ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی یا جیابوونه‌وه‌ له‌ عێراق

Kurd24

ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان (نەك جیابوونەوە لە عێڕاق) دیموكراسیترین ھەنگاو بۆ بەدەستھێنانی مافێك كە نزیكەی 100 ساڵە بۆ كورد بە ڕەوا نەبیندراوە.

ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان زوو نییە، بەڵام 25 ی ئەیلوولیش ئەو پرۆسە دیموكراتییە ئەنجام بدرێت، باشترە لەوەی زیاتر چاوەڕێ بكەین، سبەینێش بووایە زۆر باشتر دەبوو، بەڵام ئەو بۆچوونەش ھەیە، كە كورد دەتوانێ بە بێ ریفراندۆمیش سەربەخۆیی رابگەیێنێت.

لێكدانەوەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرچییەك بن، ھیچ شتێك لەوە جوانتر نییە ھاونیشتیمانیان خۆیان بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن: چارەنووسێك كە داھاتووێكی باشتر و دڵنیاتر بۆ خۆیان و نەوەكانی داھاتوویان دیاری بكەن. لەوەش گرنگتر، لە 25 ی ئەیلوول، گەل و پێكھاتەكانی كوردستان بە بژاردەی بەڵێ و نەخێر دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان، یان مانەوە لە عێراق دەدەن. كوردستانییەكان لەو رۆژە مافێكی سەرەتایی پەیڕەو دەكەن كە لە سەرەتای سەدەی بیستەم وڵاتانی داگیركار و كۆلۆنیالیست ئەو ماف/ حەقەیان لێ سەندوونەتەوە، كە بە ھۆیەوە نزیكەی 100 ساڵ دەبێت ھیچ مەینەتی و شێوازی دەسەڵاتداری نەماوە تاقیان نەكردبێتەوە و ھیچیشیان بە عێڕاقی فیدڕاڵیش ئەرێنی نەبوون.

ھەر دوای كۆبوونەوەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی و نوێنەری پارتەكان، كاردانەوەیه‌كی ئەرێنی زۆر، تەواوی كۆمەڵگەی گرتەوە. لە بەرامبەریش كاردانەوە ھەبوون كە نەرێنی بوون و چەند پاساوێك دەھێننەوە، پاساوی ھەرە دیاریش كارا نەبوونی پەرلەمانە. ئەو پاساوە ئەگەرچی لە رووی پەیڕەوكردنی ئەو مافە سیاسییە گرنگی خۆی ھەیە، بەڵام زیاتر لە پاساوێكی بەسیاسیی-كراوی نا بابەتی دەچێت، كە ئەمانج و مەبەستی سیاسی زیاتری لە پشتە. پەرلەمانی كوردستان، بەداخەوە، لە دەسپێكەوە ئەو پەرلەمانە نەبووە خواست و پێداویستی سەرەكی ھاونیشتیمانیان تێیدا بوبێت و مژاری سەرەكی بن. لە سەردەمی بەشداری بەرھەڵستكارەكانیش ئەوەندەی پەرلەمان شوێنی بەرژەوەندی سیاسی لایەنەكان بووە ئەوەندە ئەو شوێنە نەبووە، كە سەرەتاییترین مافەكانی ھاونیشتیمانیان وەك پەروەردە و تەندروستی و پێویستی خانەنشینان و ھتد.. ی تێدا باس بكرێت. بەگشتی، كوردستان لە ئێستادا ئەوەندەی پێویستی بە كۆدەنگی لایەنە سیاسییەكانە ئەوەندە پێویستی بەو رۆتیناتە نییە و دەكرێت بەستنەوەی ئەو پرۆسەیە بە پەرلەمان تەنھا كات بەفیرۆ بدات.

ئێستا كاتی كاركردنە، كارتی ئەوەیە واز لەو ترس و فۆبیایە بهێنین لەسەر سەربەخۆیی ھەمانە، کە چۆتە ناو دی ئین ئێی هەموومان. بێجگە لەوەش، باش دەزانین هەرگیز کورد و هیچ نەتەوەیەک لەسەر هیچ پرسێک کۆدەنگ نابن، با دیموکراسی زۆرینە لەو بڕیارە ڕێزی بگیردرێت و ئەو پرسە بە ریفراندۆم یەكلایی بكرێتەوە، وەک سکۆتلاند. ئەوەی پەیوەندی بە چارەنووسی ئەو ھاونیشتیمانیانەوە ھەیە كە دەنگ لە دژی سەربەخۆیی دەدەن و دەیانەوێت لە عێڕاق بمێننەوە، دەبێت لەگەڵ بەغداد رێكەوتنێكی ھاوشێوەی ھیندستان و پاكستان ھەبێت. واتا دەكرێت بە سوود وەرگرتن لەو ئەزموونە، وەك چۆن موسڵمانەكان لە جیاكاری دەترسان و بژاردەی چوونیان بۆ پاكستان پێدرا، كوردەكانیش بتوانن بێنە كوردستانی سەربەخۆ. ھاوكات ئەو بژاردەش ھەبێت كە پێكھاتە ناكوردەكان و كوردەكانیش كە لەگەڵ سەربەخۆیی نین، بژاردەی ئەوەیان بدرێتێ لە عێڕاق بژین، چونكە ئەمە زۆر ھاریكارتر دەبێت وڵاتێك دروست بكەین ئەو گەل و پێكھاتانە تێدا بژین كە باوەڕیان بە سەربەخۆیی ھەیە و خۆشەویستییان بۆ نیشتیمانە نوێیەكەیان دەبێت لە چوارچێوەی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، نەك ھەرێمێكی پاشكۆ لە وڵاتێكی پاشكۆی دروستكراو كە تاڵترین مێژووی مامەڵەكردنی ھەیە لەگەڵ ئەو پێكھاتانەی فەرمانرەوایی ناكەن یان كەمینەن.

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوو، ھەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی خراپدا ھەوڵی سەركەوتنی بەسەر چەندین كێشە داوە، لەوانە شەڕی داعش، پرژانی شەپۆلی ئاوارەكان و قەیرانی ئابوری و بڕینی بودجە لە لایەن حكومەتی بەناو فیدڕاڵی عێڕاق. سەرەڕای ئەوەش كوردستان بێجگە لەو سنوورەی لەگەڵ داعش ھەیەتی و لەجەنگ بووە لەگەڵی، لە وڵاتانی ئەوروپا ئارامتر بووە. سەرەڕای ئەو مێژووە تالەشی لەگەڵ عەرەب ھەی بووە، كورد باشتریین نمونەی پێكەوە ژیانی نیشان داوە، واتا كورد و پێكھاتە نیشتیمانییەكانی تری ھەرێمی كودستان شایانی ئەوەن لە وِڵاتێكی سەربەخۆ بژین، وڵاتێك كە داھاتووی روون بێت.

دەبێت لەوەش تێبگەین، سەربەخۆیی بەهەشت دروست ناکات و ئەرکی سەرشانی تاکەکان بۆ بە کەلتورکردنی دیموکراسی قورستر دەکات، بەڵام سەربەخۆیی کوردستان وا دەکات کوردستانییەکان بە کورد و ناکورد، لە شەڕی ئایین و ئایینزای و هەرێمی بەدوور بێت: سەربەخۆیی وا دەکات لە بری گەڕان بە دوای ناوەندێكی هەرێمیی و پەرتەوازە، ناوەند و ماڵێک بۆخۆمان بدۆزینەوە تێیدا، هەر هیچ نەبێت، لە داعش و ھاوشێوەکانی دوور بین، وڵاتێک بێت ڕەنگ و هزرە جیاوازەکان، پێچەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تێیدا گەشە بکەن و ڕێزیان بگیردرێت.