لێدان له‌ دامەزراوە حکومییەکانی سلێمانی

Kurd24

ئەو بێڕێزییەی رۆژانە بەرامبەر دامەزراوە حکومییەکان لەلایەن باڵاترین کەسی حزبی یەکێتییەوە لە پارێزگای سلێمانی دەکرێ، بەرلەوەی لێدان بێت لە کۆی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم وەک کیانێکی یاسایی و دەستووری دانپێدانراوی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی، لێدان و بێڕێزییە بۆ خەڵکی سلێمانی و بەرژەوەندییەکانی، هەر میللەتێک یان هەر حزبێک رێز لە دامەزراوە یاساییەکانی خۆی نەگرێت، ئەمڕۆ نا سبەی هەر رووبەڕووی شکست دەبێتەوە.

ئەو بەرپرسە باڵایەی یەکێتی ئەگەر خەیاڵی وابێت بەم جۆرە ئیستفزانەنە زیان لە پارتی دەدات و دەتوانێ کێبڕکێی پارتی بکات، ئەوە جگە لە زیان گەیاندن بەکۆی میللەت بە گشتی خەڵکی سلێمانی به‌ تایبه‌ت نەبێت، هیچ زیانێک بە پارتی ناگەیه‌نێت، ئەم هەڵسوکەوتە بۆ ئەوەیە بێیاسایی لەو دەڤەرە زاڵبێت بۆ ئەوەی لە گومرگەکانی سنوور دەستی واڵاتربێت بۆ گەندەڵی و دواتر هێنانەوەی ئەو پارەیە بۆ ئەوەی وەک خێر و سەدەقە و منەت بیداتەوە هەندێک خەڵک و هەندی پڕۆژەی کەسی پێ بکات تا خەڵک مەدح و سەنای بکەن.

پێموایە ئەمڕۆ میللەت گەلێک لەوە هۆشیارترە لەم فرت و فێڵانە تێنەگات، ئەوەی ئەمڕۆ خەڵک دەیەوێت و پێویستییەتی حوکمی یاسا و دامەزراوەکانییەتی، نەک کەسێک بێت و خۆی بکاتە پاڵەوان و دەست بۆ پارەی گومرگەکان ببات و دواتر خێری پێ بکاتەوە، دەبوو لانیکەم کادر و باقی سەرکردەکانی خودی یەکێتی لەسەر ئەم بێڕێزییە بە دامەزراوەکانی حکومی لە سنووری خۆیاندا هاتبانە دەنگ، پێی بێڵێن: ئەرێ کاکە راستە تۆ بۆت هەیە لەگەڵ ئەندام و لایەگرانی حزب کۆڕ و کۆبوونەوە بکەی، بەڵام چیت داوە لە کۆبوونەوە بە دامەزراوە حکومییەکان؟ یان پارێزگاری سلێمانی تۆی رۆشنبیر و رەخنەگر و لە حزبێکی تر، چۆن بەرامبەر ئەو بێڕێزییە بەرامبەر خۆت و دامەزراوەکانی ژێر دەسەڵاتت وا بێ دەنگی، ئێ خۆ ئەوان کەسێکی باڵاو دەست رۆیشتووی وەک کاک قوبادیان جێگری سەرۆک وەزیرانە و دەتوانی لە بەیانییەوە تا ئێوارە لەگەڵ هەموو دامەزراوە حکومییەکان نەک هەر لە پارێزگای سلێمانی، بەڵکو لە هەموو هەرێم کۆبوونەوە بکات، نەک هەر کەس رەخنەی لێ ناگرێت بەڵکو جێگای دەستخۆشیش دەبێت، ئەی کاکی جێگری سەرۆکی حکومەت تۆچۆن  ئەم بێڕێزییە بەرامبەر خۆت و وەزیرەکانت قه‌بووڵه‌؟ ئەرێ تۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران ئیحراج نابی؟ یان ئەوەیە هەر هەستی پێناکەی؟!

من ناڵێم با سەرۆک وەزیر یان وەزیرەکانی پارتی لەو سنوورە کۆبوونەوە بە دامەزراوە حکومییەکانی دەڤەرەکەتان بکەن، بەڵام رێگە بدە ئامۆزایەکەت کە کوڕی ئەو سەرکردەیەیه‌ کە تۆ لەسایە و سێبەری ئەودا وا دەوڵەمەند و خاوەن دەسەڵاتی، کارە یاسایی و حکومییەکانی خۆی بکات، هەر ئەوەندە و چیترنا.