بەرپرسیارێتی رۆژنامەنووس بەرامبەر بە کۆمەڵ

Kurd24

بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەنووس بەرامبەر بە کۆمەڵ، زۆر لەوە زیاتر و گەورەترە لەوەی هەندێک لە ڕۆژنامەنووسان تێیگەیشتوون، چونکە ئاشکرایە، بەرپرسیارێتی ڕاگەیاندن لە کەشوهەوای ئاسایی و ئارام، گران و گەورەیە، لەکاتی ناخۆشی و قەیرانەکان بێگومان گەلەک زیاتر دەبێ، هەر ئەوەشە حکوومەت ناچاردەکا، لەکاتی ئەزمە و کاتە ناخۆشەکان، لەکاتی شەڕ و بەرگریکردن لەخۆ، بۆ بەرژەوەندی گشتی، سنوور بۆ دەزگاکانی راگەیاندن و کاری ڕۆژنامەنووسان دابنێ، بۆ ئەوەی ناحەز و دوژمنان سوود لەم دەسەڵاتە مەزنە وەرنەگرن، خەڵک بە ئەنقەست و بە درۆ چەواشەکاریی نەکەن.

نەبووە بە تکا و بە پاڕانەوە، ڕۆژنامەنووس بێنیتە سەرخەت و داوای لێبکەیت، بە ئەرکی سەرشانی خۆی هەڵبستێ، هەست بە بەرپرسیارێتی بەرامبەر بە کۆمەڵ بکات، بەڵکو لە کاتی هەستیار و پێویست، بۆ بەرژەوەندی گشتی، بەزۆر ناچار دەکرێن، پەیڕەوی یاسای تایبەت و ڕێنمایی کاتی بکەن.

بە خوێندنەوەی مێژووی ڕۆژنامەگەری جیهان، نموونەی زەق بەرچاو دەکەون، کە چۆن لە کاتی شەڕ و ئەزمەکان، بە یاسا و ڕێنمایی، ڕاگەیاندن ڕێکخستراوە، سنوور بۆ رۆژنامەنووسان دانراوە، ڕێگایان پیشاندراوە، کە چۆن و لەسەر چ بنووسن. شەڕی ڤێتنام و شەڕی کەنداو، دوو نموونەی زۆر زەقی پەنجا ساڵی ڕابردوون. لەم دوو شەڕەدا، تەنیا ئەو گرتە ڤیدیۆیانە بە رۆژنامەنووسان دەدران، کە ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەیانویست، ڕێگاش بە ڕۆژنامەنووس نەدەدرا، هەر کاتێ بیەوێ بە ئارەزووی خۆی سەردانی بەرەی جەنگ بکات و ئینتەرڤیوو لە سەرباز و ئەفسەر وەربگریت، بەشێوەی لایڤ، شەڕ و پێکدادانەکان بگوازێتەوە، بۆیە لەوکاتەی باس لە بەرپرسیاریەتی رۆژنامەنووسان دەکرێ، مەبەست تەنیا لە ڕۆژنامەنووسانی کورد نییە، هەموو قەڵەم و کامێرا بەدەستێک دەگریتەوە.

ئەو وڵاتانەی مێژووی ڕۆژنامەگەرییان بۆ زیاتر لە ٣٠٠ – ٤٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە، ئەزموونی کەڵەکەبووی زۆریان لەم بوارەدا بۆتە مایەی یارمەتی، کە ڕۆژنامەنووس بە ئاسانی هەست بە بەرپرسیارێتی بکات، ماف و ئەرکی خۆی بزانێ، نووسینەکان جوانتر بنووسێ، زمانی ڕاگەیاندنی تێرتر بێت. کەشوهەوای دیموکراتیش بە دەووری خۆی، یارمەتیدەرە هاووڵاتی ئاسانتر ڕەخنە قبووڵ بکات، جوانتر لە گوتار و گۆشەکان بگات، بە چاوی ڕەخنە و گومان، ئامرازەکانی ڕاگەیاندن بەکار نەهێنی.

لە وڵاتانی وەک کوردستان، کە ئازادی قسەکردن و ڕادەربڕین، جارێ لە لووتکەدا نییە و کەموکورتی تێدایە، ئەو تۆزە هەناسەیەی هەیە، کەسانێک هەن بە خراپە بەکاری دێنن و هەر زانیاریێکیان پێیبگات، بێ کۆنترۆڵکردن، لە شوێنێک بڵاوی دەکەنەوە. دیارە ئەمجۆرە ڕۆژنامەنووسانە، لە گەورەیی و ڕۆڵی مەزنی ڕاگەیاندن نەگەیشتوون، لە ماف و ئەرکی ڕۆژنامەنووسیش نەگەیشتوون، بۆیە بەردەوام ژەهر بە هەنگوین دەفرۆشن و دەرخواردی هاووڵاتی دەدەن.

ڕۆژنامەنووس هیچ پێویست ناکا، هەموو زانیاریێک وەکخۆی بگەیه‌نێت،  چونکە هەموو زانیارییه‌ک شایەنی نووسین و بڵاوکردنەوە نییە، رەگەزەکانی هەواڵی تێدا نییە و ناشبێ بڵاوبکرێتەوە. ئەوەی ڕاستیبێ، هەموو هەقیقەتێکیش نابێ بنووسرێ و باسبکرێ. بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسانی کورد، لەو ڕستە سادەیەی دواوە تێناگەن، چونکە ئەوان لە کۆمەڵگای خۆیان نەگەیشتوون، مێژووی کورد و کوردستان شارەزانین، مێژووی دەوڵەتانی دراوسێیان نەخوێندووه‌تەوە و ئاگاداری دیبلۆماسییەت و پەیوەندی نهێنی زلهێزەکان نین، بۆیە ئەو هەقیقەتەی دەبێ بە نهێنی بمێنێتەوە و لە میدیا باس نەکرێ، ئەوان گوتاری لەسەردەنووسن و زەقی دەکەنەوە.

باسنەکردنی هەموو هەقیقەتێک هیچ پەیوەندی بە باش و خراپی حکوومەت و سەرکردەکانی کوردەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە بەرپرسیارێتی پیشەی ڕۆژنامەنووسییەوە هەیە. ئەو تێڕوانینە، لەڕاستیدا، لە مێژووی ڕۆژنامەگەری جیهان، هیچ تازە نییە و ئەم ڕەچێتەیە بۆ کورد نەنووسرایە، بەڵکو وەک لەسەرەوە نووسیمان، لە کاتی قەیران و ناخۆشی، ڕاگەیاندن سنووردار دەکرێ، ئەو سنووردارکردنە بۆ خۆدەرخستن نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی کۆمەڵگایە لە هەندێ کارەساتی چاوەڕێ نەکراو.

کاری ڕۆژنامەنووس نییە، خەڵک پەروەردە بکات، ڕێگایان پیشان بدات، چۆن خۆیان لە نەخۆشی و کارەساتەکان بپارێزن، بەڵکو ئەوە کاری لایەنی دیکەی پەیوەندیدارە، دەزگا و پیشە و خەڵکی دیکەیە.

لە کوردستان نەوەیەکی نوێ لە ڕۆژنامەنووس پەیدا بووە، هیچ زمانێک بە تەواوی نازانێ، ئاستی ڕۆشنبیریی لاوازە، زانیاری پێویستی لەسەر ئەخلاقیاتی راگەیاندن نییە، لە سیاسەت دوورە، لە کۆمەڵگەی کوردەواری تێناگات، شارەزای قۆناغەکانی پێشکەوتنی مێژووی رۆژنامەگەری جیهان و کورد نییە، بۆیە درەنگ تێدەگات، زوو مەغروور دەبێت، لە یاسا دەردەچێت، لەهەمووشی خراپتر، پاساو بە دەستەڵات دەدات، بۆ دادگا ڕایبکێشێت. ئەوان سەرئێشە بۆخۆیان، سەرئێشە بۆ هاووڵاتی و کۆمەڵگە، ئینجا سەرئێشە بۆ حکوومەت دروست دەکەن، چونکە بە چاوی گچکە، لە پرسی گەورە دەڕوانن، بە قەڵەمی کۆر، دەیانەوێ چیرۆکی جوان و نەبیستراو بنووسنەوە.