ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتبوونی ئیسرائیل، لێکچوون و جیاوازیی!

Kurd24

یەکەم: رابەرانی پڕۆژەکە

بەر لە راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل (داود بنگۆریۆن و د. حایم وایزەمەن) رابەرایەتی کێشەی جوولەکەکانیان دەکرد. ھەردووکیان لەگەڵ راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل بوون، بەڵام لەسەر کاتی راگەیاندنی جیاوازبوون؛ بنگۆریۆن کە بە پیاوە پیرەکە زۆر جار ناوی دەھات لەگەڵ ئەوەبوو کاتی راگەیاندنی دەوڵەتیان ھاتووە لە فەلەستین، د.وایزەمەن پێی وابوو ھێشتا کاتی نەھاتووە، دەبێت دوابخرێت.

دووەم: بڕیاردان و چارەنووس

لە کۆنفرانسی جولەکەکان لە بازلی پایتەختی سویسرا بە ئامادەبونی 400 ئەندام ھەردوو پرۆژەکە خرانە دەنگدان، لە ئەنجامدا، پرۆژەی پیاوە پیرەکە سەری گرت بە زۆرینەیەکی کەم.

سێیەم: ھەڵوێستی کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی

بەریتانیا ئەوکات بەھۆی جەنگی دووەمی جیھان لە فەلەستین بوو، ھەرچەند بەڵێنی بەلفۆری بە جوولەکەکان دابوو بۆ دروستکردنی دەوڵەتی ئیسرائیل، بەڵام بە ھاتنە سەر دەسەڵاتی پارتی کرێکاران لە ساڵی 1945ـەوە، زۆر پەرۆش بوو بۆ کێشەی جوولەکەکان، دواتر لە بەڵێنەکانی خۆی پاشگەزبووەوە، بەھۆی ھاوپەیمانی ئەوکاتی لەگەڵ عەرەبەکان، ئیڤنی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی بەریتانیا بە راشکاوی ھەڵوێستی بەریتانیای بە بنگۆریۆن و ھاورێکانی گەیاند، کە بەھیچ شێوەیەک ئێستا لەگەڵ راگەیاندنی دەوڵەتی جوولەکەکان نییە. ھەرچی ئەمەریکا بوو، سەرەتا پرۆژەی راگەیاندنی دەوڵەتی جوولەکەی پەسەندکرد، بەڵام دواتر بەھۆی پاڵەپەستۆی زۆری عەرەبەکان داوای دواخستنی کرد و پەیامەکەی لە رێگەی مارشالی وەزیری دەرەوەی ئەوکات بە بنگۆریۆن گەیشت.

تەنھا یەکێتی سۆڤیەت (رووسیا) لەگەڵ راگەیاندن بوو، زۆر ھاوکاریدەکردن و ھەمیشە ھانی پرۆژەی کۆچکردنی جوولەکەکانی دەدا. کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی پێی وابوو راگەیاندنی دەوڵەتەکە ھەر بە مردووی لە دایک دەبێت، بە تایبەت کە لە نێو جەرگەی عەرەب بوو، بەڵام دوو خاڵی بەھێز جوولەکەکانی سەرخست ئەوانیش: یەکگرتوویی و خۆڕاگری بوو بەرامبەر دژەکانیان.

چوارەم:  یەکخستنی ناوخۆ

سەرەڕای ئەوەی پێشتر لە کۆنفرانسی بازل پرۆژەی پیاوە پیرەکە سەری گرت، بەڵام ھێشتا ھەوڵی زیاتری دەویست بۆ دەستەبەرکردنی ئامانجەکەیان، بۆیە ھەموو ھەوڵەکانی دواخستنی راگەیاندنی دەوڵەتی جولەکە لە فەلەستین لە لایەن بنگۆریۆن رەتکرانەوە. پیاوە پیرەکە ھەوڵی بەدەستھێنانی پشتگیری جوولەکەکانیدا لە ناوەوە و دەرەوە بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی رێکخستن و یەکخستنی دەدان. رێکخراوی ھاگانا و ئیرگۆن کە دوو رێکخراوی جوولەکەی فەلەستینی سەربازی دژی یەک بوون، بەڵام بەڵێنیاندا پشتگیری و ھاوکاری یەکتری بکەن، لەو قۆناغە لە واقعیدا جێبەجێیان کرد، ئەوەش بە ھەوڵ و کۆششی پیاوەپیرەکە و پشتگیری مافی دەوڵەتبوونیان بوو.

پێنجەم:  راگەیاندن و خۆڕاگریی

دوای ئەوەی ئامادەکارییەکی تەواوکرا لەو شارانەی جوولەکەکان زۆرینەی دانیشتوانی بوون، ئامادەکارییەکی تەواوی سەربازی بۆ بەرگریکردن، بنگۆریۆن لە کاتژمێر 4ی رۆژی 14-5-1948 دەوڵەتی ئیسرائیلی راگەیاند. لەو ڕۆژەوە  بۆ ماوەی 27 رۆژ،  پێنج دەوڵەتی عەرەبی بەرەو سنوورەکانی وڵاتی جوولەکەکان بە پاڵپشتی بەریتانیا ھەڵکشان، بەڵام جولەکەکان لەو 27 رۆژە بەرگرییەکی نموونەییان کرد و خۆڕاگربوون، دوای ئەو ماوەیەش ئاگربەست راگەیەنرا.

لەکاتی شەڕ، ئۆرشەلیم کە بۆ جوولەکەکان زۆر گرنگ بوو، خەریک بوو بکەوێتە ژێر دەستەڵاتی عەرەبەکان، بەڵام پاش شەڕێکی زۆر کۆنتڕۆڵیان کرد و ھەزاران کوژرا و برینداریان لەسەردا. لاتورن بەھەمان شێوە زۆرینەی دانیشتوانی جوولەکە بوون، کەوتە ژێر دەستەڵاتی لەشکری عەرەبەکان، سنوورەکانی گیرابوون، تاگە رێگایەکی پیادە لەژێر دەستی جولەکەکان بوو، ژن و پیاویان لە ترسی بۆردومانی فڕۆکەکانی میسڕ، بە پشت و بازووی خۆیان لە چەندین شەو، بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە رێگەکەیان فراونکرد بۆ ئۆتۆمبیل، ئیتر توانیان جولەکەکان لە گەمارۆدان رزگار بکەن.

کۆتایی: ئەنجامگیریی

1- تاکی کوردی بە گشتی خاوەنی بەھێزترین ئیرادەبوو، ئەم ئیرادەیە لەناخیدا دروستکرابوو بە تایبەی لە قۆناغەکانی تێکشکاندنی داعش و رۆژانی بەڕێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆم، بەردەوام بوو تاکو دوای ریفراندۆم، بەداخەوە دواتر بەو ئاستە نەمایەوە.

2- ھەرچەندە جوولەکەکان 27 رۆژ بە بەردەوامی لەژێر بۆردومان و ھێرشی پێنج دەوڵەتی عەرەبی بوون، بەبێ ئەوەی ترووسکاییەکی رووناکیان لێ دیاربێت، بەڵام ھەموویان بەھەبوونی ئیرادە و خۆڕاگرییەکی نموونەیی، بەرگەی ئەو قوربانیدانەیان گرت کە پێشکەشیان کردبوو، لە قۆناغی بەرگری، بەبێ ئەوەی پەنجەی تاوانبارکردن و دادگاییکردن ئاراستەی تاکە کەسێک بکرێت.

3- بە بەراوردکردن لە نێوان راگەیاندنی دەوڵەتی ئیسرائیل و ریفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان (2017)، دەردەکەوێت ئەگەر رووداوەکانی (16)ی ئۆکتۆبەری (2017) نەبوونایە، ئێستا  هەرێمی کوردستان، ئەگەر دەوڵەتیش نەبوایە، بەڵام پێگە و قەوارە یاساییەکەی لە ئاستێکی زۆر باڵاتر دەبینرا، لەوەی بەر لە ریفراندۆم.