شۆکێکی بەهێزتر لە شۆکی کۆرۆنا

Kurd24

وێڕای زۆری کۆبوونەوەکانی ئۆپیک بۆ دیاریکردن و کەمکردنەوەی رێژەی بەرھەمی نەوت لە بازاڕەکان بۆ یەک ملیۆن و نیو بەرمیل لە سەرەتای ساڵی 2016ەوە، بەڵام سەرئەنجام نەگەیشتنە رێککەوتن.

زۆربەی راپۆرتەکان وای بۆ دەچن، داواکاریی لەسەر نەوت لە چارەکی یەکەمی 2020  به رێژەی 3 تا 4 ملێون بەرميل دادەبەزێت لە رۆژێکدا، لێرەدا رۆڵی رووسیا کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو کاتێک رەتیکردەوە بەرهەمی نەوت کەمبکرێتەوە، ئەمەش بووە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت بە رێژەی لە 10٪.

رووسیا لەم نێوەندەدا ئامانجی خۆی ھەیە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ساڵی 2014 كاتێک ویستی شەڕی کۆمپانیاکانی بەرهەمھێنەری نەوتی بەردیی‌ ئەمریکا بکات، نرخی نەوت زۆر دابەزی، ئەوسا ئەو ستراتیژییە زیانی زۆری لە وڵاتانی بەرهەمھێنی سەرەکی نەوتدا، بەڵام بووە ھۆی مایەپووچی زۆربەی کۆمپانیاکانی بەرهەمھێنی نەوتی بەردی، لەکاتێکدا ستراتیژیەتی کەمکردنەوەی بەرهەم، زۆرجار بە زیان دەشکێتەوە، چونکە دەبێتە ژیانەوەی کۆمپانیاکانی بەرھەمی نەوتی بەردی لە ئەمریکا، بۆیە رووسیا پێیوایە ئەو ستراتیژیەتە یارمەتی کۆمپانیاکانی ئەمریکا دەدات، بەڵام ئەو سیاسەتە، زیان لە رووسیا دەدات، چونکە رووسیا پێویستی بە داھاتی نەوتە، بەڵام کۆرۆنا کێشەکەی ئاڵۆزتر کرد.

ئێستا نەوتێکی زۆر لە بازاڕدا کەڵەکە بووە، چونکە بەرهەمی ئەمریکا  هەموو ساڵێک یەک ملیون زیادە، کەچی ئێستا بووەتە چەند هێندە بە ھۆی نەبوونی کڕیار و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا.

بەبێ رووسیا نرخی نەوت زۆر دادەبەزێت، زۆربەی وڵاتانی بەرھەمھێن زەرەر دەکەن به رووسياشەوه، هەروەها کاریگەریی دەبێت لەسەر بودجەی ئەو وڵاتانەی پشت بە داهاتی نەوت دەبەستن. بۆ نموونە عێراق، هەروەها هەرێمی کوردستانيش، چونكه نزيكەی 90%ی داهاتی لەسەر نەوتە.

لە ئێستاوە کێشەکان بەشێوەیەک دروست دەبن و سەرهەڵدەدەن، ئەگەر وا بڕوات زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی کە له كوردستان كاردەكەن، کە كۆمپانیای مامناوەندن، يان بچووكن، مایەپووچ دەبن، چونکە بەپێی هەموو لێکدانەوەکان، نرخی يەك بەرمیل نەوت دەگاتە 20$ و کەمتر، ئەگەر نرخەکەی بەم شێوەیە بەردەوام بێت، کۆمپانیاکانی نەوتی بەرد له ئەمریکا، زیانێکی زۆریان بەردەکەوێت، يان ئەوانيش مایەپووچ دەبن.

ئەوەی کێشەکە گەورەتر دەکات، هەوڵی ئەوروپایە بۆ کەمکردنەوەی ئەو گازانەی ژینگە پیس دەکەن، بەھۆی بەكارهێنانی نەوتەوە، وەک هەوڵێک بۆ بەکارھێنانی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بە تیشکی خۆر و وزەی کارەبایی کاردەکەن، بۆیە ئەگەر دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، هەرێمی کوردستان زیانێکی ئەوەندە زۆر دەکات، کە بەچەندین ساڵ نەتوانێت قەرەبووی بکاتەوە، بۆیە زۆر گرنگە حکومەتی هەرێمی کوردستان چیتر خەزێنەکەی لەسەر داهاتی نەوت نەچنێت، پێویستە کاری جددی بۆ جۆراوجۆرکردنی داھات بکات، دەنا لە ماوەیەکی نزیکدا، تووشی شۆکێکی بەهێزتر دەبین، لە شۆکی کۆرۆنا.

 

* مامۆستای زانکۆی سۆران