به‌رپرسياريه‌تى ياسايى بڵاوكردنه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆرۆنا
به‌ريتانيا وه‌ك يه‌كه‌مين وڵات، له‌ڕێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه ياساى ڕێگريكردن و بڵاوبوونه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆرۆنا (The Health Protection (Coronavirus) Regulations 2020)ى ده‌ركرد. ئامانج له ده‌ركردنى ياساكه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ کەمکردنەوەی مەترسی بڵاوبوونه‌وه‌و گواستنەوەی زياترى ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە مرۆڤێک بۆ مرۆڤێکی ديكە و دانانى رێكار و سزا بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ى به ئه‌نقه‌ست ياخود به‌هۆى كه‌مته‌رخه‌مى ده‌بنه هۆكارى تهشهنهپێكردنى توشبووان و زيانگه‌ياندن به ته‌ندروستى گشتى. ياساكه له (16) مادده پێكهاتووه و ئه‌حكامه‌كانى په‌يوه‌ست به ئه‌نجامدانى رێكاره ياساييه‌كان و سزاى سهرپێچيكارانى دياريكردووه.
له بڕگه‌ى يه‌كه‌مى مادده‌ى (15) ى ياساكهدا هاتووه، به سه‌رپێچى ياسايى داده‌نرێت، هه‌ر كه‌سێك به‌بێ بوونى پاساوى ياسايى، پابه‌ندى رێكاره‌كانى ئه‌م ياسايه نه‌بێت، ياخود له كه‌ره‌نتين ڕا بكات.
له بڕگه‌ى پێنجه‌مى مادده‌ى (15)دا، سزاى ئه‌و كه‌سانه‌ى دياريكردووه كه پابه‌ندى رێنماييه ته‌ندروستييه‌كانى وه‌ك رێگريكردن له پشكنين و ياخود له كهرهنتينه ڕابكات و ته‌ندروستى گشتى بخاته مهترسييهوه، ئه‌وا سزا ده‌درێت به غه‌رامه‌ى دارايى به بڕێك له هه‌زار پاوه‌ند زياتر نه‌بێت.
ده‌قه یاساییه‌كان، به تێڕوانینی بيرمه‌ندى فه‌ره‌نسى (جان جاك رۆسۆ) ڕەنگدانهوهی ئیراده‌ی گشتی و بارودۆخی نێو كۆمەڵگەن، بۆيه ده‌وڵه‌ت له رێگه‌ی شه‌رعیه‌تی گه‌له‌وه، سیسته‌می یاسایی و جڤاكى رێكده‌خات و كرداری تاوان و سزاكان دیاری ده‌كات، به‌ڵام به جۆرێك نابێت ئه‌م شه‌رعیه‌تدانه به ده‌وڵه‌ت له دیاریكردنی تاوان و سزادا پێشێلكردنی ماف و ئازادییه گشتییه‌كانى لێبكه‌وێته‌وه. پاڵپشت به پره‌نسیپی ياسايبوونى تاوان و سزا (Nulla poena sine lege) ده‌سه‌ڵاتی ده‌ركردنی یاسا سزاییه‌كان ده‌به‌خشرێت به ده‌سه‌ڵاتی یاسادان (په‌رله‌مان). بۆیه له ئێستادا، زۆرێك له وڵاتان له‌رێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه، یاساكانى سزایی په‌یوه‌ست به رێگریكردن له بڵاوكردنه‌وه‌ی په‌تاو ڤایرۆسه‌كانی وه‌ك ئایدزو كۆرۆنا ده‌قنووس ده‌كه‌ن.
په‌تاى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ 19-COVID، هاوشێوه‌ى جۆره‌كانى تر‌ى وه‌ك ڤايرۆسى ئايدز HIV ده‌بێته هۆى بڵاوبوونه‌وه و تووشكردنى كه‌سانى تر، ئه‌م شێوازه تووشكردنى كه‌سانى تر، چ به ئه‌نقه‌س بێت و ياخود به‌هۆى كهمتهرخهمييهوه بێت، ده‌بێته هۆى دروستبوونى به‌رپرسيارييه‌تى سزايى، چونكه ئه‌گه‌رى ئه‌وه‌ى هه‌يه، كه‌سێك به ئه‌نقه‌ست هه‌وڵى بڵاوكردنه‌وه‌ى په‌تاو ڤايرۆسهكه بدات و كه‌سانى تر تووش بكات، بۆيه پێويسته ده‌قى ياسايى هه‌بێت و سزاى قورس بۆ تاوانبارانى بڵاوكردنه‌وه‌ى ڤايرۆسهكه بدات.
لە ساڵی 1991 دا، یاسادانەری فەرەنسی یاسای سزادانی هەمواركردەوە، لە ئەحكامەكانی تایبەت بە تاوانەكانی پەیوەندیدار بە سەلامەتی جەستەيى و ته‌ندروستى گشتى، گواستنەوەی ڤایرۆسی ئایدز (HIV) وەك تاوان ناساند. بە گوێرەی ئەم هەمواركردنە، هەر كەسێكی هۆشیار و پێگەیشتوو، بە ئه‌نقه‌ست ياخود كەمتەرخەمی، ببێتە هۆكار بۆ بڵاكردنەوەی نەخۆشییەكی گوێزراوه یاخود ڤایرۆس و پەتا، ئەوا سزا دەدرێت بە سزای بەندكردن بۆ ماوەی سێ ساڵ. لە ساڵی 2005، دادگای پێداچوونەوەى كۆڵمار (la cour d'appel de Colmar)، له‌باره‌ى تاوانی ڤایرۆسی ئایدز، حوكمێكى دادگای تاوانی شاری ستراسبۆرگی(tribunal correctionnel de Strasbourg) پەسەند كرد، كه بريتيبوو له سزادانی كەسێكی تووشبووی به ڤایرۆسی لەكارخستنی بەرگری لەش (ئایدز) بەهۆی گواستنەوەی ڤایرۆسەكە بۆ دوو ئافرەت تر، بۆیە دادگا بريارى بەندكردنى به‌سه‌ر ئه‌و كه‌سه‌دا سه‌پان كه بوه هۆكار بۆ گواستنه‌وه‌ى ڤايرۆسهكه. ئەم بریارەی دادگای پێداچوونەوەی كۆڵمار بوە پێشينهیەكی دادگايی گرنگ سەبارەت بە تاوانى گواستنەوەی نەخۆشی ئایدز بەرێگەی تێكەڵبوونى سێكسییەوە.
له‌ڕووى تيۆريى و ئاراسته فكرييهكانهوه، دانانى سزاى ياسايى گونجاو بۆ كرداره تاوانييهكان، هۆكارێكه بۆ رێكخستنى كۆمه‌ڵگه و هێنانه‌دى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵايه‌تى، بۆيه فهيلەسووفانی وه‌ك (كانت و رۆسۆ و مۆنتسكيۆ) سزاى گونجاو وه‌ك ئامرازێكى گونجاوى پاسهوانيكردنى كۆمه‌ڵگه و هێنانه‌دى دادپه‌روه‌رى هه‌ژمار ده‌كه‌ن.
زۆرێك له ياسا سزاييهكانى وڵاتان، پاراستنى ته‌ندروستى گشتى وه‌ك كۆڵگهيهكى گرنگى پاراستنى ئه‌من و ئاسايشى نيشتمانی له قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، بۆيه له‌رێگه‌ى ياساوه، كردارى بڵاوكردنه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆرۆنا به‌شێوه‌ى ئه‌نقه‌ست، ياخود هه‌ڵه‌وه، به‌رێگه‌ى ده‌ست لێدان، ياخود تێكه‌ڵبوونه‌وه، به تاوانى كه‌تن و جينايات هه‌ژمار ده‌كه‌ن و سزاى قورس بۆ بكه‌رانى تاوانه‌كه داده‌نێن، لێره‌دا ئاماژه به ياساو جۆرى سزاى چه‌ند وڵاتێك ده‌كه‌ين، له‌وانه:
- سويسرا: پەرلەمانی سویسرا، دوايین هه‌موارى یاسای فیدراڵی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە گوێزەرەوەكان (LEP) له رێکەوتی 21-3-2020 ى دەركرد، لە ماددەكانی (81 و 82 و 83)دا، سزای بەندكردن بۆ ماوەیەك لە (3) ساڵ زیاتر نەبێت و سزا پێبژاردنی دارایی داناوە بۆ ئەو كەسەی زیان بە تەندروستی گشتی دەگەیەنێت و سەرپێچی بنەما و ئەحكامەكانی یاساكە دەكات.
- روسیا: سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی رووسیا هەمواری یاسای سەرپێچییەكانی ئیداری پێشكەش بە ده‌سه‌ڵاتى ياسادانانى رووسيا (ئەنجوومەنی دوما DUMA) كردووه، سه‌باره‌ت به دياريكردنى سزای پێبژاردنی دارایی قورس بۆ ئەو كەسانەی پێشلكاری رێنماییەكانی خۆپارێزی دەكەن، هه‌روه‌ها دانانى سزای پێبژاردنی دارايى دوو ئەوەندە بۆ ئه‌و سەرپێچیكارەی ئه‌گه‌ر هاتوو بەرپرسێكی دەوڵەت بێت، هەروەها هەر كەسێك لە كەرەنتینە و نەخۆشخانە ڕابكات و ببێتە هۆكار بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەكە، ئەوا دووچاری سزای بەندكردن و بەرپرسیاریەتی سزایی دەبێتەوە.
- ئۆكرانیا: پەرلەمانی ئۆكرانیا لە رێكەوتی 17-3-2020 چەند دەقێكی پەیوەست بە یاسای سزادانی هەمواركردەوە، بە ئامانجی توندكردنی رێكاری یاسایی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، پەرلەمان بڕیاردا، بە دياريكردنى سزاى پێبژاردنی دارايى بۆ ئەو كەسانەی سەرپێچی كەرەنتینەی تەندروستی دەكەن. هەروەها لە ماددەی (325)ی یاسای سزادانی ئۆكرانیادا هاتووە: هەر كه‌سێك ببێتە هۆكاری بڵاوكردنەوەی پەتا و ڤایرۆس و نەخۆشییەكانی تر‌ى گوێزراوه، سزا دەدرێت بە بەندكردن بۆ ماوەی سێ ساڵ.
- ئوردن: یاسای سزادانی ئوردنی لە ماددەكانی (326 تاكو 344) باسی لە سزای بڵاوكردنەوەی نەخۆشییەكان و زیانگەیاندن بە تەندروستی گشتی كردووە، بەڵام بە گوێرەی ماددەی (22/ب) لە یاسای وەزارەتی تەندروستی ئوردنی ژمارە (47)ی ساڵی 2008 سزای ئەو كەسەی دیاریكردووە كە ببێتە هۆكاری بڵاوكردنەوەی نەخۆشی و پەتا و ڤایرۆس، یاخود رێگری بكات لەوەی رێكاری یاسایی و تەندروستی بەرامبەر ئەنجام بدرێت، ئەوا سزا دەدرێت بە بەندكردن بۆ ماوەی دوو مانگ تاوەكو ساڵیك، یاخود سزای پێبژاردنی دارایی.
- هه‌ڵوێستى ياساى سزادان له عێراق و هه‌رێمى كوردستان: له عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا، تاوه‌كو ئێستا كار به ياساى سزادانى عێراقى ژماره 111ى ساڵى 1969 ده‌كرێت، له به‌شى حه‌وته‌مى ياساكه و له رێگه‌ى دوو مادده‌وه، باس له‌و تاوانانه ده‌كات، كه زيان به ته‌ندروستى گشتى ده‌گه‌يه‌نن، له مادده‌ى (368 و 369)دا ئاماژه‌ى به‌وه كرده‌وه، هه‌ر كه‌سێك به ئه‌نقه‌ست و له رێگه‌ى كرده‌وه، ياخود به هه‌ڵه و به‌هۆى كهمتهرخهميى و پابه‌ند نه‌بوون به ياساو رێنماييهكانهوه، ببێته هۆى بڵاوكردنه‌وه‌ى نه‌خۆشييه‌كى مه‌ترسيدار، سزا ده‌درێت به به‌ندكردن و پێبژاردنی دارايى، له حاڵەتێکدا ئه‌گه‌ر كه‌سى تووشبوو به نه‌خۆشى، كه‌سانى تر دووچاری نه‌خۆشييه‌كه بكاته‌وه و به‌هۆيه‌وه كه‌سێكى تر گيان له ده‌ست بدات، سزاكه‌ى قورس‌تر ده‌بێت. ده‌توانرێت ئه‌م دوو مادده‌يه له‌سه‌ر حاڵەتەکانی بڵاوكردنه‌وه و گواستنه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆرۆنا له‌سه‌ر بكه‌رى تاوانه‌كه جێبه‌جێ بكرێت، جا كه‌سى تووشبوو چ به ئه‌نقه‌ست، چ به‌هۆى هه‌ڵه و كه‌مته‌رخه‌مى بووبێته هۆكار بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ى ڤايرۆسى كۆرۆنا.
به‌ڵام ئه‌م دوو ماددهيهى ياساى سزادانى عێراقى ئهشكالياتى ياسايى تێدايه و خودى ياساى سزادان ياساييه‌كى زۆر كۆنه و له‌گه‌ڵ پێشكه‌وتنه‌كانى سه‌رده‌م و گۆڕانكارييه‌كان ناگونجێت، بۆيه پێويسته په‌رله‌مانى كوردستان هاوشێوه‌ى په‌رله‌مانى به‌ريتانيا و سويسرا و وڵاتانى تر، ياساييه‌كى نوێ و تايبه‌ت به به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى بڵاوكردنه‌وه و گواستنه‌وه‌ى ڤايرۆسه‌كان و پاراستنى ته‌ندروستى گشتى ده‌ربكات، چونكه ڤايرۆسه‌كان، وه‌ك چه‌كێكى بايلۆژى، مهترسيهكهى زۆر زياتره له چه‌ك و تهقهمهنييهكانى تر. گريمانهى ئه‌وه ده‌كرێت له داهاتوودا، ڤايرۆسه بايلۆژييهكان ببنه ئامراز و وه‌سيله‌ى مه‌ترسيدار بۆ ئه‌نجامدانى تاوان و تێكدانى ته‌ندروستى گشتى كۆمه‌ڵگه.
*مامۆستا له زانكۆى سۆران/ كانديدى دكتۆرا له ياساى گشتى.