شەپۆلی دووەم

Kurd24

بە درێژایی مێژوو چەندین ڤایرۆس بوونەتە ھەڕەشە لەسەر مرۆڤایەتی.. لەو ڤایرۆسانەی وەکو ئایدز و ھەوکردنی جگەر و فلۆی ئیسپانی، تەنھا توانراوە ھەندێک ڤایرۆسی کەم بە نمونە ڤایرۆسی گەڕبوون small pox بە دروست کردنی ڤاکسین لەناو ببرێت  و کۆتایی پێ بێت.. تەنانەت بەکتریای وەکو بەکتریای سیلیش پاش کۆنترۆڵ کردنی ترسی ئەوە ھەیە جارێکی تر سەرھەڵبداتەوە.. لەم بوارانەی سەرەوە ئێمە چەندین توێژینەوەمان کردووە و لە کوردستان دوای ئەوەی زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە تێکەڵی خەڵک بوون ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کوشندە ھەبوو، بەردەوام ترسی دووبارە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا و سیل ھەیە. 

بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.. ئەم ھاوکێشەیە راستە، جارێ پێش ھەموو شتێک تێرمی شەپۆلی دووەم تێرمێکی ھەڵەیە،، چونکە پێدەچێت ئەو ڤایرۆسە لەگەل مرۆڤدا بەردەوام بێت و لەگەڵمان دەژیێت، ھەروەکو ڤایرۆسەکانی تری باسمان کرد.. ئەمە بەواتای ئەوەی شەپۆلەکانی بڵاوبوونەوەی پەتاکە بەردەوام دەبێت بە سێیەم و چوارەم و تا ئەو کاتەی بە دەرمان چارەسەریەک بۆ نیشانەکانی دەدۆزرێتەوە یان پێکوتەی بۆ دروست دەکرێت بەڵام ئەمە کاتی زۆری پێویستە..

یەکێک لە ھۆکارەکانی سەرکەوتنی ھەرێمی کوردستان بەسەر دەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی یەکەمی ڤایرۆسەکە، رێکارە دەستبەجێ توندەکانی لێک دوورکەوتنەوە و جیاکردنەوەی کۆمەڵایەتی بوو.. ئەو رێکارانە زەمینەی بڵاوبوونەوەی خێرای بۆ ڤایرۆسەکە نەھێشت.. لە زانستی ڤایرۆس و بەرگریدا کاتێک خانەخوێ و نەخۆش ژمارەیان بە ھەزاران بێت توندی نیشانەکان و دڕندەیی ڤایرۆسەکە زیاد دەبێت.. لە کوردستان لەبەر کەمی ژمارەی تووشبووان بە ھۆی رێکارەکان و کەمی بەرکەوتن، ژمارەی نەخۆشەکان کەم بوون و ھێزی ڤایرۆسەکە لاواز بوو.. کاتێک ڤایرۆسێک لە نێو لەشی 10000 کەس ئاڵوگۆڕ دەبێت، چانسی خۆ گۆڕین و دڕندایەتی 100 ئەوەندەی ئەو کاتەیە کە تەنھا 100 کەس تووش دەبێت.. بۆیە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە کوردستان سووک و بێ نیشانە بوو.

ئێستا لە سەرگەرمی ھەڵگرتنی رێکارەکان لە لایەک و توند کردنەوەی لە لایەکی تر خەڵکی کوردستان دڵە ڕاوکێی ھەیە و بێ متمانەیی دروست بووە، لەبەر چەند ھۆکارێک:

1- دەرفەت نەدان بە زانایان و توێژەران بە ئەنجامدانی توێژینەوە و دەرخستنی راستیەکان سەبارەت بە ڤایرۆسەکە بۆ کۆمەڵگە بە پێی لێکدانەوەی زانستی و دەرەنجامی دروست و باوەڕپێکراو... بڕیارەکان زیاتر میزاجی و توڕەبوون و کاردانەوەییە.

2-  بێ متمانەیی ھاووڵاتیان وایکردووە رێکارە تەندروستیەکان نەگرنە بەر و گوێ بە مەترسی دووبارە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە نەدەن و ھیچ جۆرە خۆپارێزیەک ئەنجام نەدەن..

3- راگەیاندنەکان بە ھەمان شێوە رۆڵێکی خراپ دەگێڕن لە زیادکردنی دڵەڕاوکێ و ترس و بڵاوکردنەوەی زانیاری نادروست و بێ سەرچاوە لە لایەن کەسانی نا پسپۆڕ و ناشارەزا.

چارەسەر:

1- ھەرێمی کوردستان لە ماوەی رابردوو و ئێستاشدا لە سیاسەتی تەندروستی و بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیەکان ھیچ گرنگیەک بە توێژینەوە نادات.. بەمەش راستیەکان دەرناکەون.. چونکە لە ھەموو دونیای زانست و پزیشکیدا تەنھا توێژینەوەی زانستی دەتوانێت راستییەکان دەرخات.. ئەوەی تر ھەمووی ئیجتیھادی کەسی و میزاج و کاردانەوەیە. دەبێ لەو بودجانەی تەرخان دەکرێت بۆ تەندروستی بەشێکی بۆ توێژینەوە و پەرەپێدان بێت.

2- پابەند کردنی ھاووڵاتیان بە رێنمایی تەندروستی و جێبەجێکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە کاتی ھاتنە دەرەوەیان وەکو بەستانی دەمامک و بەکارھێنانی دەست کێش... جگە لەوەش ھۆشیار کردنەوەی ھاووڵاتیان بەوەی شێوازی ژیانیان بگۆڕن و ھەوڵ بدەن لە کاتی زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە و بازنەی پەیوەندییەکان و بەرکەوتنەکانیان زۆر سنووردار بکەن، بۆ ئەوەی ئەگەر ھاتوو حاڵەتی نوێش ھەبوو بە ئاسانی ئەو بازنەیە کەرەنتین بکرێن و جیابکرێنەوە..

3- ئاراستە کردنی راگەیاندنەکان بە گەیاندنی پەیامی ئارام کردنەوە و زانستی و پڕۆگرامی ئینتەرتەین و دڵخۆشی بۆ خەڵکی لە کاتی کەرەنتین و ماڵەوە لە جیاتی ھەواڵی بەپەلە و ھەنووکە و نھا و پڕ لە ترس و شڵەژان..

* بەڕێوەبەری گشتی سەنتەری توێژینەوە و

سەرۆکی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا/ زانکۆی سەلاحەددین - ھەولێر