حکوومەتی هاووڵاتی و سەرکردەی نموونەیی
لە کایەی سیاسەت و حوکمڕانیدا، توانای پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتییان و گوێگرتن لە پێداویستی و ئارەزووەکانیان تایبەتمەندییەکی دەگمەن و گرنگی سەرکردەی نموونەیی و سەرکەوتووە، کە کەم سەرکردە ئەو تایبەتمەندییەی تێدایە. لەم سۆنگەیەشەوە (مەسرور بارزانی) سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مۆدێلێکی بێهاوتای پێشکەش کردووە لە ڕێگەی گوێگرتن لە هاووڵاتییان لە بوارە جیاوازەکانی ژیان و کارلێککردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵیان.
ئەم هەنگاوە بوێر و بێ وێنەیە ڕەنگدانەوە و تێڕوانینێکی ژیری سەرکردایەتییە کە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش خزمەتکردنی هاووڵاتییان دامەزراوە، کە بنەمای فەلسەفە و ئەخلاقی سیاسی مەسرور بارزانییە.
مەسرور بارزانی دەکرێت بە نموونەیەکی ئەو سەرکردە ڕاست و دروستە بشوبهێنن کە (فارابی) باسی دەکات. ئەو لە ڕێگەی کۆبوونەوە ڕووبەڕووەکان و کارلێکی ڕاستەوخۆی لەگەڵ هاوڵاتیان و گوێگرتن لە لێدوان و ڕەخنە و داواکارییەکانیان، پابەندبوونێکی بەهێز نیشان دەدات بۆ بەدیهێنانی بەرژەوەندی هاوبەش لە نێوان حکوومەت و هاوڵاتیاندا.
ئەم هەنگاوەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنێکی قووڵە لە گرنگی سەرکردەیەک کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی خۆیدا بکات و لەگەڵ خەم و میحنەت و پێداویستییەکانیان بژێت. مەسرور بارزانی لە رێگەی ئەم مۆدێلە سیاسییەوە هەوڵدەدات دادپەروەری و خۆشگوزەرانی بۆ هاوڵاتیان بەدی بهێنێت و ئەمەش لە ڕێگەی بڕیارەکانی حکوومەت لەسەر بنەمای تێگەیشتنی ڕاستەوخۆ لە کێشە و ئاڵنگارییەکانیان و حەز و ویست و ئارەزووەکانی هاوڵاتیان.
فارابی بە یەکێک لە دیارترین فەیلەسووفە موسوڵمانەکانی سەدەکانی ناوەڕاست دادەنرێت، کە تێڕوانینێکی جیاوازی سەبارەت بە سەرکردەی نموونەی لە کتێبە بەناوبانگەکەی( ئەلمەدینەت و ئەلفازیلە) خستووەتەڕوو. بەگوێرەی فارابی، سەرکردەی نموونەیی ئەو کەسەیە کە خاوەنی ئەو تایبەتمەندییە ئەخلاقی و ڕۆشنبیرییە کە پێویستە بۆ بەدیهێنانی بەختەوەری و خۆشگوزەرانی بۆ کۆمەڵگا. فارابی پێی وابوو کە سەرکردە دەبێت بتوانێت ڕێنوێنی حکوومەت و کۆمەڵگا بکات بەرەو بەرژەوەندی هاوبەش. کۆمەڵگا پێویستی بە سەرکردەیەک هەیە کە بەرژەوەندی هاوڵاتیان لە سەرووی بەرژەوەندی خۆیەوە دابنێت. (ئەمەش یەکێکە لە سیاسەتەکانی مەسرور بارزانی کە هەمیشە دەڵێت: ئێمە خۆمان بە خزمەت کاری خەڵکی خۆمان دەزانین) بەدیدی فارابی سەرکردە دەبێت وەک مۆدێلی ئەخلاقی کۆمەڵگا خزمەت بکات، کە تێیدا پابەند دەبێت بە بەها و پرەنسیپەکان و هەمیشە خەبات بۆ دادپەروەری دەکات. ئەمەش یەکێکە لە بنەماکانی سیاسەتی مەسرور بارزانی کە لە دەستپێکی کابینەکەیەوە بەهەوڵدان بۆ ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی و
بەدیهێنانی دادپەروەری تێدەکۆشێت.
هەنگاوەکانی مەسرور بارزانی بۆ دایەلۆگ و گفتووگۆکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاووڵاتییان، مۆدێلێکی سیاسی نوێی سەرکردەیەکی سەرکەوتووە، کە پابەندبوونێکی ڕاستەقینەی حکوومەت نیشان دەدات بۆ خزمەتکردنی خەڵک و بەدیهێنانی دادپەروەری و خۆشگوزەرانی. ئەم دەستپێشخەرییە بوێرانە لە پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ هاوڵاتیاندا شەفافییەتی حکوومەت بەهێزتر دەکات و بەشداری دەکات لە بنیاتنانی متمانەیەکی بەهێز لە نێوان حکوومەت و خەڵکدا کە هەوڵێکە بۆ سەقامگیری کۆمەڵگا و ئاشتکردنەوەی خەڵکی لەگەڵ حکوومەت و پەرەپێدانی بەردەوام دەستەبەر دەکات.
ئەم مۆدێلە سیاسییەی مەسرور بارزانی، وانەیەکی بەنرخیشە بۆ سەرکردەکانی دیکە، لەسەر گرنگی گوێگرتنی ڕاستەوخۆ لە هاوڵاتیان و کارلێککردن لەگەڵیان بە شێوەیەکی کاریگەر. بە لەخۆگرتنی ئەم فەلسەفەیە، سەرکردەکان دەتوانن شەرعییەتی خۆیان بەهێز بکەن و دادپەروەری و گەشەکردن لە کۆمەڵگاکانیاندا بەدیبهێنن.
بە گوێگرتنی ڕاستەوخۆ لە هاوڵاتیان، مەسرور بارزانی هەوڵدەدات لە واقیعە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی کۆمەڵگاکەی و توانای خۆی بۆ بڕیاردانی ژیرانە و دادپەروەرانە بەرەو پێش ببات. ئەم توانایە بۆ گوێگرتن و کارلێککردن لەگەڵ هاوڵاتیاندا ڕەنگدانەوەی دانایی کردارییە و زانیاری قووڵە لە گرنگی پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ لە بەدیهێنانی دادپەروەری و بەرژەوەندی گشتیدا.
مەسرور بارزانی لە هەوڵەکانیدا بۆ بەدیهێانی دادپەروەری، لە نموونەی ئەو سەرکردەیە دەچێت کە ئەفلاتوون باسی دەکات، بەدیدی ئەفلاتوون، سەرکردە بە جەختکردنەوە لەسەر هاوسەنگیکردنی بەشە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا و دڵنیابوون لەوەی کە بڕیارەکانی بەرەو بەدیهێنانی بەرژەوەندی هاوبەش ئاڕاستە دەکرێن، ڕێگایەک پەیرەڕو دەکات کە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی بۆ دادپەروەری وەکوو توخمێکی بنچینەییە بۆ حوکمڕانی باش، کە تێیدا هەموو بڕیارەکان بەرەو بەدەستهێنانی هاوسەنگی و بەرژەوەندی هاوبەش دەدرێن لە کۆمەڵگادا.
مۆدێلە نوێیەکەی مەسرور بارزانی بۆ کۆبوونەوە و گوێگرتن له هاوڵاتیان کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر ئاستی متمانەی نێوان حکوومەت و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان. ئەم دەستپێشخەرییە شەفافییەتی حکوومەت بەهێزتر دەکات و پابەندبوونی خۆی نیشان دەدات بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و بەدیهێنانی دادپەروەری. چاوەڕوان دەکرێت ئەم هەنگاوە بەشداریکردنی کۆمەڵگا باشتر بکات و پشتیوانی لە چاکسازییەکانی حکوومەت بکات و هاوڵاتیان حکوومەت بە حکوومەتی خۆیان دەزانن. هەروەها ئەم دەستپێشخەرییە هەنگاوێکە بەرەو بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراتی ڕاستەقینە، کە تێیدا هاوڵاتیان ڕۆڵێکی چالاکیان هەیە لە بڕیاردان و ئاڕاستەکردنی سیاسەتەکانی حکوومەتدا. ئەم ڕێگایە ڕۆڵی کۆمەڵگەی مەدەنی بەهێزتر دەکات و بەشداری دەکات لە پەرەپێدانی کلتووری بەشداریکردن و بەرپرسیارێتی هاوڵاتیان لە سیستەمی سیاسیدا.