ئاڵای یەکڕیزی

Kurd24

لەم چەند ڕۆژەدا بینەری چەندین رووداوی گرنگ بووین، گرنگترینیان سووتاندنی بارەگای پارتی و ئاڵای کوردستان بوو لە ناو جەرگەی بەغدا کە لە سەرانسەری جیهان دەنگی دایەوە و لە لایەن زۆر وڵات ئیدانە کرا.

ئەمە تێڕامانێکی سیاسیی فراوانی گەرەکە و دەبێ پێشهاتەکە زانستییانە شرۆڤە بکرێ، چونکە دەسەڵمێنێ بنچینە دارووخاوەکانی دیموکراسی لە ئێراق، زۆر کاولترن لە وەی کە پێشبینی دەکرا. کارمان بەوە نییە کێ و چ لایەنێک لە پشت ئەم رووداوە قێزەونە بوو، چونکە دیارە ئامانج و کاریگەرییەکانی چین و کێ رایسپاردوون. ئەوەی کە شایەنی هەڵوێستە کردنە، بە کرداری حزب و لایەن و کەسایەتییە کوردستانییەکان تێکڕا ئیدانەی ئەم کارە کرێتەیان کرد و هاودەنگ پشتگیرییان لە ئاڵای کوردستان کرد.

زۆر بە دەگمەن ئەم چەشنە یەکهەڵوێستی و یەکڕیزییە لە ناو کورد دەردەکەوێ؛ نەخاسمە کە مێژووی کورد پڕاوپڕە لە دووبەرەکی و ناکۆکیی و ناتەبایی و رەق گوتاری. بۆیە پێویستە لە بڕی سەنگەر گرتن بەرامبەر یەکتری و هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ناکۆکیی ساڵانی دوور و درێژ، ئەم رووداوە بکەینە هەوێنی یەکگرتن و تەبایی و سەرەتایەک بۆ بە یەکگەیشتن و تێگەیشتن.

سەدان ساڵە کورد کێشەی ناوخۆی هەیە بە رادەیەک گەیشتووەتە نالەبارترین دۆخی سیاسیی و سەنگەری میدیایی و ترۆپکی گرژییەکان کە شەڕی ناوخۆ بوو، بەڵام هێشتا پێکەوە دانیشتن وتێگەیشتنیان هەبوو لە سەر ڕێکەوتن و سەرجەم دەستکەوتەکانیش لە بەرئەو تێفگرین و ئاراستەیە بوون.

ئەگەر پێداچوونەوەی مێژووی وڵاتە پێشکەوتووەکانیش بکەین، ئەنجامەکەی ئەوەیە کە سەرجەمیان لەو قۆناغانەی کێشە و شەڕی ناوخۆ تێپەڕیون و کۆڵیان نەدا تا گەیشتنە ڕێکەوتن و سازانی کۆمەڵایەتیی و سیاسی.  بۆیە ئەستەم نیە ئێمەش کێشەکان وەلابنێین و لە سەر بنەما گشتیی و پیرۆزییە نەتەوەیی یەکان پێکەوە دابنیشین و کێشە و قەیرانەکانی ووڵات بە یەکهەڵوێستی و بە گفتوگۆ چارەسەر بکەین. لێکەوتنەکانی ترازان مەترسیدارە و سازان و یەکڕیزی تەنیا رێیە دەمانگەیەنێتە ئامانج.

کۆتایی هەموو شەڕ و ناخۆشییەکانیش دانیشتن و رێکكەوتنە. بۆیە سەرکردەی نەترس ئەوەیە هێڵە سوورە دەستکردییەکان ببەزێنێ و ئامادە بێ بۆ بەرژەوەندیی گەل و نیشتمان باوەش بە نەیارەکانی هاونیشتمانی بکات و بیانکەتە هاوسەنگەر و گرێکوێرەکان بکاتەوە و گەل و وڵات بگەیەنێتە کەناری ئارامی و بەختەوەری.