کێشەی دانپێنانی سەربەخۆیی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە

Kurd24

دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی وڵاتانی سوێد و دانمارک کە نزیکترین وڵاتانی سکاندیناوی لە  فینلاند بوون ئامادە نەبوون دەوڵەتی تازە سەربەخۆی بە فەرمی بناسن و نەیاندەویست نێوان ئەوان و ئیمپراتۆری رووسیا تێک بچێت. ئەڵمانیا کەخۆی دۆستی نزیکی فینلاند دەزانی بە هۆی گفتگۆی ئاشتی لە گەڵ رووسیا ئامادە نەبوو پێوەندیەکانی خۆی بۆ "دۆستە ستراتێژیەکەی" لە مەترسی بخات و ئەو وڵاتە بەفەرمی بناسێت. سەر ئەنجام فینلاند ناچار بوو لە رووسیاوە دەست پێ بکات و سەرەتا سەردانی ئەنجوومەنی دستووری رووسیا و دوایە سەردانی ڤیلادیمیر لێنینی کرد، کە دەستی بەسەر حکوومەتی رووسیا گرتبوو و یەکیەتی سۆڤیەتی راگەیاندبوو و ئەو وڵاتە لەلایەن رووسیاوە لە 4.1.1918 بە فەرمی ناسرا. تەنیا وڵاتێک کە دەست بەجێ فینلاندی بەفەرمی ناسی فەرانسەبوو. بە دوای بەفەرمی ناسینی سەربەخۆیی فینلاند لە لایەن رووسیاوە تا کۆتایی ساڵی 1918 تەنیا هەژدە وڵات سەربەخۆیی ئەو وڵاتەیان بەفەرمی ناسی. بریتانیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بەهاری 1919 سەربەخۆیی ئەو وڵاتەیان بە فەرمی ناسی.

فینلاندی تازە سەربەخۆ دوو مانگ دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی خۆی تووشی شەری ناوخۆیی بوو و لەماوەیەکی کورتتدا نزیک بە 30٪ دانیشتوانی بوونە قوربانی شەڕی ناوخۆیی. فینلاندیەکان بەڵام لە شەری دووەمی جیهانیدا دوای هێرشی یەکیەتی سۆڤیەت بۆ سەر ئەو وڵاتە یەکیەتی نەتەوەیی خۆیان بەدەست هێنا و لە خۆبوردوانە سەربەخۆیی وڵاتی خۆیان پاراست و دوای شەریش پلانی دەوڵەتی "رەفاە"یان داڕشت. لە ئەنجامدا ئەمرۆ دوای سەد ساڵ فینلاند وەک یەکێک لە 10 وڵاتی دەوڵەمەندی جیهانە، پیشەسازی و پیشەی ئەلەکترۆنیک و هۆشمەند بەرهەمی داهاتی سەرەکی ئەو وڵاتە پێک دێنێت و سیستەمی پەروەردەی ئەو وڵاتە لە ئاستی جیهانیدا بە باشترین سیستەمی پەروردەیی دەناسرێت. فینلاند ئەمرۆ وڵاتێکە کە لەودا یەکسانی کۆمەڵایەتی لە نێوان ژن و پیاودا لە ئاستی هەرەبەرزی وڵاتانی ئورووپاییە و دێموکراسی ئەو وڵاتە لە کاراترین سیستەمەکانی جیهانی پێشکەوتووە.

سەربەخۆیی شەرمێوانە

فینلاندی سەردەمی سەربەخۆیی وەک ئەمرۆی باشووری کوردستان لە قووڵایی قەیرانەسیاسیەکاندابوو. حیزبەکانی سیاسی پێکەوە لەسەر راگەیاندنی سەربەخۆیی، سیستەمی سیاسی و چۆنیەتی بەرێوەبەری وڵات نەدەسازان. جیا لەوە وڵاتی فینلاند لەسەر هۆز و عەشیرەی جۆراوجۆر دابەش ببوون کە کێشەکانی ناوچەیی رەنگی زەقتریان بە کێشە سیاسیەکانی پایتەخت دەدا. بۆیە دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی و لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆییدا. راگەیاندنی سەربەخۆیی لە لایەن میدیاکانی فینلاندیشەوە دەنگدانەوەیەکی زۆری نەبوو. بە وتەی پرۆفیسۆر Vesa Vares لە زانکۆی تورکوووە ئەوکات رۆژنامەکان تەنیا وەک هەوالێکی بچووک بریاری سەربەخۆیی فینلاندیان راگەیاند و تا چەندین ساڵ جەژنی سەربەخۆیی فینلاند نەگیرا. دوای بەفەرمی ناسینی سەربەخۆیی لە لایەن چەند وڵاتکێکەوە لە ساڵی 1933 واتە شانزدە ساڵ دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی فینلاند بەفەرمی دەستی کرد بە جەژنی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان.

گەمارۆی ئابووری؟

لە سەدا 85ی خەڵکی فینلاندی سەردەمی سەربەخۆیی گوندنشین بوون. فینلاند لە کاتی سەربەخۆییدا خاوەنی کۆمەڵگایەکی گەنج بوو. 35٪ دانیشتوانی وڵات لە خوارەوەی تەمەن 15 ساڵە بوون. ئەوکات دەوڵەتی فینلاند توانای بەرێوەبردن و دانی مووچەی کارمەندانی دەوڵەت و دامودەزگاکانی وڵاتەکەیان نەبوو بۆیە چەند مانگ دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی ئەو وڵاتە ناچار بوو لە ساڵی 1918دا 531 ملیۆن مارکی ئەو کاتی فینلاندی واتە 43,8٪ بۆدجەی وڵات لە دەرەوە قەرز بکات. بە هۆی شەڕی ناوخۆیی دەولەت ناچار بوو 300 ملیۆنی دیکە قەرز بکات. کێشەی داهاتی گشتی و ناسەقامگیری ئابووری و پرسی گومروک لە گەڵ سۆڤیەتی و هاوسێکانی بوو بە هۆی ئەوەی کە فینلاند چارەسەری پرسی ئابووری گشتی خۆی لە دانانی سیستەمی باجی گشتیدا ببینێتەوە و بەمە بنەمای سیستەمی باجی دەوڵەتی و دواتر گەشەی ئەو سیستەمە بەرەو سیستەمی پرۆگرێسیڤ هەنگاو بنێت.

داخوا لە هەلومەرجی ئێستادا کوردستان دەتوانێت سەربەخۆی بیت؟

کوردستان لە رووی ئابووریەوە گەشەکردووتر لە ئابووری سەردەمی ئەوکاتی فینلاندە. ئەو وڵاتە خاوەنی کانگای نەوت و دەروازەی هەناردەکردن و هێنانی کەلوپەلی تورکیا بۆ عیراق و وڵاتانی باشووری رۆژهەڵاتی نێوەراستە. ساڵانە بری 719.37 ملیۆن دۆلار هەناردەی تورکیایە بۆ عیراق. تورکیا کە پێوەندیەکانی ئەم چەند ساڵەی لە گەڵ یەکیەتی ئورووپا تێک چووە، ناتوانێت شەریکێکی گەورەی ئابووری خۆی بە هۆی داخستنی سنوورەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ لە دەست بدات و خۆی لە نەوت و گازی هەرزانی کوردستان بێ بەش بکات.

وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست و بەتایبەتی سووریا، عێراق و ئێران هیچکامیان شەریکەبەشی ستراتێژی وڵاتانی رۆژئاوانین کە ببنە بەربەستی بەفەرمی ناسینی وڵاتانی جیهان بەتایبەت وڵاتانی ئورووپا و ئەمریکا و رووسیا. ئەوەی دەمێنێتەوە گفتگۆی جۆری پێوەندیەکانی کوردستان لە گەڵ ئەو وڵاتانە و چۆنیەتی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی ئەو وڵاتانە لە کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەراستە. بە سەرەنجێک بە پارەسەنگی هێزەکان و گرنگی کوردستان لە بەرەی دژی تیرۆر و کۆنەپەرەستی ناوچەدا و هەروەها قووڵبوونەوەی کێشەکانی سوننە و شیعە لە ناوچەدا دیارە کوردستانی سەربەخۆ دەتوانێت رۆلێکی چارەنووسساز لە گەشەکردنی ئاسایش و راگرتنی پارەسەنگی هێزەکان لە بەرژەوەندی وڵاتانی رۆژئاوادا بگێرێت و بەوە ببێتە شەریکی بەرژەوەندی وڵاتانی رۆژاوا. هیچکات لە مێژوودا ئەوەندەی ئێستا کوردستان و رۆژئاوا نەبوونە خاوەنی بەرژەوەندی هاوبەش.

سەربەخۆیی پرسێکی نشتیمانی و بەرزتر لە تەمەنی پەرلەمانی کوردستانە

خەڵکی کورد زیاتر لە سەدساڵە خەبات دەکات لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆیی و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و مرۆڤی. تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە نوینەرایەتی هەموو باشووری کوردستان ناکات زۆر کەمتر لە تەمەنی خەبات و ویستی نەتەوایەتی گەلی کوردە و لە رووی کولتووری و عاتفیشەوە ئەوەندەی خەباتی نەتەوایەتی نەیتوانیوە ریشە بکاتە کۆمەڵگای کوردیدا داکوتێ. پەرلەمان نوێنەرایەتی "قۆناغێکی دیاری کراو" لە کۆمەڵگا دەکات کە ناتوانێت لە رووی ریبەری ستراتێژیکەوە نوێنەرایەتی ویستی مێژوویی نەتەوەی کورد بکات. بەشێکی بەهۆی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان لە ژێر نفووزی زۆری وڵاتانی ناوچە بەتایبەت ئێران و تورکیایە و ئەو وڵاتانە هەرکات پێیان خۆش بێت بە زەخت خستنەسەر هێزە کوردستانیەکان ئەوان ناچار دەکەن لە چوارچێوەی ئاجێندای سیاسی ئەو وڵاتانەدا بڕیار بدەن. 

کوردستانێکی سەربەخۆ دەبێتە هۆی ئەوەی کەپێوەندیەکانی کوردستان لە حاڵەتی پێوەندی حیزبیەوە بەرەو پێوەندی دامەزراوەیی و دەوڵەتی بڕوات و حیزبەکان لە جیاتی ئەوەی ببنە بەشێک لە ئەجێندای سیاسی وڵاتانی ناوچە کێشەکانی خۆیان لە پەرلەمان یان سەر شەقام چارەسەر بکەن و بەوە گەشەی سیاسی و دێموکراسی لە کوردستاندا خێراتر دەکرێت. ئەمرۆ کاتی ئەوەیە ستراتێژی نشتیمانی ببێتە ئاڵترناتیڤی رق و قینی تاکەکەسی و رکەبەری حیزبی و هەموو حیزب و سەرۆکێک وەک کەرەسەیەک بۆ گەیشتن بە ئامانجی گەورەی نەتەوایەتی و بەدەست هێنانی کەڕامەتی مرۆڤی کوردستانیان ببیندرێت و قۆناغی دوای ئەو دەست بکرێت بە گەشەکردنی کۆمەڵایەتی و بەرەوپێش چوونی وڵات. نموونەی فینلاند و زۆر وڵاتی دیکەی سەد ساڵی رابردوو ئەزموونی بەهێز و خاوەن بایەخن بۆئەوەی  ئێمەی کورد دەرسیان لێ وەربگرین.