کەی کوردستان پێشبرکێی سه‌نگافووره‌ دەکات؟

Kurd24

رێکخراوی شەفافیەتی نێودەوڵەتی راپۆرتێکی بڵاوکردۆتەوە لەسەر 180 وڵات، لەم راپۆرتەدا پشتی بەستووە بە چەندین پێنوێن و پێوه‌ر بۆ دیاریکردنی ئاست و رێژەی گەندەڵی لەو وڵاتانە، رێکخراوەکە نمرەی داناوە لە (1 بۆ 100) بۆ ھەر وڵاتێک، لە ئەنجامدا دەرکەوتووە ھەر یەکە لە وڵاتانی نیوزیلاند و دانیمارک بە نمرەی 87 لە پلەی یەکەمی وڵاتانی پاکساز و چاکسازن، بە دوای ئەوان ھەریەکە لە وڵاتانی سوید و سویسرا و سەنگافورەن، کە بە نمرەی 85 رێزبەندیان گرتووە، لە خراپترین وڵاتەکانیش ھەریەکە لە سۆماڵ و باشووری سودان و سووریان، ئەوەی جێگەی سەرنجیشە بەشێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا وەک ھەنگاریا و بولگاریا و رۆمانیا بارودۆخیان زۆر باش نییە لە نێوان (40 بۆ 48) نمرەیان پێدراوە.

کارێکی گرانە ھەرێمی کوردستان لە رووی پاکسازی و چاکسازییەوە بگاتە ئاستی یەکێ لەو وڵاتانەی رێزبەندی یەکەمینەکانی راپۆرتەکانیان گرتووە، بەڵام ئه‌سته‌م نییە و بەڵکو ده‌كرێت ئەگەر پلانی بۆ دابندرێت و ئیرادەیەکی بەھێز ھەبێت بۆ گەیشتن پێی.

ھەلومەرجی ھەرێمی کوردستان دوورە لە بارودۆخی نیوزیلاند و دانیمارک، بەڵام نزیکە لە ھەلومەرجی سەنغافورە، چونکە سێ دەیە بەر لە ئێمە دەستیان پێکرد و ئێستا لە لووتکەی وڵاتانی جیھان دەبینرێت، بۆیە دەکرێت ئەگەر کوردستان سود لە ئەزموونی وڵاتانی ئەوروپای رۆژئاوا نەبینێت خۆ دەکرێت سود لە ئەزموونی وڵاتانی رۆژھەڵاتی ئاسیا وەربگرێت، لەوانە سەنغافورە.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە، کێ دەتوانێت ئەم ئەرکە له‌ ئه‌ستۆ بگرێت؟

لە راستیدا فەرمانڕەوایانی جیھان چەندین جۆرن، ھەندێکیان زۆر قسەدەکەن و بە وتاری درێژ بەناوبانگن، بەڵام بەرھەمیان کەمە، ھەندێکی دیكه‌یان کەمدوون، بەڵام پڕ بەرھەمن.

پێدەچێت سەرۆک وەزیران لەوانه‌ بێت، حەز بە لێدوان و وتار و قسەی زۆر نەکات، لە ھەمانکاتدا پڕ بەرھەم بێت، پێدەچێت لەم فەرمانڕەوایانە بێت بە کەمترین گوتن و ئاخاوتن زۆرترین بەرھەم پێشکەشی نەتەوەکەی بکات.

لە ساڵی یەکەمی کابینەکەیدا، وەک زۆرینەی حکومەتەکانی وڵاتانی جیھان سەرۆک وەزیران رووبەرووی قەیرانی پەتای کۆرۆنا بووەوە، بەڵام ھەروەک لە لێدوانی بەرپرسان و ھەڵسەنگاندنی رێکخراوی تەندروستی جیھانی بە دیارکەوت، حکومەتی ھەرێم لە قۆناغی یەکەمی رووبەرووبونەوەی کۆرۆنا لە گرتنەبەری رێکارەکان سەرکەوتووانە ھەڵسوکەوتی کرد، تا ئەوکاتەی تابووری پێنجەم، کاریگەری نەبوو ھاووڵاتی گوێڕایەڵی رێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و تەندروستی بوون، کەمترین لێکەوتە لە ھەرێمی کوردستان ھەبوو، تا ئەوکاتەی پۆپۆلیستەکان کاریگەرییان نەبوو، حکومەت و ھاووڵاتی شان بەشانی یەکتر مامەڵەیەکی سەرکەوتووانەیان لەگەڵ پەتای کۆرۆنا دەکرد، بەلای حکومەت پێگە و دەنگی تابووری پێنجەم و پۆپۆلیستەکانی گرنگ نەبوو، بەڵام ژیانی خەڵک بە تایبەت بژێوی خانەوادە ھەژارەکان و نەبوونی بودجەیەکی باشی دارایی کاریگەر بوون لە سەر حکومەت بە شێوەیەک نەتوانێت بەردەوام بێت لە گرتنەبەری رێکارەکانی خۆپارێزیی، بۆیە خۆپارێزیی لە پەتای کۆرۆنا لە قۆناغی خۆپارێزیی ھەمووەکی و گوێزراوەیە خۆپارێزیی خودی، ئەوەی گرنگە ئەم پەتایە لەگەڵ ئەوەی زۆرترین کاریگەری گیانی و ماددی لەسەر وڵاتان بە تایبەت وڵاتە زلھێز و پێشکەوتووەکانی وەک (ئەمەریکا، چین، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئیسپانیا، بەرازیل، ....) دروستکردووە، چەندین کۆمپانیای بازرگانی گەورەی جیھانی ئیفلاس بوون و تەنانەت ئیمارات (950) ھەزار کرێکاری بیانی رەوانە دەکاتەوە، کەچی لێکەوتەی لەسەر کایەکانی ژیان و حوکمرانی لە ھەرێمی کوردستان تا ئەندازەیەک جێگەی ئومێدن.

لە لایەکی تر سەرۆک وەزیران سەرکەوتوو بوو لە پێشکەشکردن و تێپەڕاندنی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی (2020) یاسای چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازەکانی خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان، دوای (12) کۆبوونەوەی گرنگی کابینە لە سەر پڕۆژەکە و چۆنیەتی دەرکردنی رێنمایی بۆ جێبەجێکردن و دەرکردنی پەیڕەوەکانی ناوخۆی بۆ سندوقی خانەنشینی فەرمانبەرانی ھەرێم و مەرجەکانی دامەزراندن بە پلەی بەڕێوەبەری گشتی بەرەو ژوور، پەسەندکران. بە گوتەی شارەزایان و کەسانی پەیوەندیدار پەیوەستن لەم بوارە بەجێبەجێکردنی یاسای ئاماژە پێکراو، دۆسیەیەکی گەورەی تژی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان چارەسەر دەبێت، ئەگەر ھەرێمی کوردستان دەوڵەت بووایە گاپێکی گرنگی دەبڕی لەمەڕ رێکخراوی شەفافیەتی جیھانی لە پرسی گەندەڵی بەرەو ریزبەندی وڵاتانی پێشەوە.

ھەرچەندە  ئەم یاسایە چاکسازیی لە بوارێک دەکات، بەراورد لەگەڵ بوارەکانی تری وەک (خاڵە سنوورییەکان، باج و رەسم، نەوت، زەوی و زار، وەبەرھێنان.....) بەڵام بۆچوونێکی بەھێزی نێو پارتەکەی سەرۆک وەزیران ھەیە، کە ئەمە دەسپێکی قۆناغەکانی داھاتووە، ھەروەک کورد گوتەنی (سۆفیەتی بەرە بەرە).

لە رووی پەرەپێدانی پڕۆژەی خزمەتگوزارییەوە لە نیوەی دووەمی ساڵی 2020، مەسرور بارزانی دەستیکردووە بە دانانی بەردی بناغە و کردنەوەی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان.

پڕۆژەی دروستکردنی شەقامی 100 مەتری لە شاری سلێمانی بە بری (400) ملیار دینار لە رێکەوتی 11/4/2020، ھەروەھا کردنەوەی پڕۆژەی کارەبای 300 مێگاواتی بە بری (500) ملیۆن دۆلار لە خەبات لە رێکەوتی 14/7/2020، دواتر کردنەوەی پڕۆژەی ناوچه‌ی پیشەسازی خۆراک لە شاری دھۆک لە رۆژی 20/7/2020، بۆیە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەو فەرمانڕوایانە بێت، کە کەمترین وتار و لێدوانی ھەبێت لە کاتێکدا زۆرترین بەرھەمی ھەبێت و لە ھەمانکاتیشدا چاوەڕوانی ئەوەی لێبکرێت ھەرێمی کوردستان لە رووی کارگێڕی و ئابووری و خزمەتگوزاریی و رۆشنبیری تاکەوە، بەرەو ئاستێک ببات پێشبرکێی ھەندێ وڵاتی پێشکەوتووی جیھان بکات.