لە ئەگەری مردنی ترەمپ دا

Kurd24

مردنی ترەمپ مردنی کەسێکی ئاسایی و تەنانەت وەک مردنی سەرۆکی وڵاتێکی تریش نییە، لەکاتی مردنی ترەمپ بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا سیستەمی ئابووری نەک هەر ئەمریکا، بەڵکو هەموو جیهان دووچاری داڕووخانێکی گەورە دەبێتەوە، لەمەش زیاتر شکۆی وڵاتێکی گەورەی وەک ئەمریکا دەشکێت، بۆرسەی جیهانی و لەگەڵ خۆیدا هەزاران کۆمپانیای گەورە مایە پووچ دەکات، زیاتر لەمەش جیهان بۆماوەیەکی درێژتر رروبەڕووی داخرانێکی تووند دەبێتەوە، چونکە لەو حاڵەتدا کۆڤید – 19 سەرکەوتنێکی گەورە بەسەر مەزترین وڵاتی دنیادا تۆمار دەکات.

بۆیە ئەم بابەتە گرێدراوی کەسێک نییە بە ناوی دۆناڵد ترەمپ، ئەوەندەی پەیوەستە بە ژیانی ملیۆنان کەسەوە لە سەرانسەری جیهان، مردنی ترەمپ لەم کاتەدا و بەهۆی ئەم ڤایرۆسەوە خەڵکی هەژارتر دەبن و زۆر لە وڵاتان وێران دەبن، بەتایبەتی وڵاتانی وەک ئێمە کە نەوت سەرچاوەی سەرەکی ئابوورییە، نەوت نرخەکەی زۆر دادەبەزێت و دووچاری هەڵاوسانی گەورەی ئابووری دەبنەوە، بەشێوەیەک پارەکەیان دە بەرابەر هێزی کڕین لەدەست دەدات، وڵاتەکان ناتوانن پێداویستییە سەرەکییەکانی هاووڵاتیانیان دابین بکەن.

هەرچەندە مردنی ترەمپ نابێتە کۆتایی دونیا، بەڵام کاریگەرییە ئابووری و تەندروستییەکانی بۆ ماوەیەکی درێژ جیهان دووچاری لاوازییەکی زۆر دەکاتەوە، لەگەڵ ئەم ئەگەرەشدا تا ئەم ساتە تەندروستی ترەمپ باش و جێگیرە، بەڵام بەهۆی زۆری تەمەنی و کێشی زیادی نیگەرانییەک هەیە، دیسان ئەمە نابێتە پاساو بۆ سیستەمی تەندروستی وڵاتێکی وەک ئەمریکا، وێڕایی لێکەوتە ئابوورییەکانی، بەڵکو دەبێتە شکستێکی گەورەی سیستەمی تەندروستی ئەو وڵاتە کە نەیتوانیووە چارەسەری سەرۆکەکەی بکات، پێش تره‌مپ هەردوو سەرۆکی بەرازیل جاییر بولسونارو بەریتانی بۆریس جۆنسۆن، دووچاری ئەم ڤایرۆسە بوون و چارەسەرکران، هەرچەند ئەم هەرسێ سەرۆکانە لە رووی تەمەنەوە جیاوازن، بەڵام دیسان ئەمریکا ئەو وڵاتەیە کە بەهیچ وڵاتێکی تری جیهان بەراورد ناکرێت لە هەموو رووێکەوە، لە ئەگەرێکی وادا هەرچەندە من بەدووری دەزانم ترەمپ بەم نەخۆشییە بمرێت، بەڵام ئەمە مانای وانییە مەترسی لەسەر ژیانی نەبێت، چونکە ئەویش دواجار مرۆڤە و وەک هەر مرۆڤێک ملکەچی ئەمر و فەرمانەکانی خوایە، ئیدی بەخۆشی بێت، یان ناچاری پێویستە هەموومان نزای چاکبوونەوەی ترەمپ لە خودای گەورە بخوازین.