کێ بوو هەڵەکانی ڕاست کردەوە؟

Kurd24

زۆر سەیرە ، هەندێ لایەنی سیاسی عێراقی و کوردی هەن  سەرباری ئەزموونێکی درێژخایەن لە خەبات و تێکۆشان، کەچی ئەمڕۆ، جا بە ئەنقەست بێ یان لە کاڵفامی و کورت بینی سیاسی بێت، سەبارەت بە ئایندە و پاشەڕۆژی قەوارەی هەرێمی کوردستان وا بیردەکەنەوە، بەڵکو واش ڕەفتار دەکەن گوایە نزیکە لە نەمان و هەڵوەشانەوە. پێیان وایە رابەر و سەرکردایەتی و بەڕێوەبەران ،  هەرێمیان پڕکردووە لە ئەنگڵی مەترسیدار و زەمینە خۆشکەرن بۆ هەڵوەشانەوە.

دەمەوێ باس لەو تێڕوانیە هەڵە و دەستکردە بکەم کە لە چێشتخانەکانی ناحەزانی پارتی و بارزانی یەوە ئامادەکراوە، بەڵام با دوو هەنگاو بگەڕێمەوە دواوە بۆ ئەوەی بتوانم بەهەنگاوێکی بەرچاو ڕوونترەوە دەست پێ بکەم.

بڕیاربوو یەکی تشرینی دووەمی 2017 هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. تەواوی جەمسەرەکانی دەستەڵات لە عێراق بە حکوومەتی ئەوساشەوە گوشاریان لە سەرۆکایەتی هەرێم و پارتی و بارزانی دەکرد کە پەلە لەو هەڵبژاردنە بکەن.  بەڵام پارتی و بارزانی لەپێناو پاراستنی ئەو یەکڕیزی و تەبایی و یەک دەنگییەی ئەو کاتی هێزە سیاسییەکان لە هەرێم وادەی هەڵبژاردنیان دواخست. لە ئاکامی ئەم دواخستنە وادەی سەرۆکایەتی هەرێم بەسەرچوو.

بە پێی یاسا، دەستەڵاتەکانی بەسەر دامەزراوە دەستوورییەکانی هەرێم دابەشکران. بەمەش سەرۆکوەزیران بە مەرسومی ژمارە یەک ساڵی 2018 رۆژی 30ی ئەیلوولی 2018 ـی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیارکرد.

سەرەنجام پارتی 38 کورسی و گۆڕان 24 کۆرسی و یەکێتی 18 کورسی.

لە 10ی تەمموزی 2019 کابینەی نۆیەمی حکوومەت بە سەرۆکایەتی ڕێزدار مەسرور بارزانی متمانەی پەرلەمانی کوردستانی وەرگرت. شکست و کەمبوونەوەی کورسی هەندێک لایەن وای کرد زیاتر لە نۆ مانگ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت دوا بکەوێت، ئەمەش جۆرێک بوو لە ئاستەنگ و بەربەست دروستکردن لەبەردەم هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەکە.

جارێ با بزانین زەروورەتی دەستنیشان کردنی بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ سەرۆکایەتی ئەم کابینەیە چی بوون؟

پرەنسیپی دەستاو دەستکردنی دەستەڵات و گواستنەوەی قۆناغەکانی کارگێڕی لەنێوان کەسایەتییە سیاسییەکان کار و ئەرکێکی گرنگ و پێویستە، بە تایبەت لە هەرێمێکی تازە گەشەسەندووی وەک هەرێمی کوردستان، بۆیە قۆناغی ئێستای هەرێم و داهاتووەکەشی پێویستی بە رادیکالیزمێک هەبوو و هەیە.

جگە لەوەش ئەو بەڕێزە داڕێژەر و خاوەنی مەزنترین نەخشەڕێگای چاکسازی و دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانەکانە. هێڵە گشتییەکانی بەرنامەی کاری کابینەکەی باشترین بەڵگەنەویستن لەسەر ئەم بۆچوونەم.

راستکردنەوەی هەڵەکان و گێڕانەوەی لاری و سستی و رۆتین لە کارگێڕیدا ئەرکێکی سەخت و دژوارە و کات و زەمەنێکی پڕ لە نەفەس درێژی دەوێت.

سرینەوە و بنەبڕکردنی دیاردەکانی مەرایی و مجامەلە و خزم خزمێنە کارێکی ئاسان و دەمودەست نییە، بەڵکو کەش و هەوا و زەمینەسازی دەوێ.

ئەم رادیکالیزمیەی کە ئاماژەی پێدەکەم ، بێگومان دژایەتیکردن و پیلان داڕشتن و بەردەوام ئاستەنگ دروست دەکرێت، بەڵام پشت بەستن بە خوای گەورە و هێزی مللەت و ئیرادەی پیرۆز و خۆڕاگری . ئەمانە بوونە فاکتەری سەرەکی هەرەس پێهێنانی تەواوی پیلان و دژایەتییەکان.

دەکرێ بڵێم، شەڕ و داستانەکانی بودجە، مووچە و سڕکردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەنجوومەنی پارێزگاکان، کودەتای بەدیزانکردنی هەڵبژاردن و داستانی خۆڕاگری بەرامبەر جەنگی دادگای فیدراڵی، گەورەترین لاپەڕەی مێژوویی سەرکەوتنە تۆمارکراوەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانن. رەشترین پیلانی ناحەزانی هەرێم و حکوومەتەکەی ، کارکردن بۆ بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندەی هەڵوەشانەوە و نەمانی قەوارەی هەرێمی کوردستان بوو، کەچی لە یادیان نەبوو کە ئەم هەرێمە قەوارەیەکی سیاسی و ئابووری و کارگێری ستراتیژییە لە جوگرافیای ناوچەکەدا.. پارسەنگێکە بۆ راگرتنی هاوسەنگی تەواوی ململانێکانی ناوچە و جیهان،  هەرێمی کوردستان هاوکێشەیەکی جیۆپۆلەتیکی بەرچاوە لەسەر ئاستە جیاجیاکان و کۆریدۆری بە یەک گەیاندنی جەمسەرە دژەکانە و ئێستا بە سەرزەمینی ئاشتی، ئارامی، سەقامگیری و پێکەوەژیان دەناسرێت. ئەمانە هەر هەمووی دەرەنجامی ئەو نەخشە رێگایە درێژمەودایەن کە بارزانی و پارتی و رادیکالیزمیەتی سەرۆکی حکوومەت دایان رشتووە و بەردەوامیش دەبێت. ئەمەیە ڕاستە رێی راست کردنەوەی هەڵەکان.

دەمەوێ لە کۆتا بەو لایەنان بلێم  :-  لە بێ خەبەران کەشکەک  سەڵەوات.