11ی ئادار و ئه‌و ده‌رسه‌ی كه ده‌بێت لێی فێر ببین
رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970، گرنگترین به‌ڵگه‌نامه‌ی مێژووییه له نێوان كورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی "به‌ناوی عێراق". له ده‌ستپێكی دامه‌زراندنی ئه‌و ده‌وڵه‌ته، تا ئه‌مڕۆ بووه‌ته هه‌وێنی چه‌ندین دانووستان و رێككه‌وتننامه‌ی دیكه.
له‌بیرمه ساڵی 1973 له‌گه‌ڵ باوكم و دایكم به‌سه‌ردانێك له ده‌ڤه‌ری چۆمان و حاجی ئۆمه‌ران بووین، به‌یانییه‌كی زوو به هه‌لهه‌له‌ی خۆشی دایكم به خه‌به‌ر هاتم. ئه‌وه‌ش به‌هۆی تێپه‌ڕینی نه‌مر ژنه‌راڵ موسته‌فا بارزانی و هه‌ڤاڵانی بوو كه به ده‌ڤه‌ره‌كه‌دا تێده‌په‌ڕین. ئه‌وكات هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان خۆشحاڵ بوون و سه‌قامگیرییه‌ك به كوردستانه‌وه دیار بوو، بۆیه ئه‌وانیش به گه‌شبینییه‌وه له داهاتوویان ده‌ڕوانی. به‌ڵام وه‌ك ده‌زانن حكوومه‌تی ئه‌وكاتی عێراق ئاماده نه‌بوو له پراكتیكدا هه‌نگاو بۆ جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنه‌كه هه‌ڵبگرێت و رێككه‌وتنه‌كه‌ش، به‌هاری گه‌شی، به پاییزی نسكۆ سپارد.
له دوای ئه‌وه‌ش، ماوه‌یه‌كی زۆر حكوومه‌تی به‌عس ده‌ستی به ده‌ستگیركردن، كوشتن و گوللـه‌بارانكردنی گه‌نجانی كورد كرد، براكانی منیش له‌و گه‌نجانه بوون كه به‌ده‌ستی چه‌په‌ڵی به‌عس گوللـه‌بارانكران، دواتریش ئه‌و شه‌پۆله ترس و تۆقاندنه، به كیمیابارانكردن و ئه‌نفال و راگواستنه‌وه درێژه‌ی كێشا تا ئاداری 1991.
راپه‌ڕینی 1991 له كاتێكدا هاته ئاراوه، كه كوردستانیان له بێهیواییه‌كی چڕدا ده‌ژیان، به‌ڵام هه‌لومه‌رجی سیاسی ناوچه‌كه له دوای شه‌ڕی كه‌نداو، كه‌شێكی له باری ره‌خساند و له راپه‌ڕیندا، هاریكاری جه‌ماوه‌ری راپه‌ڕیو پێشمه‌رگه‌ی كوردستان بوو.
من یه‌كێك له‌و كه‌سانه بووم كه به‌شداریم له راپه‌ڕینی هه‌ولێر دا كرد و وه‌ك ژنێك هاتمه سه‌ر شه‌قام و به‌عسییه‌كانمان شار به‌ده‌ر كرد. من تائێستایش ئه‌و چركه‌ساتانه‌ی ئه‌و رۆژه له‌بیر ناكه‌م، وزه‌ش له‌و رۆژانه وه‌رده‌گرم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شد، باوه‌ڕی ته‌واوم به پێكه‌وه‌ژیان و چاره‌سه‌ری ئاشتییانه هه‌یه. هاوكات پێویسته ئێمه‌ی كورد له‌و ده‌ستی ده‌ستیپێكردنه‌ی حكوومه‌ته یه‌ك له دوای یه‌كه‌كانی به‌غدا به باشی تێبگه‌ین و ده‌رسی لێوه‌بگرین، چونكه هه‌ر كاتێك حكوومه‌ت له به‌غدا لاواز ده‌بێت و تووشی قه‌یرانی ناوخۆیی یان ده‌ره‌كی ده‌بێ، داوای دانووستان و رێككه‌وتن له كورد ده‌كات، به‌ڵام كه تۆزێك به‌هێز ده‌بێته‌وه و قه‌یرانه‌كان به‌ره‌و كاڵبوونه‌وه ده‌چن، رێككه‌وتنه‌كان له‌بیر ده‌كه‌ن، په‌لامارمان ده‌ده‌ن، پیلان له دژی سه‌ركرده و سه‌رهه‌ڵدانه‌كانمان ده‌گێڕن.
كێشه‌ی هه‌ره گه‌وره ئه‌وه‌یه، كه تائێستایش هه‌مان عه‌قڵیه‌ت له به‌غدا كه‌م تا فره‌یه‌ك هه‌یه و هێشتا كاڵنه‌بووه‌ته‌وه، له‌لایه‌ن هه‌ندێك كه‌س و گرووپه‌وه په‌ره‌ی پێده‌درێت. كۆتا خاڵ ئه‌وه‌یه، كه ده‌سه‌ڵاته فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو هێلكه‌كانیان نه‌خه‌نه سه‌به‌ته‌ی به‌غدا‌وه، هاوكات كه له‌گه‌ڵ ئه‌وانیش كار ده‌كه، بیر له پلانی B و C بكه‌نه‌وه.