نامەیەکی كراوه‌ بۆ حامد زاملی عیسی

Kurd24

من کە ئەو نامەیەت بۆ دەنووسم نازانم لەکوێی، بەڵام لە هەر کوێیەک بی دڵنیام خەون بەوەوە دەبینی ببیتە ئەو مونەجیمەی کە هێزی لێدانی زەنگی ئاخیرەت و لەناوبردنی گەلی کوردت هەبێت، هەروەها دەشتەوێت بە ئیلهام وەرگرتن لە شیعرەکانی (عەبدولڕەزاق عەبدولواحید)ی شاعیری دەرباری (سەدام حوسین) و بە خەیاڵی وەشاندنی شمشێرە ژەنگاویەکەی زەڕقاوی، بیر له‌ لەناوبردنی کورد دەکەیەوە، یاخود لەگەڵ (عەبدولباری عەتوان) و (حنان فەتلاوی) دانیشتووی و گاڵتە بە کوردبوونی (سەڵاحەدینی ئەیوبی)ی دەکەیت، بەڵام من لە کوردستانم و دەشزانم خواردنەوەی پەرداخێک ژەهرت پێ خۆشترە لەوەی کە گوێبیستی ناوی کورد و کوردستان بیت. من لە وڵاتێکم کە گورگەبۆرەکان لە باکوور لموزیان لە جەستەی خوێناویم وەردەدەن و ئاگریان لەسەر پشتم کردووه‌تەوە، لە ڕۆژهەڵاتیش میراتگرانی سەفەوی، ڕۆژ نییە ملی ڕۆڵەیەکم بە پەتا نەکەن و لە باشوورەکەشی ئێوە دەتانەوێت بەسیاسەتی برسیکردن، چۆک بەئیرادەی دابدەن.

لە هەرکوێیەک بیت دەمەوێت ئەگەر راگوزارانەش بێت، بەراوردێک لە نێوان خۆم وخۆت بکەم.

حامد زاملی:

تۆ نەوەی ئەو سیاسیانەی کە چوارسەد ساڵ حوکمی عوسمانیەکانیان لەسەر خاکی عێڕاق قبوڵکرد و بە شانازیشەوە بوونە بەشێک لە سوپای سوارە جلخوارەکانی حەمیدی. بەڵام من نەوەی باوک و باپیرانێکم کە لە پێناو ئێوەدا و لەسەر خاکی ئێوەدا (وەک خۆتان دەڵێن نەک من) لەشەڕی خاچپه‌رستان، سوپای نەسڕانیمان دەرکرد.

تۆ نەوەی ئەو نوخبە سیاسیەی، کە سەد ساڵ پێش ئێستا قبوڵتان کرد بەریتانیای عوزما دەوڵەتێکتان بۆ دابتاشێت و ناوی (عێراق) لێ بنێت، دواتر ئێوەی کردە پاسەوانی پاراستنی بەرژەوەندیەکانی، بەڵام من نەوەی ئەو مەردانەم کە تا چاو هەتەر دەکات لە مێژوودا بەڕووی هەموو بێگانەیەکدا چراوگی خەباتیان لە گڕدابووە.

من خەباتگێڕی شۆڕشێکم، بەدرێژایی مێژوو دروشمەکەی دیموکراسی بۆ عێڕاق بووە، من گۆشکراوی شیعری (گۆران) شاعیری مەزنم کە دەیگوت:

برای عەرەبی چاوڕەشم

تاڵ بوو بەشت تاڵ بوو بەشم

بەڵام درووشمی ئێوە (امة عربیة واحدة) و (حوم اتبع لوجرینا) بوو.

پێم بڵێ (حامد زاملی) لاف و گەزافی چی بەسەر مندا لێدەدەی؟ کە تۆ زیاتر لە بیست دەوڵەتت هەبێت، بەڵام هەرێمێک بە من ره‌وا نەبینیت؟ دەزانم درەنگ تێدەگەی، بۆیە دیسان پێت دەڵێم ده‌زانی تۆکێی و من کێم؟

من بیست و نۆ ساڵ پێش ئێستا بە جەستەیەکی شەڵاڵ له‌ خوێن و بە دەم مارشی (ئەی رەقیب) لە چیاکانی خۆمانەوە بەرەو شارەکان دابەزین و دواتر جاڕی ڕاپەڕینماندا و بە سوود وەرگرتن لە بارودۆخی سیاسی نێودەوڵەتی ئەوسا، قەوارەیەکی سیاسی خۆماڵیمان دروست کرد، بەڵام تۆ و هاوشێوەکانت، کە لە هوتێلە پێنج ئەستێرەکانی ئەوروپا دانیشتبوون، لە ساڵی 2003 بەسەر پشتی تانک و فڕۆکەی ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا هاتنەوە و هەر بە فەرمانی ئەوانیش بوونە پاشای بێ تاجی سەر عەڕشی کەلاوەی عێڕاق و بەبێ (پۆڵ بریمەر) نەتان دەتوانی پەنجە بە ئاودا بکەن! نازانم چیتر بڵێم؟ ئاخر ئێوە کەی لە زمانی قسە و گفتوگۆی هێمنانە تێگەیشتون تا ئێستا تێ بگەن؟

حامد زاملی، بەڵام بۆ مێژوو ئەوە دەڵێم، تۆ و هاوبیرەکانت ڕاستگۆن لە دوژمنایەتی کردنی گەلی کورد، چ لەژێر سایەی حوکمڕانی ڕەشی ئەو عێڕاقەی لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو بەریتانیا دروستی کرد، چ ئەو عێڕاقەی ئەمەریکا له‌ (2003) دروستی کرد، بەڵام ئەوە ئێمەی کوردین لە سەڵاحەدینی ئەیوبیەوە تاکو ئێستا بە دروشمی بێمانا و بێبەرهەمی دیموکراسی بۆ عێڕاق و درۆی سیاسییە درۆزنەکانتان بە ناوی برایەتی ئێوە هەڵخەڵەتاین.

اما البعد حامد زاملی:

دەزانم عەرەب وەکو هەر نەتەوەیەک، نەتەوەیەکی مەزنە، بەڵام کەم سیاسی عێڕاقی هەیە لە سەرەتای دروست بوونیەوە تاکوو ئێستا درۆزن و شۆڤێنی نەبوبێت.

 

تێبینی: حامد زاملی، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا وتارێکی نووسبوو بە ناوی "الاکراد لملوم و لیس قوم".