ئایا كۆرۆنا جێگۆڕكێی ئەمەریكا و چین خێراتر دەكات؟

Kurd24

زۆربەی وڵاتانی جیهان سەرسامی خۆیان بە چیرۆكی سەركەوتنی چین بەسەر پەتای كۆرۆنا نیشان دەدەن، بەڵام هیچیان بەتایبەتیش ئەمەریكا و ئەوروپا سەركەوتوو نەبوون لە كۆپیكردنی مۆدێلی چین بۆ زاڵبوون بەسەر ڤایرۆسی كۆرۆنادا، بەمەش تووشی كارەساتێكی گەورەی كۆتا نادیار بوونەتەوە، كە ئێستا رۆژانە هەزاران كەسیان تووشی ئەو پەتایە دەبن و سەدان كەسیشیان بە بەرچاوی خۆیانەوە گیان لەدەست دەدەن.

چین سەرەڕای سەركەوتنی گەورەی بەسەر ئەم پەتا جیهانییەدا رووبەڕووی هەندێ رەخنەی نەیارەكانیشی دەبێتەوە، بە تایبەت ئەمەریكا كە ركابەرێكی سەرەكی ئەو وڵاتەیە. ئەمەریكا لەسەره‌تادا دەستخۆشی لە چینیەكان كرد بۆ باش بەڕێوەبردنی قەیرانەكە و زاڵبوون بەسەر پەتاكەدا لە ماوەی چەند مانگێكی دیاریكراودا، كەچی زۆری نەبرد كۆمەڵێك بەرپرسی ئەمەریكا لە سەرووی هەمووشیانەوە دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستیان بە رەخنەگرتن كرد و ناوهێنانی ڤایرۆسەكە بە ڤایرۆسی چینی و ڤایرۆسی وۆهان.

ئەو بەرپرسانە چینیان بەوە تۆمەتبار كرد، كە لەسەرەتادا بۆ ماوەی نزیكەی دوو مانگ زانیارییەكانی لەسەر ئەم پەتایە بۆ جیهان ئاشكرا نەكردووە و داواش لە هەموو بەرپرسە تەندروستییەكانی شاری وۆهان كرد زانیاری و داتا لەسەر ئەو ڤایرۆسە بڵاو نەكەنەوە. رێگەی بە رۆژنامەنووسە جیهانییەكان بە تایبەت ئەمەریكییەكان نەدا كە بچنە ناو ئەو شارە و زانیارییەكان بدەنە میدیا جیهانییەكان، تەنانەت باسی دەستگیركردنی هەندێك لە دكتۆرەكانیش دەكرێت كە لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئەو ڤایرۆسە ئاگاداری هەموو ورده كاريیه‌كان بوون. هەروەها رەخنەی ئەوەی لێ دەگیرێت كە دەیتوانی لە سەرەتاوە پێشگیری لە بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە بكات و هەموو جیهان تووشی ئەو كارەساتە نەبێت. ئەمەریكییەكان چین تومه تبار ده‌كه‌ن و دەڵێن پێويسته چین دان بەوەدا بنێت و بەرپرسیارێتی ئەو كارەساتە لە ئەستۆ بگرێت.

چین لەسەرەتای سەرهەڵدانی ئەو پەتایە دەستی بە كۆمەڵێك رێكاری توند و خێرا كرد، لەوانەش داخستنی وۆهان و دواتریش زۆربەی هەرێمەكانی دیكە و راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ و گەڕان بەدوای سەرچاوەی ڤایرۆسەكە و پشكنینێكی یەكجار زۆر بۆ دۆزینەوەی تەواوی ئەو كەسانەی كە هەڵگری ڤایرۆسەكە بوون و جیاكردنەوەیان، كە ئەمەش بۆ شارێكی 11 ملیۆن كەسی وەك وۆهان و هەرێمێكی 55 ملیۆن كەسی وەك هۆبێ ئاسان نەبوو. جگە لەمانەش دەستی كرد بە دروستكردنی ژمارەیەك نەخۆشخانەی قەبارە گەورە و لە ماوەیەكی پێوانەیی چەند رۆژێكدا، بەمەش سەركەوتنێكی مێژوویی بەسەر ئەم پەتایەدا راگەیاند. ئەو رێكارانە و چیرۆكی سەركەوتنی بەسەر پەتاكەدا بوون بە بەڵگەیەكی به هێز لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەبردنی وڵات لە ئاستی ناوخۆیی.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش زۆر روون  دیارە كە چین دەیەوێت وەبەرهێنانێكی گەورە بەو شارەزاییەی بكات كە لە سەرە ئەم پەتایە بەدەستی هێناوە، كە ئەمەش بەباشی لە جموجووڵە خێراكانی بۆ یارمەتیدانی زۆربەی وڵاتانی جیهان رەنگی داوەتەوە، بە تایبەت لە ناردنی كەلوپەلی پزیشكی و شارازایانی بواری تەندروستی بۆ زۆربەی وڵاتانی جیهان.

ناكرێت ئاماجەكانی چین لەو جموجووڵەدا تەنها لە بەدەستهێنانی قازانجێكی ئابووریدا كورت بكرێنەوە، بەڵكو چاوی خستووەتە سەر كورسییەكەی ئەمەریكا و نایەوێت لە دوای سەردەمی كۆرۆنا چیتر ئەمەریكا تاكە حاكمی جیهان بێت.

كامبڵ دۆش بۆ گۆڤاری فۆرن پۆلیسی دەڵێت: سەركەوتنی چین بەسەر كۆرۆنا بەشێكی پێشانیدا كە بۆ فەرمانڕەوایی وڵاتی خۆیان لە بەرزترین ئاستی بەڕێوەبردندان، لە كاتێكدا ئەمەریكا و رۆژئاوا بەدەست ئەم پەتایەوە دەستەوەستانن و رۆژ دوای رۆژ ژمارەی تووشبووان و گیان لەدەستدان بەرەو هەڵكشانێكی مەترسیدار دەڕوات.

سیۆنگ هایۆن، بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی چین لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ فۆرن پۆلیسی دەڵێت: چینییەكان دەیانەوێت ئەو هەلە بقۆزنەوە و خۆیان وەك فريادرەسی جیهان بناسێنن بۆ دروستكردنی ناوبانگێكی باش، بەتایبەت لای ئەوروپییەكان، كە ئەمەش لە یارمەتییەكانی بۆ ئەو وڵاتانە رەنگی داوەتەوە.

سیباستیان، پرۆفیسۆر لە زانكۆی هۆنگ كۆنگ هەمان شت دەڵێت و دەنووسێت، چینییەكان بەردەوام بەدوای هەلدا دەگەڕێن بۆ پیشاندانی هيز و توانای خۆیان وەك باشترین ولات بۆ یارمەتیدانی وڵاتانی لێقەوماو. بۆ ئەو مەبەستەش ئیتاڵیا بە نموونە دەهێنێتەوە، كە لەكاتێكی زۆر تەنگانەدا هیچ وڵاتێكی ئەوروپی وەڵامی داواكارییەكەی نەدایەوە، كەچی چین زۆر بە خێرایی یارمەتی و كەل و پەلی تەندروستی و ژمارەیەك پسپۆر و شارەزای پزیشكی رەوانەی ئەو ئەو وڵاتە كرد و دواتریش بۆ چەندین وڵاتی دیكە.

شارەزایان دەڵێن: چین ئامانجی دیكەشی لەم یارمەتیدانەی وڵاتان هەیە، ئەویش كۆكردنەوەی داتای نوێیە لەسەر ڤایرۆسەكە و چۆنیەتی رەفتاركردنی لە وڵاتە جیاوازەكان، لەگەڵ هەر یارمەتیدانێك كۆمەڵێك پزیشكی وڵاتەكەی دەنێرێتە وڵاتانی جیهان.

بۆ پشتگیری كردنی سیاسەتی ڵاتەكەی و سەركەوتنی پلانەكانی, گەورە ملیاردێری چینی "جاك ما" خاوەنی كۆمپانیای عەلی بابا بۆ بازاری ئەلیكترۆنی، كە شان بەشانی حكومەتی وڵاتەكەی یارمەتی گەیاندووەتە چەندین وڵاتی وەك ئیتاڵیا، ئیسپانیا، فەرەنسا، ئێران، عێراق، وڵاتانی ئەفریقیا و ئەمەریكاش.

دكتۆر بانگ یانگ، مامۆستا لە زانكۆی كۆرۆنیَلی چینی دەڵێت: چین بە كردەوە توانی ببێتە فريادرەسی وڵاتانی لێقەوماو و جیاواز لە ئەمەریكا رەفتار دەكات، كە ئەمەریكا هەمیشە دەڵێت: "ئەمەریكا فێرست" واتە ئەمەریكا بە پلەی یەكەم.

ئاژانسی رۆیتەرز بە تەنزەوە دەڵێت: دوور نییە پەتای كۆرۆنا ببێتە هۆی گۆڕینی جوگرافیای سیاسیی جیهان، بەڵام ئایا ئەمەریكا بەو ئاسانییە لەگەڵ دۆخەكە رادێت؟

مایكڵ ماككۆل، یەكێك لە بەرپرسە كۆمارییەكانی كۆشكی سپی لە چاوپێكەوتنێكدا گوتی: راستە یارمەتیدانی وڵاتان وەك ئەوەی چین دەیكات جێگای دەستخۆشییە، بەڵام دەمەوێت ئەو راستییە بڵێم كە چین یارمەتی هیچ وڵاتێك نادات بەبێ ریكلامی هێز و توانا.

ترەمپ و ئیدارەی ئەمەریكا نەك هەر لە ئاستی دەرەوە، بەڵكو لە ئاستی ناوخۆش رووبەڕووی رەخنەگەلێك بوونەتەوە، لەوانەش بەهۆی ئەنجامنەدانی رێكرای خێرا لە كاتی پێویست بۆ پێشگیریكردن لە تەشەنەسەندنی ئەم پەتایە. بیل گەیتس، گەورە ملیاردێری ئەمەریكی و هاوكات خاوەنی كۆمپانیای مایكرۆسۆفت دەڵێت: دەبوو سوود لە مۆدیلی چین وەربگرین، دەكرا لە سەرەتادا قەدەغی هاتوچۆ  رابگەیەنین، بە تایبەت لە نیۆیۆرك. ئیدارەی ترەمپ بە پاساوی زیانگەیاندن بە ئابووری وڵات، لە سەرەتادا بڕیاری داخستنی شارەكانی نەدا.

رەخنەكانی دیكەی كە ئاراستەی ئیدارەی ترەمپ دەكرێن، یارمەتینەدانی ئەوروپا و دروستكردنی بۆشاییەك بوو لە نێوان خۆی و ئەوروپا، كە چین زۆر بە خێرایی هەوڵی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە دەدات. هه‌روه‌ها ئەو رەخنە گەورەیەی لە ئیدارەی ترەمپ دەگیرێت بەهۆی هەوڵە شكست خواردووەكەی بوو، كاتێك هەوڵیدا پڕۆژەی دروستكردنی ڤاكسین بە پارەیەكی خەیاڵی لە ئەڵمانیا بكڕێت و مەرجی سەرەكیش بەكارهێنانی ڤاكسینەكە تەنیا بۆ ئەمەریكییەكان بێت، ئەمەش ئەوروپییەكانی زیاتر تووڕە كرد.

چین زۆر بەخێرایی و وریایی كار دەكات و پلان دادەڕێژێت، لەولاوە ئەمەریكا دووچاری شڵەژان و مەترسی داڕمانی ئابووری گەورە بووەتەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو هەڵكشانە خێرایەی لە ئاماری تووشبووانی وڵاتەكەی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا، كە ئێستا ئەمەریكا لە پلەی یەكەمی ریزبەندی وڵاتانی جیهاندایە و ژماری تووشبووانی 200 هەزاری تێپەڕاندووە.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی "WHO"  هۆشداری تۆندی دایە كاربەدەستانی ئەمەریكا و دەڵێت: رۆژانی زۆر سەخت بەڕێوەن.

لە كۆتاییدا دەگەینە ئەو پرسیارانە كە ئایا ئەمەریكا چیتر دەتوانێت وەك دەیان ساڵی رابردوو فەرمانڕەوای هەموو جیهان بێت و وەك هێزی یەكەم له جيهان رەفتار بكات؟ يان كۆرۆنا دەبێتە كاوەی ئاسنگەری چین بۆ روخاندنی ئەمەریكا وەك هێزی یەكەم و چین ببێتە شوێنگرەوەی بۆ سەردەمی دوای كۆرۆنا؟

 

* پ. ی. د. سه‌ڵاح تۆفیق باڵه‌كى

زانكۆی هه‌ولێری پزیشكی