەکە دیاری کراوە.

دڵنیایی تەندروستی: جۆرێکی زۆر بەربڵاوی دڵنیایی یە کە مەترسی نەخۆشیەکانی مرۆڤەکان دەگرێتەوە. لەو نەخۆشخانە و دەرمانخانە و تاقیگە پزیشکی یە حکومی و تایبەتییانەدا کاری پێدەکرێت کە کۆمپانیای دڵنیایی گرێبەستی لەگەڵدا هەیە. ئەم جۆرە دڵنیایی یە چارەسەری نەخۆشخانەی نەخۆشخانە و دەرەوەی نەخۆشخانە لەخۆدەگرێت. مەبەست لێی دابینکردنی خەرجییەکانی چارەسەرکردنە. بەمەش لە ڕووی ئابوورییەوە نەخۆشەکە ناکەوێتە ژێر فشار.

دڵنیایی بارودۆخی تایبەت: ئەمانە ئەو بیمەیانەن کە لەسەر خواستی تاکەکان بۆ دۆخە تایبەتەکان ئەنجام دەدرێن کە بیمەی تر نایانگرێتەوە. لە دژی ئەو جۆرە نەخۆشی و مەترسی و ڕووداوانە ئەنجام دەدرێت کە لە گرێبەستەکە ئاماژەیان پێ نەکراوە، و ڕەنگە قیست و تێچووی بەشداریکردن لەم جۆرە بیمەیە لە جۆرەکانی تر زیاتر بێت ئەمەش بەهۆی گەورەیی زیان و مەترسییە چاوەڕوانکراوەکان. بۆ نمونە بیمەی بێکاری؛ لە حاڵەتی بێکاری ( بەمەرجێک کە بە ئەنقەست نەبێت) ئەوا کۆمپانیای بیمەکە پابەند دەبێت بە دانەوەی قیست و قەرزەکانت، قەرزی کارتی بانکیی و ...هتد.

ب. دڵنیایی سەر هەبووەکان:

مەبەست لەم جۆرە دڵنیایی یە بریتی یە لە قەرەبووکردنەوەی زەرەر و زیانە ماددییەکان. ئەو مەترسیانە دەگرێتەوە کە لە ڕووی ماددییەوە دەتوانرێن بپێورێن کە لەوانەیە لە ماڵ و ئۆتۆمبێل و شوێنی کاردا ڕوو بدەن. گرنگترین نمونەکانی ئەم جۆرە بیمەیە وەک دڵنیایی زۆرەملێ و ناچاری بۆ ڕووداوەکانی بوومەلەرزە، دڵنیایی ماڵ، دڵنیایی هاتوچۆ، دڵنیایی ئۆتۆمبێل، دڵنیایی تەندروستی تایبەت (تێچووەکانی جوانکاری)، دڵنیایی موڵک، دڵنیایی بەرپرسیارێتی، دڵنیایی تەندروستی گەشتکردن و دڵنیایی کشتوکاڵی...هتد.

دۆخی کۆمپانیاکانی دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان و بۆشاییەکان:

بەشداریکردن یان نەکردنی هاوڵاتییان لە خزمەتگوزارییەک بە رادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە سەر نەبوونی زانیاری دروست لەلایەن هاوڵاتییانەوە بۆ لایەنە باش و سوودەکانی ئەو خزمەتگوزارییانە. خۆی لە خۆیدا نەبوونی زانیاری دروست و پێویست دەبێتە هۆی دروستکردنی کەشێکی نا دڵنیا و پڕ لە نامتمانەیی. لە هەموو کۆمەڵگاکانی جیهاندا درک بە باشی و پێویستی سیستەی دڵنیایی کراوە و تا ڕادەیەکی زۆر باش ئەم بابەتە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیان پێشخراوە. بەڵام لای خۆمان ئەم بابەتە وەکو پێویست پێشنەخراوە. بوونی سیستەمی دڵنیایی نەک هەر بۆ پاراستنی هاوڵاتیان و کۆمپانیاکانە لە مەترسییە جۆراوجۆرەکان بەڵکو بەشداری کۆمپانیاکانی دڵنیایی لە ڕەوانکردن و ئاسانکردنی کرداری هاتووچۆی پارە لە بازاڕدا و ڕەخساندنی هەلیکار بۆ تاکەکان دەبێتە پاڵنەرێک بۆ بەرزکردنەوەی ڕادەی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا و گەشەی ئابووری. نەبوونی ڕێکڵام و ناساندنێکی گشتگیر و زانستییانە، نەبوونی یاسایەکی تایبەت لە پێناو باشتر کردنی ئاستی کۆمپانیاکانی دڵنیایی و هاندانی خەڵکی بۆ بەشداریکردن لە سیستەمی دڵنیایی و کەمی و ناچاڵاکی ژمارەی کۆماپانیاکانی دڵنیایی و گرانی نرخی گرێبەستەکانیان وای کردووە کە هەرێمی کوردستان بە ئەندازەی وڵاتانی تر گرنگی بەم کەرتە نەدرێت. شایەنی باسە لە هەرێمی کوردستان 17 کۆمپانیای دڵنیایی هەیە لەو ژمارەیەش 8 کۆمپانیای ناوخۆیین، بەڵام کۆمپانیاکان گرێبەستیان لەگەڵ ژمارەیەکی کەم و سنوردار لە نەخۆشخانە، دەرمانخانە، تاقیگەی پزیشکی، کۆمپانیای بیناسازی، کۆمپانیاکانی ئۆتۆمۆبیل...هتد دا هەیە واتە مەودای گشتگیری خزمەتگوزارییەکانیان سنوردار و تەسکە هەروەها خۆشیان کەمتەرخەمبوونە لە ناساندنی خزمەتگوزارییەکانیان بە هاوڵاتیان.

سەرەڕای بوونی ئەو بۆشایی و دواکەوتنە زۆرەی لە بواری دڵنیایی لە هەرێمی کوردستان دا بەدی دەکرێت بەڵام بەڕێوەچوونی یەکەمین کۆنفرانسی دڵنیایی لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەت بۆ پشتگیریی و پەرەپێدانی کەرتی دڵنیایی دەکرێت ببێتە دەروازەیەک بۆ برەودان بە کەرتی دڵنیایی و پێشخستنی. دروستکردنی کەشێکی ڕکابەری و هاندانی وەبەرهێنەران بۆ کردنەوەی کۆمپانیای نوێ و زیادکردنی لقی کۆپانیاکان لە شارەکانی تر و گرێبەستکردنیان لەگەڵ زۆرترین نەخۆشخانە حکومی و تایبەتی یەکان و کۆماپنیاکانی جێ بە جێکار و بازرگانانی ئۆتۆمۆبیڵ وا دەکات هۆشیاری دڵنیایی زیاتر پەرەبسەنێت و پێش بکەوێت. لەگەڵ ئەمەش کەمپینێکی ڕێک و پێک و گشتگیری میدیایی دەست پێ بکرێت بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بە دروستی زانیاریی و هۆشیارییان لەلا گەڵاڵە بێت لەبارەی گرنگی و سوودی کەرتی دڵنیایی.