یادى بیست ساڵەى نەورۆزى ئەنقەرە و شانازیەکى مێژوویى

Kurd24

لەساڵانى نۆهەتەکان بەهۆى بارودۆخى تورکیا ئاهەنگى نەورۆز بەشێوەیەکى سنووردار و زۆر بچوک بە ئامادەبوونى چەند دیپلۆمات و کەسایەتیەکى سیاسی کورد و میدیا لە ماڵى ئێمە ساز دەکرا.

بیست ساڵ لەمەبەر واتە ساڵى 2000 هەستمان کرد کە دەکرێت ئەو تەوقە بشکێنین و ئاهەنگى نەورۆز بە فەرمى ئەنجام بدەین. وەک رێگا خۆشکردنێك بۆ تورکیا کە بە ئاسایی و یاسایی رێگە بدات سازبدرێت. چونکە لەناوەندەکان و لەزۆر شوێنى باکوور بە نایاسایی لە روانگەى تورکیاوە ئاهەنگى نەورۆز دەگێڕدرا. ئەمەش دەبووە مایەى ئاڵۆزى و خوێنڕشتن وگرتن و راوەدوونان.

نوێنەرایەتى پارتى لە ئەنقەرە کارتى فەرمى بانگهێشتى ئاهەنگى نەورۆزى بۆ باڵیۆزخانە و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتار و میدیاکاران رەوانە کرد و بە فەرمى بانگهێشتىکردن بۆ بەشداربوون لە ئاهەنگى نەورۆز، کە ئەمە دەستپێکى قۆناغێکى سەخت بوو.

لە ئێوارەى 20/3/2000 لە هؤتێل شیراتۆن بە ئامادەبوونى چەند وەزیرێکى حکومەتى هەرێم و باڵیۆزو دیپۆماتکارانى چەندین وڵات و پەرلەمانتار و سیاسەتمەداران و میدیاکاران و کەسایەتى کۆمەڵایەتى کورد لەباکوور و ئاهەنگى نەورۆز سازکرا.

ئاهەنگەکە بە پێشوازى فەرمى لەلایەن نوێنەرو خێزانى و وەزیرانى هەرێم بە موزیکى کوردى دەستیپێکرد و پاشان ئێوارە خوانێک ئامادەکرا.

بەرپرسى نوێنەرایەتى پارتى وتارێکى پێشکەشکرد و گوتى: نەورۆز سیمبولى ئازادى و سەفرازى گەلى کوردستان و گەلانى دیکەشە. پێویستە هەمووگەلان بە ئازادى و تەبایى و برایەتى بەیەکەوە بژین. فرە رەنگ و فرە ئایین و فرە زمان وفرە کەلتوور جوانى زیاتر بە کۆمەڵگا دەبەخشێت. رێزگرتن لەم چەمکانە کۆمەڵگا بەهێزتر دەکات. بەمەش نزیکبوونەوەى زیاتر لەنێوان گەلان دروست دەبێت.

ئاهەنگەکە سێ کاتژمێرى خایاند و دواتر دیاریەک کە بریتى بوو لە کاسێتێکى موزیکى کوردى و نوسراوێک لەسەر دیرۆکى نەورۆز کە بەگوڵى نێرگز پێچرابوو پێشکەش بە تەواوى ئامادەبووان کرا.

ئەو ئاهەنگە لەلایەن زۆربەى میدیاکارانى تورکیا رووماڵکراو بۆ رۆژى دوایی بوو بە مانشێتى سەرەکى هەواڵەکان، هاوکات بووە مایەى بێزارى و توڕەیى و هەڵوێستى توندى نەژادپەرستەکان. وایلێهات ئەنجامدانى ئاهەنگى نەورۆز لە نوێنەرایەتى پارتى بۆ چەند رۆژێک بووە بابەتى سەرەکى گۆڕەپانى سیاسى تورکیا.

مەهەپە داوایکرد دەستبەجێ نوێنەرایەتى پارتى لە ئەنقەرە دابخرێت و نوێنەرایەتیش لە تورکیا نەمێنێت. گوتیان ئەو ئاهەنگە مایەى شەرمەزایە بۆ حکومەت و دەوڵەت و میلەتى تورکیا. چۆن دەبێت لە جەرگەى پایتەختى تورکیا ئاهەنگى نەورۆز سازبکرێت.

نوێنەرایەتى پارتى وەک دەوڵەتێکى خاوەن کیان و سەروەرى و وەک باڵیۆزخانە رەفتار دەکات و ئاهەنگى میللى دەگێڕێت. دەبێ وەزارەتى دەرەوەى تورکیا ناڕەزایەتى خۆى دەبڕێت بەرامبەر دیپلۆماتکارى هەموو ئەو وڵاتانەى بەشداریان لەم ئاهەنگە کردووە. پەرلەمانتارانیش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ بکرێت.

گوتیان بۆچى کە باڵيۆزخانەى قوبرسى تورکیا ئاهەنگى نەتەوەیى سازدەکات دیپلۆماتى بیانى پلە نزمیش بەشدارى ناکەن، کەچى بۆ ئاهەنگى نەورۆز کە پارتى سازى کردووە ژمارەیەکى زۆر باڵیۆزى وڵاتانى زلهێز بەشدارى دەکەن.

وەک گوتم ئەو بابەتە چەند رۆژێکى خایاند، هەردوو وەزارەتى ناوخۆ و دەرەوەى تورکیا بێ ئاگایی خۆیان لە سازکردنى ئەو ئاهەنگە نیشاندا، لە کاتێکدا پێشتر نوێنەرایەتى بە فەرمى ئاگادارى وەزارەتى دەرەوەى کردبووەوە، هەر ئەوانیش ئاگادارى وەزارەتى ناوخۆیان کردبووەوە بۆ دابینکردنى پۆلیس و پاراستنى ئاسایشى ئەو شوێنەى ئاهەنگەکەى لێدەکرا وەک هەر ئاهەنگێکى فەرمى باڵیۆزخانەى وڵاتان.

نوێنەرایەتى پارتى بانگهێشتى وەزارەتى دەرەوە کرا بۆ روونکردنەوە، داواى لێکرا لە کاتى دەرچوون لە وەزارەت لەبەردەم میدیاکان روونکردنەوە بدات کە ئەم ئاهەنگە تایبەتى بووەو فەرمى نەبووە. بە واتایەکى تر داواى لێبوردن بکرێت کە بوونەتە مایەى دروستکردنى ئاڵۆزى لەو وڵاتە.

ئێمە پێمان گوتن پێویست بەهیچ داواى لێبوردنێک ناکات. ئەگەر دەخوازن نوێنەرایەتى دابخەن هەر ئەمڕۆ جێبەجێى دەکەین. ئاهەنگێک بوو کە بۆ سوودى تەبایى و یەکڕیزى بووە نە لەیەک ترازان.

لە کاتى دەرچوون لەبەردەم وەزارەتى دەرەوە بە دەیان میدیاکار و کەناڵى تەلەڤزیۆنى ئامادەبوون، لەوێ هەڵوێستى خۆمان دەربڕى و گوتم رێز لە یاساکانى تورکیا دەگرین، بۆیە ئاهەنگەکە بە ئاگادارى لایەنە فەرمیەکان کراوە و نەورۆز ئاهەنگى تەبایى و برایەتى و ئاشتییە.

دواى چەند رۆژێک شاندێکى هەرێمى کوردستان بە سەرۆکایەتى نێچیرڤان بارزانى بەرەو ئەوروپا دەچوون و لە ئەنقەرە چەند دیدارێکیان هەبوو. لە هەر هەموو دیدارەکان بەڕێزیان پاڵپشتی تەواوى خۆى بۆ نوێنەرو نوێنەرایەتى دەربڕى و لایەنى تورکیاى ئاگادار کردەوە کە ئاساییە نوێنەرایەتى لە ئەنقەرە و دیاربەکر دابخەن. بەڵام تورکیاش لە هەرشوێنێکى هەرێم نوێنەرایەتى هەیە دەبێ دایبخات و هەرێم بەجێ بێڵێ.

جێگرى وەزیرى دەرەوەى تورکیا پیاوێکى ژیرو بەدەسەڵات بوو. هەر زوو ئەو بابەتەى کۆنترۆڵ کرد و بارودۆخەکەى ئاسایى کردەوە.

بۆ ساڵى دواتر واتە 2001 لەمەیدانى کزلاى لە ناوەڕاستى ئەنقەرە ئاگرى نەورۆز کرایەوە و تانسۆ چیلەر سەرۆک وەزیرانى ئەوکاتى تورکیا بەسەر ئاگرەکەدا بازى داو لەو ساوە نەورۆز بوو بە ئاهەنگێکى ئاسایى و ساڵانە یاد دەکرێتەوە. لە باکووریش بە سەدان هەزار کۆدەبنەوە و یادى نەورۆز پیرۆز دەکەن.

ئەمڕۆش دواى بیست ساڵ لە قۆناغ و بارودۆخێکى جیاوازتر دووبارە جەژنى نەورۆز لە گەلى کوردستان و تەواوى ئەو نەتەوانە پیرۆز دەکەم کە بەم بۆنەیەوە ئاهەنگ دەگێڕن. لەگەڵ هیواى سەلامەتى و تەندروستى باش بۆ هەموولایەک

 

-    بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت