نه بۆ پارتی و .... دەنگى (بەڵێ) و نە بۆ گۆڕان و کۆمەڵ دەنگی (نەخێر) بدەن

Kurd24

هیچ کۆمەڵگایەک بە قەد کۆمەڵگای کوردستان بە حزبی و ئینجا بە سیاسی نەکراوە، ئینتمای حیزبی تەنگی بە هەموو بوارەکانی ژیاندا هەڵچنیوە، بێ حیزب نە بیر دەکرێتەوە و نە هەڵوێست وەردەگیرێت، سیاسییەکان و سەرکردەی حزبەکان لە جیاتی کۆمەڵگا بیر دەکەنەوە و بڕیار دەدەن و هەڵویست وەردەگرن. لە کوچە و بازار شرۆڤەی بیرو هزری سیاسی دەکرێت و سیاسەتی حکومەت و ئەحزاب هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت. شەو فڵانە کەناڵ چی بڵوکردوتەوە و چی وتوە دەبێتە هەڵوێستی زۆربەی زۆری ئەندام و لایەنگرانی فڵانە حزب. بە یەک هەڵویست هەموو بۆچوونەکان لە چرکەیەکدا دەگۆڕدرێت، مێشکی بەشێکی زۆریان وەکو کۆمپیۆتەر تەنیا ئیعاز وەردەگرێت و کۆپی پەيست دەکات و کەمتر بیر دەکاتەوە.      لەسەر پیشنیازەکەی یەکێتی و تەنازولاتی پارتی بۆ بەرژوەندی گشتی و ریفراندۆم، رازیبوون بە دووبارەکردنەوەی ئەزمونێکی تاڵ لە سەر میکانیزمی کاراکردنەوەی پارله‌مان، لە کاتژمێرەکانی یەکەمدا ئەوەی بینراو بیسترا، تەنیا گەشبینی و خوشی بوو کە لە سەر فەیسبوکی ئەم و ئەو بڵاودەکرایەوە، زور کەسیش وەکو موژدەیەکی دڵخوشکەر دەستخۆشی دەکرد و موژدەی رادەگەیاند. لە ماوەیەکی کورتدا هەندێک کەسی سەر بە لایەنێکی سیاسی (موعەننەد) هەر زوو دژی ئەو رێگە چارەیە راوەستان و دژایەتی خۆیان بۆ چارەسەری قەیرانەکان راگەیاند و سەلماندیان کە تاکە ئامانجیان گەڕانەوەیە بۆ خاڵی سفر و بێ هیواکردنی هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کە وا بیریان دەکردەوە کە بزاڤی گوڕانیش لە خەمی پارله‌مان و یەکڕێزی گەلی کورد دایە.

ئەرێ لایەنگرانی ئەو حزبانە لە بیریان چوو کاتێک لە شوباتی ۲٠۱۱ ئەوان داوای ئازادیان دەکرد، لایەنی بەرانبەر ئاسودەیی و خۆشگوزەرانی کوردستانیان بە بیری خەڵک دەهێنایەوە، لە وه‌ڵامدا دەیان گوت چی لە ئاسایش و خوشگوزەرانی و پارە بکەین کە ئازادیمان نەبێت. ئیستا کە سەربەخۆیی لە دەرگای ماڵیان دەدات هەمان ئەو کەسانە دەرگای بۆ ناکەنەوە و دەڵێن ئازادی و سەربەخۆییم بۆ چیە کە پارەم نەبێت!؟ ئەرێ لایەنگرانیان لێ ناپرسن ئەو هەموو مونافقیە بۆ چی و لە پێناوی چی؟! چیتان دەوێت پارە یان ئازادی و سەربەخۆیی؟ پاش رەدکردنەوەی پیشنیاری کاراکردنەوەی پارله‌مان لە لایەن گۆڕانەوە، هەر زوو نە تەنیا زۆربەی لایەنگرانی گۆڕان، بەڵکو هەندێک لایەنگری حزبێکی پاشکۆی گۆڕانێش ، لە بەر سازی ئەو چەند کەسە هەڵپەڕین و دژایەتی خۆیان لەسەر پیشنیاری کاراکردنەوەی پارله‌مان و ئەنجامدانی ریفراندۆم دەربڕی. گۆڕان دەیەوێت رەئی و بۆچوونی خۆی بەسەر زۆرینەدا بسەپێنیت، ئایا لایەنگرانی بیر ناکەنەوە کام پرەنسیپ و کام سیستمی سیاسی ڕێگە بە کەمینە دەدات کە بۆچوونەکەی بەسەر زۆرینەدا بسەپێنێت؟ ئەگەر ۲٤ پارله‌مانتار داوای سەرۆکایەتی یوسف محەمەد دەکەن ، ۳۸ پارله‌مانتار بە سەرۆکایەتیەکەی رازی نین. ئەم جارە یەکێتی و یەکگرتوو و حزبەکانی تریش گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە کە پێویستە بۆ تەندروستی کاری پارله‌مان گۆڕانکاری لە دەستەی سەرۆکایتیەکەیدا بکرێت. زۆرینەی ئەوانەی دەنگیان بە یوسف محەمەد داوە پەشیمانن و داوای لادانی دەکەن، بۆ دەبێ گوڕان و کۆمەڵ رەئی خۆیان بەسەر زۆرینەی گەلی کوردستاندا بسەپێنن؟ وڵامەکەی ئاشکرایە: لەبەر بەگراوەندی کۆمۆنیستی بوونی دامەزرێنەرانی گوڕان و جیهانبینی فۆندامێنتالیسمی ئیسلامی کۆمەڵ کە هەردووکیان دژی دیمۆکراسیەتن. ئایا مەعقولە لە ناو ئەو دوو حزبەدا هەموو وەکو یەک بیر بکەنەوە!؟ ئایا ڕای پێچەوانەیان نیە؟ ئەوان پارتیەکان بە کوێلە ناو دەبەن کە ڕای پێچەوانەیان نیە، بەڵام ئەگەر لە ناو حزبێکی وەکو گۆڕان کە نزیکەی نیوملیۆن دەنگی بردووە مەعقوڵە هیچ دەنگێک، رەنگێک و بۆچوونێکی پێچەوانە نەبێت و کەس دەنگ بە ئازادی خۆی نەدات. گەشبینم و هیواخوازم کە دەیان هەزار لایەنگری گۆڕان دەنگ بە (بەڵێ) بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن و تێبینی و گلە و گازندەکانیان بۆ هەڵبژاردنی مانگی نۆڤه‌مبەری ئەمساڵ بە جێ بێڵن، ئەو کاتە ئەوە ئەرز و ئەوە گەز.

لە هەشتاکاندا پارتی هەڵگری دروشمی دیمۆکراسی بۆ عێراق و  ئۆتۆنۆمی ڕاستەقینە بۆ کوردستان بوو، من یەکێک لەو کادیرانە بووم کە بە توندی دژی ئۆتۆنۆمی بووم و پشتيوانیم لە سەربەخۆیی دەکرد. ئێمەش لە ناو پارتیدا بیروبۆچوون و جیهانبینیی جیاوازمان هەبووە و بە دیاردەیەکی تەندروست و ئاسایی لێکمان دەدایەوە؛  چونکە ناکرێت سەدان هەزار کەس وەک یەک بیر بکەینەوە؛ چونکە ئەگەر هەموومان وەکو یەک بیر بکەینەوە،  واتە بیر ناکەینەوە، بەڵکو بیر و ڕای یەکتر کوپی پەيست دەکەینەوە.

ریفراندوم موڵکی پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو و ..... ئەو لایەنانە نیە کە لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمن، بۆ ئەو حزبانەش دەنگی (بەڵێ) نادەین بەڵکو بە مافێکی شەرعی و مێژوویی و یاسایی خۆمان دەزانین کە لێمان زەوت کراوە، ئێستا کە ئەو دەرفەتە بۆمان دەڕەخسێت دەنگی (بەڵێ) بۆ خۆم و ئایندەی منداڵەکانم و گەل و وڵاتەکەم دەده‌م، دەنگی (بەڵێ) واتە دەنگی (نەخێر) بە ژێردەستەیی و داگیرکەرانی وڵاتەکەمانە، دەنگی (بەڵێ) بۆ بەرهەمی خوێنی سەدان هەزار شەهید و بریندار و رەنج و خەباتی دەیان ساڵەی گەلێکی چەوساوەیە. ئەوە ئەرکی ئەخلاقی و ویجدانی ئێمەیە بەرانبەر بەو هەموو قوربانی و تێکوشانە، نە بۆ پارتیە و نە بۆ هیچ حزبێکی تر! تەنیا دوژمنانی گەلی کوردستان لە هەوڵی ئەوەدان کە بۆ لەباربردنی، ریفراندوم بە حزبێک یان کەسێک ببەستنەوە. هیوادارین دۆست و لایەنگرانی گۆڕان و کومەڵیش نە بۆ حزبەکانیان، بەڵکو بۆ گەل و وڵاتەکەیان بۆ شادی و ئاسودەیی گیانی شەهیدان و بۆ تۆمارکردنی ئایندەیەکی گەش بۆ نەوەی داهاتوو، دەنگ بدەن، نە بۆ حزبەکانیان؛ چونکە لە ریفراندۆم چارەنووسی خۆت و وڵاتەکەت دیاری دەکەیت، نەک چارەنووسی حزبەکەت. ئەگەر ئەم دەرفەتە لە کیسمان بچێت، یان بۆ ماوەیەکی درێژ، یان بۆ هەتاهەتایێ ئازادی و سەربەخۆیی کوردستان لە گۆڕ دەنێین.