بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ هەڵەبجە، بڕیاری گرنگ و پێویست بوون

Kurd24

کابینەی نۆیەم، لە ناو هەموو ئەو نائومێدیانەدا بوو بە ئومێدێکی گەورە بۆ هەموو خەڵک و سەرجەم شار و شارۆچکەکان، ئاوەدانی ئەم کابینەیە تەنیا بۆ یەک ناوچە نەبوو، بەڵکو ئەم کابینە هەموو ناوچەکانی بە پڕۆژەی زۆر گرنگ و ستراتیژى بەسەرکردەوە بە سەرۆکایەتی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەوەش بووەتە جێگای ئومێدی سەرجەم چین و توێژەکان لەسەرجەم ناوچەکانی کوردستاندا.

گرنگی بڕیارەکانی مەسرور بارزانى، سەرۆکی حکوومەت، لەوەوە دەبینین بڕیار و پڕۆژەکان بە پێی جوگرافیا و شوێنەکان جیاوازن، واتە هەر شوێنێک پێویستی بە چ بڕیار و پڕۆژەیەک ببێت، لەسەر بنەمای پێویستی ئەو بڕیارانە دەدرێت. هەڵەبجەش بەو پڕۆژەو بڕیارانەی سەرۆکی حکوومەت هەنگاوێکی گەورە چووە پێشەوەو لە زۆر کێشە دەرباز بوو، چونکە هەڵکەوتەی جوگرافی پارێزگاکە بەو پێیەی هاوسنوورە پێویستی بە پڕۆژەی گرنگی وەک مەرزی سازان دەبێت، هەروەها لەبەر ئەوەى شارەکە شوێنێکی گونجاوە بۆ کشتوکاڵکردن پێوویستی بە کردنەوەى پڕۆژەی وەک "سایلۆی هەڵەبجە" و "کارگەی ڕاسان" دەبێت، لەبەر ئەوەشى کە تاڕادەیەک شارێکی چەقبەستووە پێویستى بە کردنەوەى پڕۆژەى (ڕێگە و پردى تووەقووت) هەبوو، چونکە پڕۆژە گرنگە هەڵەبجە دەکاتەوە بە ڕووی ناوچەکانی وەک قەزاى دەربەندیخان و گەرمیان، نەبوونی هەلی کاریش گرفتێکی دیکەی ئەم پارێزگایە بوو، بەڵام دوای سەردانی سەرۆک وەزیران دەرفەتێکی گرنگ بوو تاکو گەنجەکانی ئەم پارێزگایە لە چەندین بواردا سوودمەند ببن لە هەلی کارکردن و دامەزراندن.

دەتوانین بڵێین: پارێزگاى هەڵەبجەش یەکێکە لەو ناوچانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەرگیز لەیادی ناکات، بە جۆرێک ئەگەر سەرۆک وەزیران لەهەڵەبجەش نەبێت، بێگومان چین و توێژەکانی هەڵەبجە لای سەرۆک وەزیرانن، واتە لەم کابینەدا دەرفەتێکی گەورە بۆ هەڵەبجەییەکان ڕەخساوە، بە جۆرێک لەیەکەم دیداری چین و توێژەکانی پارێزگای هەڵەبجە لەگەڵ سەرۆک وەزیران هەڵەبجەییەکان داوایان کرد گرنگە سەردانی سەرۆک وەزیران بۆ هەڵەبجە وەک «بارانی بەڕەحمەتی بەهار وابێت» بێگومان دوای سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ هەڵەبجە هەم بارانی بەڕەحمەت بوو، هەمیش چەندین بڕیاری گرنگ بۆ پارێزگاکە دەرچوو، کە پارێزگاکەی بوژاندەوە و ئەو بڕیارانەش هەڵەبجەی لەو چەقبەستووییە ڕزگارکرد کە چەندین ساڵە لە نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاوەدانیدا گرفتی بۆ شارەکە درووست کردبوو.

لەڕاستیدا بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران بۆ هەڵەبجە، بڕیاری گرنگ و پێوویست بوو، بە جۆرێک خەڵکی هەڵەبجە لەمێژە خەون دەبینن بەو بڕیارانەوە، هەر بۆیە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە پێویستى ئەم شارەیە و ئەم شارە بەرەو قۆناغێکی دیکە دەبات.

بەگشتى پێویستە ئەوە بخەینەڕوو، دانانی بەردی بناغەی ڕێگە و پردی تووەقووت بۆ هەڵەبجە و لە ئێستاشدا کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژە ستراتیجی و گرنگە ، دەبێتە هۆی کرانەوەیەکی گەورە بە ڕووی هەڵەبجەدا و کارئاسانیکردن بۆ بازرگانی و هاتوچۆکردن لەگەڵ شارەکانی دیکەدا، وە گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵی و دانانی بەردی بناغەی سایلۆی هەڵەبجە بۆ گەنمی جوتیاران لە سنوورەکەدا ئومێدێکی گەورە و هاوکارییەکی گرنگی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ پاراستنی بەرهەمی جووتیاران و پاشان ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، جیا لەوەش بڕیاری دامەزراندن و دەرفەتی هەلی کار لە پارێزگاکەدا بۆ دانیشتووانەکەی ئومێدێکی دیکەیە بۆ هەموو ئەو کەسانەی لەم شارەدا نیگەران بوون لە دانەمەزراندیان و دەبێتە هۆی کارئاسانی کردن بۆ مامەڵەی هاووڵاتییان بەتایبەت لەو فەرمانگە حکوومیانەی لەم شارەدا پێویستیان بە فەرمانبەر بوو، کە دامەزراندنی ئەو کەسانە ئەو بۆشاییە پڕدەکاتەوە کە لە فەرمانگەکانی ئەم شارەدا بوونی هەیە.

لە ئێستاشدا دوای چەندین بڕیاری زۆر گرنگ بۆ هەڵەبجە، دووبارە سەرۆک وەزیران بە چەندین بڕیاری دیکەی گرنگ و پێوویست پارێزگای هەڵەبجەی بەسەرکردەوە، کە ئەوەش بووەتە جێگای ئومێدێکی گەورە بۆ سەرجەم چین و توێژەکانی پارێزگای هەڵەبجە، چونکە بڕیاری گەڕانەوەی بەشێکی داهات بۆ پارێزگاکە و دووبارە دامەزراندنی بەشێکی دیکەی هاووڵاتییان لەپارێزگاکەدا، جیا لەوەش بڕیارێکی دیکەی گرنگی وەک مەرزی سازان کە بکرێتە مەرزێکی فەرمی، بڕیارێکی زۆر پێوویستە لە زۆر ڕەوەوە ئەم بڕیارە سوودی بۆ پارێزگای هەڵەبجە دەبێت بەجۆرێک هەڵەبجە لە نەبوونی هەلی کارەوە، دەگۆڕێت بۆ سەنتەرێکی بازرگانیکردن و چەندین هەلی کارکردن بۆ دانیشتووانەکەی دەستەبەردەکات، لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین: بڕیار و پڕۆژەکانی سەرۆکی حکوومەت بۆ پارێزگاکەمان بڕیاری زۆر گرنگ و پێویستە بە جۆرێک چەندین ساڵە ئیدارەی ئەم شارە و دانیشتوانەکەی چاوەڕوانن ئەم بڕیارانە جێبەجێبکرێن و سەرۆک وەزیرانیش بە سەردان و بڕیارەکانی هەمووانی دڵخۆشکرد.

لە کۆتایدا گرنگە ئەوە بڵێین: سەڕەڕای بوونی چەندین ئاستەنگی لەبەردەم کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم کابینە بەردەوام بوو، کابینەی نۆیەم کەمترین گوتار و زۆرترین کرداری هەبوو، بە پڕۆژەی زۆر گرنگەوە سەرجەم شاروشارۆچکەکانی بەسەرکردەوە، لەم کابینەدا هەموو ئەو بەڵێنانەی درابوون جێبەجێکران، بۆیە دەرفەتێکی باش بوو سەرجەم سێکتەرەکان لەم کابینەدا بوژانەوە و بووە هۆی ئومێدێکی گەورە بۆ هەموو کوردستان  و سەرجەم چین و توێژەکان.

لە کۆتاییدا گرنگە ئەوە بڵێین، سەڕەڕای بوونی چەندین ئاستەنگی لەبەردەم کارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کابینەی نۆیەم کەمترین گوتار و زۆرترین کرداری هەبووە، بە پڕۆژەی زۆر گرنگەوە سەرجەم شاروشارۆچکەکانی بەسەرکردەوە، لەم کابینەدا هەموو ئەو بەڵێنانەی درابوون جێبەجێکران ، بۆیە دەرفەتێکی باش بوو سەرجەم سێکتەرەکان لەم کابینەدا بوژانەوە و بووە هۆی ئومێدێکی گەورە بۆ هەموو کوردستان و سەرجەم چین و توێژەکان.