چاكسازی له كه‌رتی نه‌وتی كوردستان
سه‌رهه‌ڵدانی قه‌یرانی دارایی له هه‌رێمی كوردستان و عێراق كه ئه‌مجاره به‌هۆی بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا له جیهان و دابه‌زینی نرخی نه‌وت روویداوه، جارێكی دیكه كه‌رتی نه‌وتی كوردستانی هێنایه‌وه ناوه‌ندی پرسه سیاسی و ملمانێی ناوخۆیی نێوان حیزبه كوردستانی و لایه‌نه عێراقییه‌كان. به‌شێك له حیزب و لایه‌نه كوردییه‌كان به راشكاوی لێدوان له‌سه‌ر بێسوودبوونی ئه‌و پرسه و پێویستیی راده‌ستكردنی به به‌غدا ده‌ده‌ن، به‌بێ ره‌چاوكردنی گرنگیی ستراتیژیی نه‌وت بۆ كوردستان و به‌شێكی دیكه‌ش، له‌نێوان سهربهخۆمانەوە و راده‌ستكردنی به‌شێكی، گیریان خواردووه و نه‌یانتوانیوه به‌شی یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ خۆیان هاوڕا بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی روونه ئه‌وه‌یه: ده‌ستكه‌وته‌كانی كه‌رتی نه‌وتی كوردستان جگه له‌و تۆمه‌تانه‌ی له‌لایان به‌شێك له لایانه‌كان ئاراسته‌یان ده‌كرێت، گه‌وره‌ترین ده‌ستكه‌وتی سیاسی - ئابووری كوردن له مێژووی نزیكدا.
نه‌وت، ئێستاش گرنگترین سه‌رچاوه‌ی وزه‌ی جیهانه و به داهێنانێكی له نه‌وتی به‌ردیله (Shale Oil) كراوه، هه‌م قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له زۆربه‌ی وڵاتان به‌رزبووەته‌وه، هه‌م خه‌رجییه‌كانی ده‌رهێنان و پاڵاوتنی نه‌وتی دابه‌زاندووه، پێشبینی ده‌كرێت بۆ زیاتر له 30 ساڵی داهاتووشدا نەوت هەر له‌و پێگهیەدا بمێنێته‌وه. بۆیه ئێستا و له‌كاتێكدا نرخی نه‌وت دابه‌زیوه، له عێراق و كوردستان، ئه‌وه‌ی كه: كێ سێکتەری نه‌وت به‌ڕێوه‌ببات و كێ بیفرۆشێت، هه‌ر گرنگی خۆی ماوه و شه‌ڕی له‌سه‌ر ده‌كرێت.
كه‌رتی نه‌وت، رۆڵی بزووێنه‌ری ئابووری لە هه‌رێمی كوردستان ده‌گێڕێت و گرنگییه‌كی بێوێنه‌ی له سازكردن، پته‌وكردن و به‌رده‌وامبوونی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا به‌تایبه‌تی له ماوه‌ی 10 ساڵی رابردوودا هه‌بووه، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌ڕای كێشه و ململانێی سیاسی و ناوخۆیی، له‌گه‌ڵ ناوه‌ند و هه‌روه‌ها قه‌یرانه ئابوورییه‌كان، ده‌كرێت بڵێین کەرتی نەوت ستراتیژیترین سێكته‌ری ئێستای كوردستانه. ئەمەش ده‌توانێت هۆكاربێت بۆ ئه‌و هه‌موو دژایه‌تییه‌ی به‌رامبه‌ری ده‌كرێت، یان ئەو هەموو هەوڵەی بۆ نه‌مانی ده‌درێت، وەک ئەو پەندەی دەڵێ "دارێك به‌ری نه‌بێت، به‌ردی لێ‌نادرێت".
به‌ڵام ئێستا له‌كاتێكدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستی كردووه به چاكسازی له بواره جیاجیاكانی ئابووری و ئیداری، چاكسازی له كه‌رتی نه‌وتیش ده‌توانێت هه‌م ئه‌وله‌ویه‌تی تایبه‌تی هه‌بێت، هه‌م ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و هه‌نگاوه بۆ حكومه‌ت و حكومه‌ته‌كانی داهاتوو، گرنگ و چاره‌نووسساز بێت. ئه‌و چاكسازییه دەکرێت له دوو به‌شی سه‌ره‌كی پێكبێت كه بریتی بن له: چاكسازی له به‌ڕێوه‌بردن (به‌مه‌به‌ستی نه‌هێشتنی كێشه‌كانی ئیداری وه‌كو گه‌نده‌ڵی، خراپ به‌ڕێوه‌بردن، هه‌روه‌ها دانانی ئامانج و به‌كارهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌و كه‌رته بۆ پته‌وتركردنی ئاسایشی وزه‌ی كوردستان و سیاسه‌تی ده‌ره‌وه…) و چاكسازی له خه‌رجییه‌كان (به‌مه‌به‌ستی دابه‌زاندنی خه‌رجییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی خێر له هه‌ر به‌رمیلێك).
ئه‌گه‌ر كه‌رتی نه‌وتی كوردستان بۆ سێ به‌شی سه‌ره‌كی دابه‌ش بكه‌ین كه بریتی بن له:
١. به‌رهه‌مهێنان
٢. گواستنه‌وه و عه‌مباركردن
٣. فرۆشتن
چاكسازی له خه‌رجییه‌كان ده‌توانێت هه‌ر سێ به‌شه‌كه به پلان و ئه‌وله‌ویه‌تی جیاواز بگرێته‌وه. به‌پێی شێوازی گرێبه‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه له‌گه‌ڵ كۆمپانیا جیهانییه‌كانی نەوت ده‌یكات و له‌سه‌ر شێوازی هاوبه‌شی له به‌رهه‌م (Production Sharing Agreement) جێبه‌جێ ده‌كرێت. خه‌رجیه‌كانی كۆمپانیاكان له سه‌ره‌تای لێكۆڵینه‌وه، دۆزینه‌وه و لێدانی بیر (Drilling) تاوەكو دانانی ئامێره‌كانی سه‌ربیر و گه‌یاندنی به ئاستی به‌رهه‌مهێنان ئەژمار ده‌كرێت، له داهاتی نه‌وت بۆ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان ده‌گه‌ڕێندرێته‌وه و دواتر خه‌رجی به‌رهه‌مهێنان دێت، خه‌رجییه‌كانی دیكه‌ش وه‌كو خه‌رجی گواستنه‌وه و عه‌مباركردن و فرۆشتن دێن، ئەمانەش به‌پێی گرێبه‌ست و فۆڕموولی دیاریكراو دابه‌شده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به چاكسازی له به‌ڕێوه‌بردن، شایانی باسه: كه‌رتی نه‌وتی كوردستان ده‌ستكه‌وتی زۆر باشی له ماوه‌ی ١٥ ساڵی رابردوودا تۆماركردووه، به‌ڵام به‌هۆی تازەیی ئه‌و كه‌رته (كه هه‌م خاڵی هێزه و هه‌م ده‌توانێت خاڵی لاوازی بێت)، شایانی ئه‌وه‌یه ده‌سكه‌وتی زۆر زیاتر و گرنگتر مسۆگه‌ر بكات و، رۆڵی ستراتیژیی خۆی له داهاتووی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بگێڕێت. بۆیه جێبه‌جێكردنی پلانه‌كان له‌و به‌شه، به‌دڵنیاییه‌وه گرینگتر و سه‌ختتر ده‌بن له چاكسازی له داهات و پێویستی به پلانێكی ته‌كنیكی و سیاسی - ئابووری هه‌یه، له كاتێكدا پلانی چاكسازی له خه‌رجییه‌كان زیاتر ته‌كنیكی ده‌بێت و له چه‌ند به‌شێكی وه‌كو نه‌هێشتنی رێگای گه‌نده‌ڵی … ده‌توانێت له‌گه‌ڵ پلانی چاكسازی به‌ڕێوه‌بردن یه‌كتری بگرنه‌وه.
شایانی ئاماژه‌یه ورده‌كاری پلانی چاكسازی له نه‌وت ده‌بێت پلانێكی هه‌مه‌لایه‌نه و روون بێت و بۆ رای گشتی رابگه‌یێندرێت، چونکە به‌شێك له هاوكار و هاوبه‌شی حكومه‌ت، كۆمپانیا نه‌وتییه بیانی و ناوخۆییه‌كانن كه له‌و كهرتەدا وه‌به‌رهێنانیان كردووه و جێبه‌جێكردنی سه‌ركه‌وتووانه‌ی ئه‌و پلانه، كاریگه‌ری ئه‌رێنی له‌سه‌ر داهات و كاری ئه‌وان ده‌بێت.
ئه‌و پلانانه له هه‌ردوو به‌شی باسكرا‌و دەکرێت پێکبێن لە:
1. پلانی چاكسازی له به‌ڕێوه‌بردن:
به‌پێی ئه‌وه‌ی له‌و به‌شەدا، یاسا و رێنماییه‌كان رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌بینن و گرنگی تایبه‌تیان هه‌یه، پێشنیار ده‌كرێت:
ا) جێبه‌جێكردنی ته‌واوی یاسای نه‌وت و گازی كوردستان بخرێته كارنامه‌ی حكومه‌ت. به‌و كاره و به دانانی كۆمپانیا نیشتمانیه‌كانی نه‌وت، حكومه‌ت هه‌م ئه‌ركی جێبه‌جێكردنی پلان و ستراتیجییه‌كانی كه‌رتی نه‌وت ده‌باته كەناڵی ئیداری و جێبه‌جێكاری پرۆفێشناڵ، هه‌م په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا بیانییه‌كان ئاسانتر ده‌بێت (په‌یوه‌ندی كۆمپانیا - كۆمپانیا له جیاتی په‌یوه‌ندی حكومه‌ت - كۆمپانیا) و هه‌م به به‌شداری كۆمپانیا نیشتمانییه‌كان له جێبه‌جێكردنی پرۆژه و به‌رهه‌مهێنان، سامانێكی گرنگی دارایی و زانستی ته‌كنۆلۆجیای نه‌وت بۆ داهاتوو كۆده‌كه‌نه‌وه، هه‌روه‌ها به دامه‌زراندنی سندووقی داهاتی نه‌وت، نەک ته‌نیا توانای به‌رهه‌مهێنان له ناوخۆ و ده‌ره‌وه بۆ حكومه‌ت ده‌گه‌ڕێته‌وه، به‌ڵكو پاره‌ی یه‌ده‌گی پێویست بۆ قه‌یرانه‌كانی داهاتوو به‌رده‌ست ده‌بێت و حكومه‌ت و خه‌ڵك بە هەموو قه‌یرانێك تووشی شۆكی دارایی نابن.
ب) دانانی پلانی گه‌شه‌ی كه‌رتی نه‌وتی كوردستان (بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی قه‌باره‌ی به‌رهه‌مهێنان یان په‌ره‌پێدان به كێڵگه‌ی نوێ …). به دڵنیاییه‌وه حكومه‌ت ئێستا ئه‌و پلانه‌ی هه‌یه، به‌ڵام پێداچوونه‌وه و بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و پلانه، ده‌توانێت ئاراسته‌ی پلان و توانای حكومه‌ت و كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان یه‌كبخات، هێز بۆ كۆمپانیاكانی نه‌وت له هه‌رێمی كوردستان بگه‌ڕێنێته‌وه، هه‌روه‌ها كۆمپانیای نوێ بۆ كوردستان رابكێشێت. به‌پێی ئه‌و پلانه، په‌ره‌پێدان به به‌رهه‌مهێنان، توانای گواستنه‌وه، توانای پاڵاوتن و توانای عه‌مباركردنی نه‌وت و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان به‌رزبكرێته‌وه و، كوردستان رۆڵی هابێكی گواستنه‌وه و دابینكردنی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان له نێوان وڵاتانی دراوسێ و به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق بگێڕێت.
ت) چاكسازی له گرێبه‌سته‌كانی فرۆش، دانانی نرخی فرۆش و هێنانه‌وه‌ی پاره (وه‌كو وه‌رگرتنی به LC یان شێوازه‌كانی دیكه)، یارمه‌تی حكومه‌ت ده‌دات بۆ داهێنانی شێوازی جیاواز له فرۆش و به‌رزكردنه‌وه‌ی داهات له هه‌ر به‌رمیلێكدا.
ث) چاكسازی له سیسته‌می ته‌نده‌رینگ و دابه‌شكردنی پرۆژه‌كان به مه‌به‌ستی كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجیی ته‌واوكردنی هه‌ر پڕۆژه‌یه‌ك به‌پێی نرخی جیهانی بۆ پڕۆژه‌ی هاوشێوه، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ركابه‌رایه‌تی له‌نێوان كۆمپانیان نه‌وتییه‌كان، رێگریكردن له دابه‌شكردنی پڕۆژه به كۆمپانیای كه‌مئه‌زموون و پەرەدان به كه‌رتی تایبه‌ت له‌و بواره، كه ده‌توانێت هه‌م زۆربه‌ی داهاتی ئه‌و پڕۆژانه له ناوخۆ بهێڵێته‌وه، هه‌م یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ گه‌شه‌ی ئابووریی كوردستان و به‌رزكردنه‌وه‌ی رێژه‌ی دامه‌زراندنی گه‌نجان…
ج) دانانی یاسای پاڵپشتی بۆ كۆمپانیای نوێ (به‌پێی ته‌مه‌نی دامه‌زراندن و داهاتی) كه ساڵانه له ڕووی باج … پاڵپشتی ئه‌و كۆمپانیا ناوخۆییانه بكرێت، تاوەكو بتوانن خێراتر گه‌شه بكه‌ن و یارمه‌تی پلانه‌كانی دامه‌زراندن و گه‌شه‌ی ئابووری كوردستان بكه‌ن….
ح) دانانی یاسای پێویست بۆ ئاسانكاری له هاتنی كۆمپانیا بیانییه‌كانی خاوه‌ن ئامێر، به‌رهه‌مهێنه‌ری بەشی یەدەگ و ئامێره‌كانی پێویست بۆ كه‌رتی نه‌وت، هه‌روه‌ها خاوه‌ن ته‌كنۆلۆجیا و توانای ته‌كنیكی كه بۆ په‌ره‌پێدان به پڕۆژه نوێیه‌كانی نه‌وتی كوردستان پێویست ده‌بن. هه‌بوونی ئه‌و كۆمپانیا و عه‌مباره‌كانیان له كوردستان هه‌م ماوه‌ی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه و هه‌م خه‌رجی جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان داده‌به‌زێنێت.
خ) گۆڕینی سیسته‌می دامه‌زراندن له كه‌رتی نه‌وتی كوردستان. نه‌وتی كوردستان و به‌تایبه‌ت شوێنه‌كانی سه‌ره‌كی و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان و كۆمپانیا نیشتمانییه‌كان كه له‌و وتاره‌دا داواكراوه دابمه‌زرێندرێن، ده‌بێت دوور له كه‌سانی حیزبی و ته‌نیا جێگەی كه‌سانی تێكنۆكراتی خاوه‌ن ئه‌زموون بن (ناوخۆیی یان ته‌نانه‌ت بیانی). چونکە هه‌بوونی كه‌سانی حیزبی له به‌شه‌كانی ناوه‌ند و خواره‌وه‌ی به‌ڕێوه‌بردن، نەک ته‌نیا ململانێ و كێشه‌ی حیزبه‌كان دێنێته ناو كه‌رتی نه‌وت، به‌ڵكو له‌وانه‌شه ئه‌و كه‌سانه خاوه‌ن ئه‌زموونی پێویست بۆ بڕیاردان و جێبه‌جێكردنی پلانه‌كانیش نه‌بن. به‌وه‌ش كه‌رتی نه‌وت له شه‌ڕ و ملمانێی لایه‌نه‌كان دوورده‌خرێته‌وه.
2. پلانی چاكسازی له خه‌رجییه‌كانی به‌رهه‌مهێنان:
أ) پلانی دابه‌زاندنی خه‌رجییه‌كانی په‌ره‌پێدان به بیری نوێ و ئێستا: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته پێداچوونه‌وه به ئاستی خه‌رجییه‌كانی رێگه‌پێدراو (Target Price) بۆ هەموو جۆرە كێڵگه نوێکان بكرێت، به شێوازێك له ماوه‌یه‌كی دیاریكراودا بگه‌یێندرێته ئاستی وڵاتانی جیهان. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و هه‌نگاوه به هاتنی كۆمپانیاكانی بیانی و په‌ره‌سه‌ندنی كۆمپانیا ناوخۆییه‌كان و به سازكردنی ركابه‌ریی راسته‌قینه له دابه‌شكردنی پرۆژه‌كان مسۆگه‌ر ده‌كرێت.
ب) پلانی دابه‌زاندنی خه‌رجیی به‌رهه‌مهێنانی هه‌ر به‌رمیلێك نه‌وت: ئه‌و پلانه به بێنچمارك و وه‌رگرتن له وڵاتانی دیكه‌ی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت داده‌ڕێژرێت و به‌شێوه‌یه‌ك ئامانجه‌كان دیاری ده‌كات، كه له ماوه‌ی چه‌ند ساڵدا خه‌رجی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت بگاته ئاستی جیهانی و زیاترین خێر بۆ حكومه‌ت دابین بكات.
ت) پێداچوونه‌وه به گرێبه‌ست و خه‌رجییه‌كانی گواستنه‌وه و عه‌مباركردن.
ث) دابه‌زاندنی خه‌رجی عه‌مباركردنی نه‌وت به دروستکردنی عه‌مباری نه‌وت له ناوخۆی كوردستان بۆ عه‌مباركردنی زیاده‌ی به‌رهه‌م یان وه‌ك عه‌مباری ناوه‌ند بۆ دابه‌زاندنی پێویستی به عه‌مبار و خه‌رجییه‌كانی له ده‌ره‌وه‌ی كوردستان.
ج) جێبه‌جێكردنی چاكسازی بۆ نه‌هێشتنی هه‌رجۆره گه‌نده‌ڵییه‌ك كه دەکرێت كاریگه‌ری له‌سه‌ر سامان و دارایی حكومه‌ت هه‌بێت.