دەربارەی: شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە روسیا (1917)

Kurd24

 سەد ساڵی ڕێک بەر لە ئێستا لە 24 – 25 ی ئۆکتۆبەری 1917 بە تەقویمی روه‌سیای کۆن و 6 – 9ی نۆڤێمبەر بە تەقویمی نوێ لە شاری پێتربوورگ شۆڕشێکی چەکداری و جەماوەری دژ بە سیستێمی حوکمڕانی و حکومەتی کاتی بورژوا لە روسیا سەری هەڵدا... ئەم شۆڕشە درێژەی شۆڕشی شوبات بوو، کە تێیدا حکومڕانی چەندین سەدەی ڕۆمانۆڤ بە گرتن و ڕەمکردنیان لە 17ی تەموزی 1918 کۆتایی هات.

شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە ئەدەبیاتی روسی بە: (شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزن) و لای هەندێکیش بە کودەتای ئۆکتۆبەر ناوبانگی دەرکردووە. ئەم شۆڕشە جەماوەرییە، سیستێمی سۆسیالیستی و دەستەڵاتی سۆڤیێتی، کە دەکاتە دەستەڵاتی ئەنجومەنی کرێکاران و جوتیارانی لە ناو خاکی یەکێتی سۆڤیێت چەسپاند، بەو هیوایەی لە داهاتوو بە کۆمۆنیزم بگەن.

شۆڕشی ئۆکتۆبەری مەزن، لەئەنجامی کۆنفلیکتەکانی ناوەوەی روسیا، کە نیو سەدە پێشتر لەسەریەک کەڵەکە بووبوون ڕوویدا.

لەکاتی گرتن و لادانی قەیسەر، لێنین لە وڵاتی سویسرا دەژیا و لەوکات حکومەتی ئەڵمانیا هاوکاریکرد، کە بۆ روسیا بگەڕێتەوە، بۆئەوەی کەشوهەوای سیاسی هێوربکاتەوە و روسیا بەرەو سەقامگیری ببا. لێنین بە ڕێگای سوید و فینلاند لە 16ی نیسانی هەمان ساڵ گەیشتە شاری پێتربوورگ و هەزاران کەس لەپێشوازیدابوون. لێنین لە خوتبەکانی بەڵێنیدا، بە بردنەوەی شۆڕش، لە جەنگی یەکەمی جیهانی دێنە دەر، کرێکاریش نابی لە هەشت کاتژمێر زیاتر کار بکا. بەو دروشمانە، لێنین پشتیوانی زۆری بەدەست هێنا و بە بردنەوەی هەردووک بەڵێنی بەجێگەیاند. زیانەکانی لەشکری روسی لە بەرەکانی جەنگی جیهانی یەکەم، برسیبوون و سەرمای زۆر، ئەوەندی دیکە ورەی خەڵک و لەشکری دابەزاند و زیاتر لە بەلشەویکەکانی نزیک کردنەوە.

شۆڕشی ئۆکتۆبەر لە روسیا دەستیپێکرد، ئەگەر لەلایەن حکومەتەکانی ئەوکاتی ئەوروپا پێشی نەگیرابا، بەدوور نازاندرا پڕوشکی بۆ زۆر وڵات بچێت. هەربۆنموونە: لە ساڵی 1919 لە ئەڵمانیا Rosa Luxemburg و لە هەنگاریا Bela Kun شۆڕشیان دژ بە حکومەتە بورژواکانی خۆیان هەڵگیرساند، زوو کپکرانەوە.

بە سەرکەوتنی بەلشەویک وڵات بۆ دوو بەرە (سپی و سوور) دابەشکرا و شەڕێکی خوێناوی زۆر گەورە بەرۆکی روسیای گرت. ئەم شەڕە لە ئەدەبیاتی روسی بە: (شەڕی ناوەخۆ) ناوبانگی دەرکرد. لە ساڵی 1917 دەستی پێکرد و لە ساڵی 1922 کۆتایی پێهات. حزبی بەلشەویک – سوورەکان (پارتی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤیێت)، بەهیچ شێوەیەک دەستەڵایان لەگەڵ هیچ حزب و لایەنێک دابەش نەدەکرد و بە تاک حزبی دەیانویست، وڵات بەڕێوەببەن. لەشکری سپیش نوێنەرانی سۆسیالیست و مۆنارخ و کۆمارەکانی تێدابوو و هەموویان دژ بە کۆمۆنیستەکان یەکیان گرتبوو. وڵاتانی رۆژئاوا بە ئاشکرا پشتیوانی بەرەی سپییان دەکرد و یارمەتییان دەدان.

لە ئەنجامی شەڕی ناوەخۆ، کە هەندێک سەرچاوە بەسەر شەش قۆناغ و هەندێک سەرچاوەی دیکە بەسەر چوار قۆناغ دابەشی دەکەن. هەر بۆ نموونە: قۆناغی یەکەم لە 1917 - 1918 لە پێترۆگراد، مۆسکۆ، بایکاڵ، دانوی گرتەوە، لە ماوەی پێنج ساڵ، نزیکەی 8 ملیۆن کەس لە برسان، لەبەر نەخۆشی یان بەهۆی شەڕی ناوەخۆ کوژران.

سەرچاوەی دیکە هەن زیانەکانی شەڕی ناوەخۆ بە 12 - 13 ملیۆن دەخەمڵێنن، بەڵام زۆربەیان بە نەخۆشی و لەبرسان مردوون و نزیکەی دوو ملیۆن روسیش ناچارکران وڵات جێبێڵن و روو لە هەندەران بکەن.

بە تەواوبوونی شەڕی ناوەخۆ، لێنین شێوەی دروستکردنی یەکێتی کۆمارەکانی سەربەخۆی دامەزراند و ئەو پێشنیاری دروستکردنی حکومەتێکی تازەی بەناوی: (یەکێتی کۆمارەکانی سۆسیالیستی سۆڤیێتی) کرد، کە هەموو کۆمارەکان بەیەکسانی و وەک برا تێیدا بژین. لە دێسێمبەری 1922 لە کۆنگرەکانی حزب لە شارەکانی مۆسکۆ، ئۆکراینا، روسیای سپی هەروەها کۆنگرەی 10ی پارتی کۆمۆنیستی روسیا، پێکهاتن لە سەر شێوەی تازە بۆ دروستکردنی یەکێتی سۆڤیێت. لە 30ی دێسێمبەری 1922 یەکەم کۆنگرەی سۆڤیێتییەکان لە مۆسکۆ بەسترا و بەیانی دروستکردنی یەکێتی سۆڤیێتییان بەجیهاندا بڵاوکردەوە.

لە پایزی هەمان ساڵ، لێنین بە خەستی نەخۆش کەوت. لێنین لە یەکی کانونی دووی 1918 بە سووکی بریندار کرا، هەر لە هەمان ساڵ و لە 30ی ئاب جارێکی دیکە بریندار کرایەوە و ئەمجارەیان برینەکەی گرانتر بوو، لەگەڵ ئەوەش زوو چاکبۆوە. لە دوو ساڵی داهاتوو، لێنین زۆر نەخؤش دەکەوێت و سێ جەڵتەی سووک لێیدا و جەڵتەی چوارەم، لە 21ی کانوونی دووی 1924 کوشتی.

پاش مردنی لێنین، ستالین توند و بەربەریانە وڵاتی بەڕێوەبرد، لەماوەیەکی کورت هەموو نەیارەکانی خۆی گرت یان کوشت. گرتن و کوشتنی هاوڵاتییان سۆڤیێتی بە ئاشکرا و نهێنی لە ساڵەکانی 1937 – 1938 گەیشتە لوتکە و ئەکادێمیای روسی لە ئەدەبیاتی خۆی بە تێرۆری گەورە (بەلشۆی تێرۆر- Большой террор) ناوی دەبات. بە گوێرەی بەڵگەکانی НКВД  - NKVD (پۆلیسی نهێنی ناوەوە) تەنیا لەم دوو ساڵە 1 ملیۆن و 575 هه‌زار و 259 کەس گیراون و لەناو ئەوانەش 681 هه‌زار و 692 کەس ڕەمکران. بەمشێوەیە لە 1930 – 1939 نزیکەی دوو ملیۆن و 800  هەزار کەس گیراون و کوژران. هەموو ئەوەش بە یارمەتی یاسایەک کە لە ساڵی 1937 بەناوی: (خەبات دژ بە دوژمنانی گەلان و جاسوسانی حکومەتە ئیمپریالیستەکان) گرتن و کوشتن و دوورخستنەوەکان ئەنجامدران.

لە کۆتایی 1939 ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئۆردوگا زۆرەملێکان و بەندیخانەکان بەهۆی سیاسی گەیشتبووە 9 ملیۆن، کە لە ساڵی 1928 ژمارەیان تەنیا 30 هەزار کەس بوو. تەنیا لەنێوان 1937 – 1938 لە سۆڤیێت 61٪ تەواوی ئەفسەرەکانی لەشکری سۆڤیێتی و پۆلیس بزرکران.

لە شۆڕشی جەماوەری سۆسیالیستی، چاوەڕێ دەکرا بەرگری لە ژیان و بەرژەوەندی جوتیار و کرێکار و چەوساوەکانی جیهان بکرێ، گەلانی ژێردەست ڕزگار بکا، لەماوەیەکی کەم ستالین و سەرکردەکانی دوای ئەو لە پرەنسیپەکانی مارکسی – لێنینی پەشیمان بوونەوە و بەدوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان و سۆڤیێت دەگەڕان، پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتەکانی دیکتاتۆری جیهانی بەهێزکرد و گەلانی ژێردەستەی وەک کوردیان کردە قوربانی، جگە لەوە لەدوای دووەمین جەنگی جیهانی، شەڕی سارد دەستی پێکرد و جیهان بەسەر دوو بەرە دابەشکرا، لایەک ئەمریکا لاکەی دیکەش یەکێتی سۆڤیێت سەرکردایەتی دەکرد، کە تائێستاش بەردەوامە و نەتواندرایە کۆتایی پێبهێنن.

تەمەنی یەکێتی سۆڤیێت نزیکەی 70 ساڵ بوو و پێش ڕووخانی لە 26ی دێسێمبەری 1991 لە 15 کۆمار و 21 هەرێمی ئۆتۆنۆم پێکهاتبوو.