دەستووری عێراق كێشه نییه!
پێم سه‌یره هه‌ندێك له رۆشنبیران، میدیاكاران و سیاسه‌تمه‌داران پێیان وایه كێشه و ته‌نگژه‌كانی عێراق په‌یوەستن به ده‌ستووری عێراقه‌وه. ده‌ڵێن ده‌ستوور كامل نییه، یان ده‌ڵێن ده‌ستووره‌كه باش دانه‌ڕێژراوه! ده‌یانه‌وێت بڵێن سیاسه‌تمه‌دارانی كوردستان و سه‌ركردایه‌تی سیاسی كوردستان، كه له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵێك پسپۆڕی یاسایی به‌شداربوونه له نووسینه‌وه و داڕشتنی ئه‌م ده‌ستووره، هیچیان نه‌كردووه و هیچیان له ره‌وشی سیاسی و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان نه‌زانیووه. بۆیه به پێویستی ده‌زانین روونكردنه‌وه‌یه‌ك یان چه‌ند دێڕێك له روانگه‌ی خۆمانه‌وه وه‌كو ئه‌ندامێكی خولی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر ئه‌م تێڕوانینه ناته‌ندروست و بێ بنه‌مایانه بنووسین.
پێویسته هه‌موو سیاسه‌تمه‌داران و رۆشنبیران و شیكارانی سیاسی باش بزانن، نووسینه‌وه‌ی دەستووری عێراق، كه له ساڵی ٢٠٠٥ به به‌شداری سه‌ركرده باڵاكانی كوردستان و عێراق و یاساناسان به‌دەستهێنرا و دواتر بە دەنگی زۆرینه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێم و عێراق پەسندكرا، له کەشێكی پڕ له ململانێ و كێشمه‌كێش و قۆناغێكی هه‌ستياردا نووسرایه‌وه. ئێستاش ئه‌م ده‌ستووره ته‌نها هۆكاره بۆ پێكه‌وه ژیانێكی ئاره‌زوومه‌ندانه و ته‌بایی و پێشڤه‌چوون و سه‌قامگیری راسته‌قینه له عێراق و كوردستان، به مه‌رجێك ته‌واوی به‌نده‌كانی جێبه‌جێ بكرێن و حكومه‌تی فیدراڵییش رێز له ته‌واوی بڕگه و یاسا و به‌نده‌كان بگرێت. بۆیه پێمانوایه كێشه له ده‌ستوور نییه، به‌ڵكو له جێبه‌جێنه‌كردنی بنه‌ما و یاسا و به‌ند و خاڵه‌كانی ده‌ستووره له عێراقدا. ده‌بوو حكومه‌تی فیدراڵ به ئه‌ركه‌كانی خۆی هه‌ڵسابوایه و بواری به لایه‌نی دادوه‌ری سه‌ربه‌خۆ دابوایه بۆ چاودێری كردنی رێكاره یاساییه‌كانی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور و سزادانی سه‌رپێچیكاران و پێشێلكارانی به‌نده‌كانی ده‌ستوور.
له ئه‌زموونی سیاسی و په‌رله‌مانی ئێمه‌دا له چه‌ند ساڵی رابردوودا، كه له نزیكه‌وه له ناو واقیع و هاوكێشه‌كان و چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌چوونی وڵات و شێوازی ده‌وڵه‌تداری بووین و ئاگامان له كاره‌كانی مه‌تبه‌خی سیاسی بوو، به راشكاویه‌وه ده‌ڵێین كه كێشه‌ی سه‌ره‌كی عێراق له خودی ده ستوور و ناوه‌ڕۆكی ده‌ستووردا نییه، به‌ڵكو گرفت له جێبه‌جێنه‌كردنیه‌تی.
لێره‌دا په‌نجه ده‌خه‌ینه سه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی، كه هۆكاری سه‌ره‌كی به‌رپابوونی كێشه و گرفته‌كانی به‌رده‌م واقعی سیاسی و كارگێڕی و ده‌وڵه‌تدارین له حكومه‌تی فیدراڵیی عێراقدا:
1.هه‌بوونی بڕێكی زۆری یه‌ده‌گی نه‌وت له عێراق هۆكاری ته‌ماعی وڵاتانی زلهێز و ئیقلیمییه‌كان بووه له سامانه سروشتییه‌كانی عێراقدا. ده‌رئه‌نجامی ئه‌مه‌ش بووه‌ته هۆكاری ململانێ و ده‌ستێوه‌ردانی ئیقلیمی و هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕ و درووستكردنی هێز و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له عێراقدا. زۆربه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی ناو عێراق وابه‌سته‌ی هێز و وڵاتێكی ئیقلیمی و جیهانیین و له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانیشدا كارده‌كه‌ن.
- كه‌می سه‌ركرده‌ی بوێر و خاوه‌ن هه‌ڵوێست و نیشتیمانپه‌روه‌ر له چه‌ند ساڵی رابردوودا له پله باڵا و هه‌ستیاره‌كانی به‌ڕێوه‌بردنی وڵات‌دا. له به‌رامبه‌ردا بوونی بڕێكی زۆر له خه‌ڵكانی نا به‌رپرس و چاوچنۆك، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ئێستا له مه‌یدانه‌كه‌دا یاریى سیاسی ده‌كه‌ن، هۆكاری سه‌ره‌كی ته‌نگوچه‌ڵه‌مه و گرژیيه‌كانی عێراقن.
- 3.گه‌نده‌ڵییه‌كی بێ‌سنوور له تێكڕای جومگه‌كانی حكومه‌ت و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا بووه‌ته هۆكاری درووستبوونی مافیا و هێزی میلیشیا له گۆڕه‌پانی سیاسیی‌دا.
- 4.ته‌ده‌خولاتی لایه‌نه سیاسییه‌كان و سیسته‌می برابه‌شی و خۆسه‌پاندن، هه‌روه‌ها كاریگه‌ری وڵاتانی ئیقلیمی له‌سه‌ر بڕیاری سیاسی حكومه‌تی فیدراڵی و پشتگوێخستنی به‌نده‌كانی ده‌ستوور (بۆ زانیاری، ٥٥% ی به‌نده‌كانی ده‌ستووری عێراق سه‌باره‌ت به هه‌رێمی كوردستان له لایه‌ن حكومه‌تی فیدراڵه‌وه پێشێل كراون) هۆكارن له‌به‌رده‌م جێبه‌جێبه‌كردنی به‌شێكی زۆری به‌نده‌كانی ده‌ستوور.
- نه‌بوونی لایه‌نی ته‌شریعی به‌هێز و كاریگه‌ر، هه‌روه‌ها پێگه‌ی له‌رزۆكی سه‌رۆك كۆمار و لاوازی لایه‌نی قه‌زائی بۆ سزادانی سه‌رپێچیكاران له ده‌سه‌ڵاتدا، به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی پێشێلی ده‌ستوور و یاساكانی عێراقیان به به‌رده‌وامی كردووه و سه‌روه‌ت و سامانی گشتییان به‌هه‌ده‌ر داوه و پێگه گشتی و حكومییه‌كانیان قورخ كردووه.
- قوڵنه‌كردنه‌وه‌ی پرنسیپه‌كانی دیموكراسی و پێكه‌وه ژیان له نێوان پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و رێزنه‌گرتن له مافه‌كانی نه‌ته‌وه‌یی و هاووڵاتیبون و سه‌روه‌ری یاسا، وه‌كو ئه‌وه‌ی له ده‌ستووردا هاتووه.
- له‌گه‌ڵ ئه‌و خاڵانه‌ی كه له‌سه‌ره‌وه‌دا به كورتی باسمان كردوون، خاڵێكی هه‌ر گرنگی دیكه‌ش ئه‌وه‌یه، كه سێكته‌ری په‌روه‌رده‌یی و خوێندنی باڵا و ته‌ندروستی ته‌واو فه‌رامۆش كراون. لێره‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌و رووداوه بخه‌مه‌ڕوو كه له دانیشتنێكی ئێمه‌دا وه‌كو لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ی په‌رله‌مانی عێراق له‌گه‌ڵ وه‌زیری پێشووی په‌روه‌رده ئه‌نجامماندا: له رووبه‌ڕڕوبوونه‌وه‌ی پرسیاره‌كانی ئێمه‌دا، وه‌زیری په‌روه‌رده زۆر به راشكاوی گوتی: ’’وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده گه‌وره‌ترین وه‌زاره‌تی حكومه‌تی عێراقه له ڕووی میلاك و ئه‌ملاكه‌وه، به‌ڵام گه‌نده‌ڵترین وه‌زاره‌ته‘'. هه‌روه‌ها چه‌ندین جار دووپاتی كرده‌وه كه وه‌زاره‌ته‌كه‌یان پاره‌یه‌كی زۆری به هه‌ده‌ر داوه و ئه‌م سێكته‌ره گرنگه‌ی وڵات بۆ خزمه‌ت و پێگه‌یاندن و په‌روه‌ده‌ی نه‌وه‌ی نوێ به‌كار نه‌هاتووه.
- لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه: ئایا عێراق چۆن ده‌توانێت خۆی له‌م هه‌موو ئاسته‌نگ و گرفت و كێشانه رزگار بكات و بگاته ئه‌و قۆناغه‌ی كه له ئاستی پێویست دابێت و وه‌كو وڵاتانی پێشكه‌وتوو خزمه‌تی هاووڵاتیان بكات؟ چۆن ئه‌م وڵاته ده‌توانێت سه‌قامگیری و ئاسایش بۆ ته‌واوی گه‌لانی عێراق جێگیر بكات؟ چۆن ده‌توانێت جارێكی دیكه متمانه بگه‌ڕێنێته و له نێوان گه‌لانی عێراق و خه‌ڵك بۆ هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و جێبه‌جێكردن و دادوه‌ری؟ ئه مانه پرسیارگه‌لێكن پێویستییان به دیراسات و قوڵبوونه‌وه هه‌یه و لایه‌نی جێبه‌جێكاری پسپۆڕ و دڵسۆز و لێهاتوو و نیشتیمانپه‌روه‌ر هه‌یه. هه‌موو ئه‌م گرفتانه له ئه‌نجامی جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستووردا هاتوونه‌ته پێش و هه‌ر به جێبه‌جێكردنی ده‌ستووریش ده‌توانی جارێكی دیكه به یه‌كسانی له وڵاتێكی خاوه‌ن ئیراده و دیموكراسی و فیدرالییدا بژین.
- دوای ئه‌نفال و كیمیاباران و وێرانكاریيه‌كانی رژێمی پێشوو، پێمانوایه ئه‌م ده‌ستوره‌ی كه له ساڵی 2005 داڕێژرا و نووسرایه‌وه، ده سكه‌وتێكی مێژویی و وه‌رچه‌رخانێكی زێڕین بوو له ژیانی سیاسی گه‌لانی عێراق و كوردستان، به‌ڵام جێبه‌جێنه‌كردن و پێشێلكردنی به‌نده‌كان و پابه‌ند نه‌بوون پێیه‌وه بارودۆخی عێراقی گه‌یانده ئه‌م رۆژگاره تاڵه. بۆیه ده ستوور كێشه نییه گه‌لۆ.