عاشقانی نامەکەی تیلەرسۆن

Kurd24

رێکس تیلەرسۆن، وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا، نامە و رەشنووسێکی سیاسیی و پڕ لە ئیشکالی نووسی بۆ دواخستنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان، کە زەمانەتی باشوری کوردستان بکات و وەک ستاتۆیەک بمێنێتەوە، بەبێ ئەوەی نامەکە ڕەگەزی بەڵێن و داڕشتنی پلانێکی زەمەنی نزیک یان دووری تێدابێت بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردیی.

ئەم کاراکتەرە پراگماتییە چۆن دەتوانێت زەمانی دواخستنی دەوڵەتێک بکات بۆ کورد و ئەو ریسکە بکات کە خۆی یەک ساڵ نەیتوانی زەمانەتی پۆستەکەی بکات لەگەڵ ترەمپ و لە وەزارەتی دەرەوە بمێنێتەوە بۆ پاراستن و ژیانی ئەو پێكهاته‌ نەتەوە و نیشتمانە پارچەپارچە کراوانەی بەردەم سیاسەتی پاکتاوی رەگەزیی و ئیتنی، کە ئەمه‌ریکا خۆی بەشێکە لە مێژووی ئەو پاکێجە دڵڕەق و قاسییە و لەسەر خوێن و ڕۆحی هیندییە سوورەکان و ڕەشپێستەکان دروست کرا و گەورە بووە، سەرباریی چەندین رێکكەوتننامە لەگەڵیان و دواتر پەشیمان بوونەوە و دووچاری پاکتاوی رەگەزیی و رایسیزم و ئاپارتایدیان کردنەوە و تا ئێستاش ڕەشەکوژیی و کوشتنی ئانه‌قەستی رەشپێست سیاسەتێکی ئاکتیڤە لە ئەمریکا، بۆیە لە مێژووی نزیکی ئەمه‌ریکادا سەدان نموونەی بێبەڵێنی هەیە و خودی مارتن لۆسەر کینگ، ریفۆرمخوازی ئەمه‌ریکی وەک پاڵەوانی رۆحی رەشتپێستەکان تەواوی ئەم چیرۆکانەی کاتی خۆی نووسیوەتەوە بۆ مرۆڤایەتی، تەنانەت ئێستاش دیاردەی ترامپیزم وەک دیاردەیەکی ناقۆڵا درێژەپێدەریی هەمان سیاسەتی دیماگۆجیەتن بۆ مرۆڤایەتی، ئیتر کوردی بێ قەوارە و بێ کیان دەبێ لە کوێی ئەو هاوکێشەیەدا بن و بۆچی دەبێ ئەو خەونەی بەردەوام تەئجیل بکەن؟

ئەوانەی عاشقی نامەکای تیلەرسۆنن و وەک نامەی دڵداری سەیری دەکەن و ساڵانە گەرمی دەکەنەوە، ئێستا خۆی هەر بیری نەماوە چی نووسیوە، ئەسڵەن نازانن تیلەرسۆن کێیە و چیە، تەنها خەونی وەزیرێک بوو بۆ مانەوە و نەخشەڕێگای وزە و نەوت، نامەکە راستە هی وەزیرێکی فەرمی وڵاتێکی زلهێز بوو وەلێ پەیوەندی بە دۆخی ریفراندۆمەوە نەبوو، ئەوەندەی پەیوەندی بە داڕشتنی سیاسەتی نوێی تیلەرسۆنەوە هەبوو بۆ عێراق و سووریا و ئێران و دواتر شکستیشی هێنا.

نامەیەک بوو بە هیچ فلتەرێکی موخابەراتی و سیاسی و شەن و کەوی دەزگاکانی بیری ئەمه‌ریکادا نەڕۆشتبوو. ئەگینا لە ئەزموونی حوکمڕانی رۆژاڤای کوردستان، بینیمان نە داوای سەربەخۆیی کراو نە ریفراندۆم ئەسڵەن رۆژاڤا ناوی کوردستانی لە ئەزموونەکەشی کردەوە هەر شەفاعەتی نەکرد، کەچی وەزیرەکەی دوای تیلەرسۆن، هیچ دەستوخەتێکی جێنەهێشت، نە بۆ پاراستنی کوردان و  نە بۆ ئازادیی و نە شێوەیەک بۆ پراکتیزەی ناوەڕۆکی ئەو رەشنووسە و بگرە لەبەردەم سوپای وەحشەتناکی ئەردۆغان بەجێشیان هێشتن و بینیمان لە سەرێکانی و گرێسپی و عەفرین چ کۆمەڵکوژییەک روویدا لەپای ئەو جۆرە ئەجێندایانە.

بۆیە دیکۆمێنت و رەشنووس و زەمانەت و ئەم جۆرە نامانە جلی تەڕی بارانە و کەس لەبەری ناکات، نەک کوردو سەرکردایەتیەکەی، تیلەرسۆن ئەندازیارێکی مەدەنی، زانستخواز، بەرپرسی دۆسیەی وزە و کاربەدەستی ئێکسۆن مۆبیل و کەمپەینسازی خۆبەخشی ترامپ بۆ هەڵبژاردن، ئێستاش رەنگە خانەنشین، تەنانەت ئەو رەشنووسەش سڕاوەتەوە لە یادەوەرییاندا و نەبۆتە پرۆژە و نەچۆتە پرۆتۆکۆلی سیاسی وەزارەتی دەرەوەش و وەک ئەوراق و دیکۆمێنتی گرنگ رەفتاری لەگەڵ نەکراوە، ئیتر چۆن کورد گوێی لێبگرێت، بەڵام ئەوانەی کە بە سیاسەتی رق و لە دەرەوەی سیاقی مێژوویی و عەقلانی و بۆشایی فیکریی و ململانێی ئایدۆلۆژیی سیاسەت بەڕێوەدەبەن، هێشتا نامەکەیان لە گیرفاندایە بۆ دڵداریی و موغازەلەی حزبیی و رازیکردنی کچانی دراوسێ!

ئینجا، بۆ ئەوانەش لە مێژووی قووڵی نامەی سیاسی و دیکۆمێنتی دەوڵەتی تێناگەن با بزانن، لەنێوان نامەکەی جیمیس بیلفۆر  1917 و رێکس تیلەرسۆن 2017، سەد ساڵ مەودای قووڵ و دیدی فراوان هەیە، بەقەد ئەو ساد ساڵەش جیاوازیی هەیە لە فۆرم و ناوەڕۆک و واقیع و زەمینەی سیاسی و فیکریی و سۆسیۆلۆژیی دروست بوونی نەتەوەکان و دەوڵەتانی نوێدا بە ئیسرائیلیشەوە. بۆیە هەڵەیەکی میتۆدییە ئەو دوو مێژووە و ئەو دوو نامەیە وەک یەک هەڵسەنگێنین و خوێندنەوەی بۆ بکەین، لە بنەمادا ئەوانەی شەرعیەت بە نامەکەی تیلەرسن دەدەن بۆ وەستاندنی ریفراندۆم، هیچ لەو مەغزا و مەدلوولە سیاسییەی بەڵێنی بیلفۆڕ و ناواخنی نامەکە نەگەشتوون کە بۆچی نووسرا و دەرەنجامەکانی چی بوون تاوەکو دەوڵەتی ئیسرائیل دروست بووە، بلفۆر میساق و بەڵێن و نووسراوی دەوڵەتگەلێکی گەورە بوو لە زەمەنێکی تاریکدا کە قەدرزانی هەبوو بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی وەک زایۆنییەت و دروستکردنی لۆبی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەوەی تیلەرسن تەواو دوور بوو لەو خەونە و بۆ دواخستنی دەوڵەتداریی و لۆبیکردن نەبوو، بەڵکو نامەی گیرفان بوو بۆ دروستکردنی کەناڵی تازەی وزە و نەوت و بەرژەوەندییەکانی ئەمه‌ریکا، گەر وا نییە ئەدی بۆ ئەو نامەیە ئێستا بوونی نییە لە ئەرشیفی وەزارەتی دەرەوەی ئەمه‌ریکا و دوو توێژینەوەی گەورەی میدیایی لەسەر دروست نەبوو.

ئه‌وانه‌ی له‌ گفتوگۆی تره‌مپ و بیزنسه‌كه‌ی ده‌گه‌ن، ده‌بێت بزانن زه‌مه‌نی به‌ كاڵاكردنی ئینسان و دەوڵەت و سووکایەتی گەورە بە نەتەوەی ستەملێکراو و زه‌مه‌نی بێبڕوایی هێشتا موشتەریی زۆرە‌، تیلەرسۆنی وەزیری دەرەوەی پێشوو بەشێک بوو لەو سیستمە کەبه‌های هه‌موو شتێكی هێنایە خوار و یەکسانکرد بە نەوت و پێدراوە داراییەکان، ئینسانی له‌ جیهاندا کردە بێبه‌هاترین شمه‌ك، ئەگینا با ئەو نامەیە پشتگیریی بووایە بۆ ئەو خەونەی کورد و دادوەریی بۆ یەکجار حاکم بوایە لە چانسی کوردان.