بۆچی په‌كه‌كه له شنگال نه‌مێنێت؟

نیگه‌رانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لەهه‌مبه‌ر مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پارتی كرێكارانی كوردستان له چوارچێوه‌ی سنووری باشور و جه‌ختكردنه‌وه له داواكارییه‌كان بۆ چۆڵكردنی شنگال، به پشتبه‌ستن به چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی مێژوویی هه‌ڵوێستێكی خۆڕایی نییه. به چاوخشاندنێكی خێرا به ڕۆڵی په‌كه‌كه له سه‌رده‌می دوای راپه‌رین كه به‌رهه‌مه‌كه‌ی چه‌سپاندنی فیدرالییه‌ت و دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم بوو، چه‌ندین رووداو و پێشهات وه‌بیرمان دێته‌وه كه به‌داخه‌وه ده‌كه‌ونه قاڵبێك كه دژایه‌تی ده‌سكه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی و پرۆسه‌ی پێكه‌وه‌ژیان بوونه.
ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی به رێگه‌ی خۆپیشاندان و گردبوونه‌وه له‌به‌رده‌م په‌رله‌مانێكی تازه له‌دایك بوو كه‌وا پاش چه‌ندین ساڵ له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی یه‌كه‌م ده‌سكه‌وتی مه‌زنی ده‌یان ملیۆن كورد بوو، بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ ببوو به چالاكی سه‌ره‌كی پارتی ناوبراو. په‌كه‌كه پێی وابوو چینێكی ده‌رەبه‌گایه‌تی وه‌ك پارتی دیموكراتی كوردستان و پارتێكی بورژوازی وه‌كو یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ناتوانن رۆڵی به‌هێز و كاریگه‌ر له‌م په‌رله‌مانه‌دا بگێڕن، به‌ڵكو ده‌بێت كورسی سه‌ركردایه‌تی بۆ پرۆلیتاریا چۆڵ بكرێت كه په‌كه‌كه نوێنه‌رایه‌تی ده‌كات. به دیدی ئه‌وان په‌رله‌مانێك به‌بێ په‌كه‌كه واتای خیانه‌ت و ده‌بێت به‌هێزی سه‌ربازی په‌كی بخرێت... به‌رده‌وام بوونی پارتی كرێكاران له‌سه‌ر ئه‌م هه‌ڵوێسته تووندوتیژی لێكه‌وته‌وه و چه‌ندین رۆڵه‌ی كورد شه‌هیدكرا و له‌دواجاردا كۆتایی به پلانی له‌باربردنی ده‌سكه‌وته مه‌زنه‌كه‌ی راپه‌رین هێنرا. جه‌میل بایك له كتێبی (مێژووی پارتی كرێكارانی كوردستان) نووسیویه‌تی " ده‌مانویست به‌هه‌ر رێگایه‌ك بێت توركیا په‌لكێشی باشوری كوردستان بكه‌ین تاوه‌كو له‌وێدا شه‌ڕی چه‌كداری به‌رپا بكه‌ین. به‌مه‌ش باكور و باشوری كوردستان ده‌كه‌وته ژێر كۆنترۆڵی خۆمانه‌وه. پلانه‌كه‌مان به‌شێوه‌یه‌ك دارشت كه په‌لاماری باره‌گایه‌كی سه‌ربازی توركیا بده‌ین له‌سه‌ر سنوری زاخۆ به‌ڵام به‌داخه‌وه سه‌ری نه‌گرت " .
له‌لایه‌كی دیكه‌وه عوسمان ئۆجه‌لان له زاری خۆیه‌وه ئه‌مه ده‌ڵێت "ده‌سته‌ی كۆنسه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌كه‌كه له ساڵی 2002 ترسیان له دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌سه‌ر ده‌ستی بارزانی هه‌بووه، بۆیه گوتوویانه كه ده‌بێت شه‌ڕی (پ.د.ك) بكه‌ین چونكه دوایی رووخانی رژێمی به‌عس له عێراق ئه‌گه‌ری دروستبوونی ده‌وڵه‌تێكی كوردی دوور نییه و ئه‌مه‌ش دژی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی په‌كه‌كه‌یه". لێره‌وه ده‌توانیین زیاتر هه‌ست به ترس و دڵه‌راوكێی ئه‌و پارته بكه‌ین به‌رامبه‌ر به ده‌سكه‌وته نه‌ته‌وییه مه‌زنه‌كان له گشت پارچه‌كانی كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌وڵ و پلانیان له تێكدان و هه‌رس پێهێنانیان. هه‌روه‌ك په‌كخستنی پرۆسه‌ی ئاشتی له باكور و زیان گه‌یاندن به چالاكییه مه‌ده‌نییه‌كانی هه‌ده‌په تا كارگه‌یشت به لێسه‌ندنه‌وه‌ی متمانه له په‌رله‌مانتاره كورده‌كان و ده‌سگیركردنی ئه‌ندام و كادیره‌كانی ئه‌و پارته. به‌رده‌وام بوون له‌سه‌ر هه‌مان سیاسه‌ت كه زه‌بروزه‌نگ و تاكڕه‌وایی رابه‌رایه‌تی ده‌كات، دوور نییه له ئایینده‌یه‌كه‌ی دوور یان نزیك پریشكه‌كانی زیان به ئه‌زموونی رۆژئاواش بگه‌یه‌نێت.
سه‌ره‌رای بانگه‌وازه نێوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كان بۆ چۆڵكردنی شنگال، پێداگری په‌كه‌كه له مانه‌وه‌یان ته‌نها ئاماژه‌ی خه‌مخۆریان نییه بۆ ئه‌و ناوچه كورد نشینه، به‌ڵكو هه‌ڵگری به‌رنامه‌یه‌كی نێوده‌وڵه‌تین كه ئه‌كته‌ره سه‌ره‌كییه‌كانی (ئێران، سوریا و عێراق)ه. له رووی جوگرافیاوه شنگال ناوچه‌یه‌كی ستراتیژییه له نێوان سوریا و عێراق كه پردی به‌ستنه‌وه و ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی شیعییه له ناوچه‌كه‌دا. هێزی شیعه ده‌خوازێت به دروستكردنی قه‌ندیلێكی نوێ له شنگال پرۆژه مه‌زنه‌كه‌ی خۆی سه‌ربخات.
بیرمان نه‌چێت، چیای شنگال ئه‌و خاڵه بوو كه‌وا سه‌دام حوسێن سه‌رۆكی ئه‌وسای كۆماری عێراق له جه‌نگی نێوان عه‌ره‌ب و ئیسرائیل 39 موشه‌كی وه‌شانده خاكی ئیسرائیل. ئه‌مه‌ش ئه‌و فاكته‌ره‌یه كه واده‌كات وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا مانه‌وه‌ی په‌كه‌كه له‌وێدا به مه‌ترسی بزانێت و داوای چۆڵكردنی ناوچه‌كه‌یان ئاراسته بكات.
خاڵێكی دیكه كه‌وا پێویسته به‌هه‌ند وه‌ربگیرێت، له ئێستادا پرسی مرۆیی پێكهاته‌ی ئێزیدییه‌كان له‌ژێر ناوی كۆكردنه‌وه‌ی هاریكاری له‌لایه‌ن په‌كه‌كه‌وه قۆزراوه‌ته‌وه و كراوه به به‌شێك له بودجه‌ی تایبه‌ت بۆ پارته‌كه‌یان. هه‌روه‌ك په‌رله‌مانتاری كوردی ئێزیدی ڤیان ده‌خیل چه‌ندین جار له لێدوانه‌كانی باس له‌وه ده‌كات كه‌وا به‌ناوی ئێزیدییه‌كانه‌وه كۆمه‌ك وهاوكاری له عێراق و ئێران وه‌رگیراوه كه‌چی هیچ دیار نییه !! له‌لایه‌كی دیكه‌وه له‌ژێر ناوی خه‌مخۆری و پارێزگاری لێكردنیان به ده‌یان منداڵی ئێزیدی خوار ته‌مه‌ن 18 ساڵ له‌لایه‌ن هه‌مان پارته‌وه فریودراوه و چه‌ك به‌ده‌ست به‌شداری چالاكییه سه‌ربازییه‌كانیان پێده‌كرێت. هه‌ر به‌هۆی ئه‌م پێشێلكارییه ده‌رحه‌ق مافه‌كانی مرۆڤ، هیوما‌ن رایتس وۆچ چه‌ندین جار داوای له كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی كردووه له‌سه‌ر ئه‌م پرسه بێنه ده‌نگ و سنورێك بۆ ئه‌م دیارده‌یه دابنرێت.
له خه‌باتی نه‌ته‌وه‌یی كورددا، به‌درێژایی مێژوو ئه‌وه‌ی هه‌ره‌سی به شۆرشه مه‌زنه‌كان و پرسی كورد له ناوچه‌كه‌دا هێنابێت، ئه‌و پارته كوردیانه‌ن كه سه‌رده‌مانێك هه‌ڵگری به‌رنامه و پلانی لایه‌نێكی نێوده‌وڵه‌تی بوون. كه ئه‌مه‌ش فاكته‌ری یه‌كه‌م بووه له به‌لارێداچوون له ئامانج و پرۆژه سه‌ره‌كییه‌كه كه ئازادكردنی خاكی نیشتیمان بووه. هه‌نووكه‌ش كه پرسی كورد له باشور روو له ئاسۆیه‌كی ده‌رفه‌تەهه‌ڵگره و له‌چاو پارچه‌كانی دیكه‌دا خاوه‌ن ده‌سكه‌وتگه‌لێكی مه‌زنی هه‌رێمی، ئه‌منی، سیاسی و ئابورییه. مافی خۆیه‌تی به‌هه‌ر به‌هایه‌ك بێت پارێزگاری له‌م ده‌سكه‌وتانه‌ی بكات و رێگری له‌هه‌ر جۆره مه‌ترسییه‌ك بكات كه ئه‌گه‌ری زیان گه‌یاندنی به پرۆسه مه‌زنه نه‌ته‌وه‌یه‌كه هه‌بێت. به واتایه‌كی دیكه پارتی نایه‌وێت مێژوو دووباره ببێته‌وه...