ئه‌وانه‌ی ژێر عه‌باكه‌ی عه‌للاوی؟

محه‌مه‌د تۆفیق عه‌للاوی، راسپێردراو بۆ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران، ئه‌م ماوه‌یه زۆر گه‌وره كرا و فۆكه‌سی خرایه سه‌ر و وه‌خت بوو یه‌كڕیزی و ئیجماعی كوردیش بشێوێنێت له‌لایه‌ن هه‌ندێك په‌رله‌مانتاری بێ مه‌رجه‌عه‌وه، به‌ڵام نه‌ك بۆی نه‌كرا، به‌ڵكو بووه هۆكاری ئه‌وه‌ی خۆی ببێته یه‌كه‌م قوربانيی سیناریۆ تهمومژاويیهكانی پێكهێنانی حكومه‌تی نوێ.
شكستی عه‌لاوی و ئه‌وانه‌ی عاباكهیان به توندی گرتبوو، نه‌یانده‌زانی ئهجێنداكهی چی تێدایه و خواستی ئه‌و بۆ حوكمڕانی و سیاسه‌تكردن چییه و چۆنه، ته‌نانه‌ت ئه‌و كه‌مه په‌رله‌مانتاره كوردانه‌ش كه سه‌ره‌تا شاگه‌شكه‌بوون به هاتنه پێشه‌وه‌ی عه‌لاویی و وه‌ك یه‌كه‌م رۆژی جه‌ژن عهترڕێژی خۆیانكرد و متمانه‌یان پێ به‌خشی به موزایه‌دات و نمایشی وێنه‌كه‌ی خۆیان، ده‌تگوت فه‌تحی كوستهنتینیان كردوه و به ریفۆرمخواز و رزگاركه‌ر ناویان ده‌برد، ئه‌وان كه‌وتنه ناو ته‌ڵزگه‌ی ئیجماعی شیعی و خولگه‌ی موقته‌دا سه‌در و سائیرون و وایانده‌زانی ئه‌مه رێگا راسته‌كه‌یه، به‌ڵام نه‌ك وا ده‌رنه‌چوو، ده‌ركه‌وت روئیای عه‌لاوی بۆ كوردستان و ته‌واوی پێكهاتهكانش لاواز و ناچیزه، بۆیه ده‌بێت ئه‌و په‌رله‌مانتارانه تێبگه‌ن، سیاسه‌تكردن و كاری پهرلهمانتێریی و متمانه‌دان به كه‌سێك بۆ حوكمرانی به‌رپرسیارێتیه و جیاوازه له گه‌مه‌ی خۆده‌رخستن و میدیایی ناو فه‌یس بووك!
داواكاری خۆپیشانده‌ران روون بوو ئه‌م ماوه‌یه، به‌شه سه‌ره‌كیه‌كه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵكاران و ئه‌وانه‌بوو رۆژێك له رۆژان ده‌ستیان هه‌بووه له پیسكردنی ژینگه‌ی ئیداریی و حوكمڕانی و به میلیشیاكردنی كۆی فه‌زای سیاسی عێراق، بێگومان عه‌لاوی پشكی شێری هه‌یه له‌م چیرۆكه‌دا و بۆ خۆی یه‌كێك بووه له وه‌زیره بێده‌سه‌ڵات و بێبهرههمهكانی پێشوو، پاشان سێكته‌ره‌كانی كاره‌با و خزمه‌تگوزاریی گشتی و ته‌ندروستی و نه‌وت و گه‌شتیاریی و ئاوی شیرین و كار و مووچه و ده‌رماڵه‌و بێكاریی بۆته داواكاریی ئێستای خۆپیشانده‌ران و دیسان ئه‌م خواستانه، به كه‌سێكی ئه‌رستۆكرات و تێر و ده‌وڵه‌مه‌ندی وه‌ك عه‌لاوی ناكرێت و مه‌حاڵه، ئیتر تێنه‌گه‌یشتین، ئه‌و تایپه‌ی به توندی كه‌واكه‌ی عه‌لاویان گرتبوو به‌ته‌مای چ بوون؟
عه‌لاوی ویستی ته‌واوی گروپ و حیزب و ئاراسته سیاسییه‌كان به‌كاربهێنێت بۆ خۆی له رێگه‌ی موقته‌دا سه‌در و عامری و هه‌ندێ كوتله‌ی په‌رله‌مانییه‌وه، ئه‌وانیش ده‌یانزانی عه‌لاوی كاراكته‌رێكی ته‌كنۆكراتی بێ هێز و بێ ئیراده‌یه و توانستی ئه‌وه‌ی نییه رۆژێك له رۆژان یاخی بێت و له ئه‌مر و ئیتاعه‌یان ده‌ربچێت، بۆیه هه‌رزوو سیناریۆكان بوون به وههم و عه‌لاوی نه‌ك ده‌نگی نه‌هێنا و شكستی خوارد، نه‌شیتوانی سه‌ربه‌خۆیانه گفتوگۆیه‌كی بێلایه‌ن و عه‌قلانی كابینه‌كه‌ی خۆی بكات له‌گه‌ڵ لایه‌نه دژبه‌ره‌كانی سووننه و كورد.
حیزب له عێراق له وه‌زیفه‌ی سیاسی و فیكری و سلوكی خۆی دووركه‌وتۆته‌وه و بۆته كۆمپانیای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك گروپ و تاقم و بلۆكی گه‌وره، ئه‌م بلۆكانهن ئێستا عێراق به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن به‌ناوی هاوپه‌یمانێتی و ئیئتیلافهوه، پاره و هێز و نه‌وت و میدیا و چه‌كیان لایه و په‌یوه‌ندییه‌كانیشیان به ده‌ر و دراوسێوه له ترۆپكی خۆیدایه. عه‌لاوی له‌و بلۆكبه‌ندیه تازه‌یه‌ی عێراق تێنه‌گه‌شتبوو، په‌یوه‌ندییه‌كانیشی زۆر ساكار و لۆكاڵی بوو، فه‌نتازیای بۆ حوكمڕانیش زۆر میسالیانه بوو، هه‌موو توانسته‌كانی به‌ستبووه‌وه به ئه‌زموونه‌كانی رابردووی خۆی و كابینه‌یه‌كی ته‌كنۆكرات و دوور له حیزب و ئایدیۆلۆژیای سیاسی، له‌كاتێكدا خۆی به فلته‌ری گه‌وره‌ترین كوتله‌ی مه‌زهه‌بی و تائیفی و ئایدیۆلۆژیدا، هاته سه‌ر شانۆ سیاسییه‌كه.
دواجار كۆی خۆپیشاندانه‌كان بۆ خزمه‌تگوزاریی سه‌ره‌تایی و بۆ ژیانێكی شایسته‌یه، به‌ڵام ده‌ركه‌وت خۆپیشاندانه‌كانیش گوزارشت له نه‌بوونی ئینتیما و خواستی تاكی عێراقی ده‌كات بۆ شوناسی عێراقی بوون، عه‌لاویش هه‌ر سوودی له‌م كه‌له‌به‌ره گه‌وره‌یه وه‌رگرت و ویستی خۆی وه‌ك نوێنه‌ری خۆپیشانده‌ران ناونووس بكات، وه‌لێ بۆی نه‌كرا و ره‌فزێكی گه‌وره‌ی وه‌رگرت له‌لایه‌ن شه‌قامیشه‌وه، چونكه شتێك نه‌ماوه به‌ناوی عێراقی بوون.
ئه‌م بلۆكانه‌ی ئێستا عێراق به‌ڕێوه ده‌به‌ن و خه‌ریكی گفتوگۆن بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ، ئه‌جێندا و میسداقیه‌ت و به‌رنامه‌كه‌یان خاڵی بۆته‌وه له بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌تداری مۆدێرن و حه‌وسه‌ڵه‌ی حوكمڕانی عێراقیان نه‌ماوه، موعجیزه‌یه عێراق هێشتا به پێوه وه‌ستاوه پاش ئه‌و هه‌موو ناڕه‌زایه‌تی و گه‌نده‌ڵی و قه‌یرانه زۆرانه، ده‌ركه‌وت عێراق هی حیزبێك و دوان و سه‌ركرده و مه‌رجه‌ع و ئایدیۆلۆژیایه‌ك نییه، كاتیه‌تی ئه‌م موزائیكه سودی لێ وه‌رگیرێت به‌ره‌و عێراقێكی دادپه‌روه‌ر كه هه‌مووان له سایه‌یدا، هه‌ست به ئارامی و ئۆقره‌یی بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی به‌ڵانسی حوكمڕانی تێكچووه، خۆپیشاندانه‌كانیش عێراق ده‌باته قۆناغێكی نوێی چاوه‌ڕوان نه‌كرا و ئه‌گه‌ر به شۆرش بێت، یان كوده‌تا.