کەرکووک مەکەنە قوربانی

Kurd24

دۆخێکی زۆر مەترسیدار لە کەرکووکدا هەیە، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگادا، کورد یەکگرتوو نەبوون و بەو هۆیەوە، بە پێی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، پێگەی کورد زۆر لاواز بوو، ئێستاش بەهۆی ململانێکانەوە، کورد کەسێکی شیاوی وەک پارێزگاری کەرکووک دانەناوە.

لە لایەکی دیکەشەوە خەڵکی کەرکووک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر زۆلمیان لێ دەکرێ و بە زۆر زەوییە کشتوکاڵییەکان لە جووتیارانی کورد دەسەنرێتەوە.

ئەگەر ئێستا سەیرێکی دۆخی هەنووکەیی کەرکووک بکەین، بەهۆی ململانێ ناوخۆیی هێزە کوردییەکان، کورد لە کەرکووک زۆر لاواز بووە و ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، زۆر مەترسیدارتر دەبێت.

کەی کورد ئاگادار دەبێتەوە کە ئەم کەرکووکە لەدەستچووە، ئەو کەرکووکەی بارزانی نەمر لەپێناویدا زۆر قوربانی دا و دەستبەرداری کەرکووک نەبوو، بەڵام بەشێوەیەکی جیاواز خەریکە لە دەستی کورد دەردەچێت، هەربۆیە پێویستە هەرچی زووە هێزە سەرکەوتووەکان هەڵبژاردن کۆبوونەوە و فراکسیۆنی کوردستانی بە زووترین کات پێکبهێنرێت. هەروەها هاوپەیمانی و هێزەکانی دیکەی سەر بە ئێرانیش هەڵوێستی خۆیان بۆ لاوازکردنی پارتی ڕابگرن، پێویستە باش بزانن لاوازبوونی پارتی واتە لاوازبوونی کوردستان، ئەگەر سەرکردەکانی یەکێتی و لایەنەکانی دیکە لە خەمی کوردستاندا بن، ئەوا دەزانن لاوازکردنی پارتی لە بەرژەوەندی ئەوان نییە، چونکە تاکە دەسەڵاتی سیاسی کە لە ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهان حسابی بۆ بکرێت پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە دژایەتی پارتی بکەن لە بەرژەوەندی هیچ حزبێک نییە ، چونکە وەک لە مێژوودا سەلمێندراوە دیسانەوە زیانی بۆ ئەو هێزانە دەبێت.

بنیاتنانی فراکسیۆنی کوردستان لە پێکهاتەی کوردستاندا و بە لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستان کلیلی تەواوی ئاریشەکان دەکاتەوە، مەگەر ئەو هێزانە ڕۆژانە ناڵێن کار بۆ پاراستنی گەلەکەمان دەکەن، فەرموون لەگەڵ پارتی هەموو کێشەکان چارەسەر بکەن و کەسێکی تێگەیشتوو و کوردپەروەر بیکەنە پارێزگاری کەرکووک.

هەموو ڕۆژێک کورد لە کەرکووک گلەیی ئەوە دەکات کە تەنانەت بەبێ هێزی کوردیش کەرکووک دەبێتە قوربانی لەو ڕۆژەدا بەرپرسێکی یەکێتی کە هاوکات وەزیرە لە کابینەی سوودانی، ڕایگەیاندووە کە لە دوای 2003ـەوە کورد نیوەی پێگەی خۆی لە کەرکووک لە دەستداوە، ئەگەر ڕاستیەکان دەزانن بۆ دەستبەرداری سیاسەتەکەتان نابن؟، سیاسەتی ئەوان لە دژی پارتی هەمیشە زیانی بە مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان گەیاندووە، هێشتا ناتوانن ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەن کە دژایەتی پارتی واتە دژایەتیی مافە ڕەواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان، بەڵێ ، کەی هەست بەو بەرپرسیارێتییە دەکەن بەهۆی دژایەتی ئەوان و هاوکاریان لەگەڵ داگیرکەران هەرێمی کوردستان زەرەرمەند بووە، دەبێت ئەو ڕاستییە قبوڵ بکەن کە بەبێ پارتی هیچ حسابێک بۆ ئەوانیش ناکرێت.