خه‌ونی بوون به تره‌مپی کوردستان

هه‌روه‌ك ئاشكرایه (45)همین سه‌رۆككۆماری ئه‌مریكا بازرگانێكی دیاری جیهانه كه سه‌روه‌ته‌كه‌ی به 405 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی ده‌خه‌مڵێنرێت. به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆكایه‌تی له‌لایه‌ن (دۆنه‌ڵد جۆن تره‌مپ)ی ملیاردێری ئه‌مریكییه‌وه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له گۆڕه‌پانی چینی سه‌رمایه‌داران به‌دوایخۆیدا هێنا، هه‌ر ئه‌مه‌ش بوو كه فووی كرد به په‌روانه‌ی بزوێنه‌ری جوڵه‌ی فیكری سیاسی لای زۆربه‌ی هه‌ره زۆری گه‌وره بازرگانانی جیهان. بۆ ئه‌وه‌ی له ڕێگه‌ی دامه‌زراندنی پارت و رێكخراوی هه‌مه‌جۆره‌ی مرۆییه‌وه هه‌وڵ بده‌ن له‌ناو وڵاته‌كانیانه‌وه ڕێگه خۆشبكهن و هاوشێوه‌ی تره‌مپ خۆیان بخزێننه ناو كایه‌ی سیاسییه‌وه.
به بیستنی ڕسته‌ی "له داهاتوودا ره‌نگه منیش وه‌ك تره‌مپ ده‌ست به‌كاری سیاسی بكه‌م..." بۆم ده‌ركه‌وت كه لای خۆمانیش كه‌سایه‌تیگه‌لێك هه‌ن خه‌ون به بوون به تره‌مپی ئه‌مریكییه‌وه ده‌بینن. وه‌نه‌بێت هه‌ست به‌وه بكرێت كه‌وا مه‌به‌ست له نووسینی ئه‌م بابه‌ته‌م زامداركردنی هه‌ستی كه‌سانی خاوه‌ن خه‌ون و ئاواتی مه‌زن بێت، به پێچه‌وانه‌وه زۆر سروشتییه و هه‌ر كه‌سێكمان ئازادین كه خاوه‌ن خه‌ونێكی گه‌وره بین و هه‌وڵ بۆ به‌دیهێنانی بده‌ین.
كه‌مپینی به تره‌مپ بوون له كوردستان ده‌مێكه ده‌ستی پێكردووه. دامه‌زراندنی كه‌ناڵی ئاسمانی كوردی و عه‌ره‌بی و به‌كارهێنانیان وه‌ك میمبه‌رێك بۆ لاواز ده‌رخستنی حكومه‌ت و بێ نرخ كردنی ده‌زگا شه‌رعییه‌كانی هه‌رێم. جگه‌له ناوبه‌ناو ده‌ركه‌وتنی خودی شاسوار عبدالواحید وه‌ك خاوه‌نی ئه‌و ده‌زگا راگه‌یاندنانه و سه‌رمایه‌دارێكی بێلایه‌ن، قۆستنه‌وه‌ی ده‌رفه‌ت له رێگه‌ی ئه‌نجامدانی هه‌ڤپه‌یڤینی تایبه‌ته‌وه بۆ هێرشكردنه سه‌ر پارته سیاسییه‌كانی هه‌رێم و به‌تایبه‌ت پێنج حزبه خاوه‌ن نفوزهكه و شوبهاندنیان به كێكی قاش قاش كرا‌و... ئه‌م كردار و ره‌فتار و ئاخاوتنانه‌ی خۆیی و دامه‌زراوه مێدیاییهكهی وه‌ك هه‌نگاوی بازرگانێكی ئاسایی ناكه‌وێته به‌رچاو، به‌تایبه‌ت پاش سه‌ردانه 8 رۆژییه‌كه‌ی ناوبراو بۆ ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و ئه‌نجامدانی دیدار له‌گه‌ڵ كۆنگرێسمان و سیناتۆرهكاندا. ره‌نگه هێشتا زوو بێت بۆ بریاردان به‌ڵام، زه‌مه‌ن ده‌رخه‌ری راستییه‌كان ده‌بێت كه ئایا مه‌به‌ستی سه‌ره‌كی بیانووگرتنهكانی شاسوار عبدالواحید له ئازادی ڕاده‌ربڕین له هه‌رێمی كوردستاندا كامه له‌مانه ده‌بێت :
1_ ته‌نها خه‌مخۆری و دڵسۆزییه‌كی دڵپاكانه بۆ رۆژنامه‌نووسان.
2_ جوڵه‌جوڵ بۆ دامه‌زراندنی كیانێكی سیاسی نوێ.
3_ له‌و دیو په‌رده‌وه، تهماحێك بۆ پۆستێكی سیادی گرنگ.