10 خاڵ لەسەر هەڵبژاردنەکانی ئه‌مه‌ریكا!

Kurd24

بڕیارە دوای تەنها دوو هەفتەی تر و لە رێكکەوتی (2020/11/3) هەڵبژاردنەکانی ئه‌مه‌ریكا ئەنجام بدرێت، ئەو (10) خاڵەی گرنگە بزانین لە سەر هەڵبژاردنەکان بریتین لە:

1- ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لەسەر ئاستی جیهان، چونکە تاکو ئێستا ئه‌مه‌ریكا زلهێزترین وڵاتی دنیایە و (واشنتن)ی پایتەخت چەقی داڕشتنی بڕیارە چارەنووسسازەکانی جیهانە.

2- لە مێژووی (244) ساڵەی سەربەخۆیی ئه‌مه‌ریكادا هیچ کاتێک هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئه‌مه‌ریكا دوا نەخراوە، هەتا لە کاتی شەڕی ناوخۆ و شەڕی دەرەکیشدا هەموو چوار ساڵ جارێک (بە گوێرەی ماددەی دووی دەستووری ئه‌مه‌ریكا) هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەنجام دراوە (ئەگەرچی چەند مانگێک لەمەوبەر تره‌مپ داوای دواخستنی هەڵبژاردنی کرد، بەڵام هەر زوو داواکەی لەلایەن کۆماری و دیموکراتەکانەوە ڕەتکرایەوە).

3- هەڵبژاردنی ئەمجارە لە بارودۆخێکی ناهەمواردا ئەنجام دەدرێت، بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا، ئه‌مه‌ریكا رۆژانە ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەکات لە رێژەی توشبووان و رێژەی مردووان.

4- هەردوو رکابەری سەرەکی (دۆناڵد تره‌مپی کاندیدی کۆماریەکان و جۆزیف بایدنی کاندیدی دیموکراتەکان) بە شێوەیەکی قووڵ رای گشتی و شەقامی ئه‌مه‌ریكایان دابەشکردووە.

5- جگە لە دوو کاندیدە سەرەکیەکە (تره‌مپ و بایدن) کۆمەڵێک بەربژێری تر هەن کە ژمارەیان (34) کاندیدە، بەڵام هیچکامیان ئەگەری دەرچوونیان نیە، بەڵکۆ چانسی بردنەوەی (کورسی) کۆشکی سپی مۆنۆپۆڵ کراوە بۆ هەردوو بەربژێرەکەی هەردوو پارتە سەرەکیەکەی ئه‌مه‌ریكا (بایدنی دیموکرات و تره‌مپی کۆماری).

6- جگە لە هەڵبژاردنی سەرۆک، لەهەمان رۆژدا هەڵبژاردن بۆ تەواوی ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەران و (3/1) ئەندامانی ئەنجومەنی پیران بەشێک لەحاکمی ویلایەتەکان ئەنجام دەدرێت.

7- لەلایەک هەردوو وڵاتانی (چین و ئیران) پشتگیری دەرچوونی (بایدن) دەکەن، لەلایەکی تر هەردوو وڵاتانی (ڕوسیا و تورکیا) پشتگیری هەڵبژاردنەوەی (تره‌مپ) دەکەن بۆ خولی دووەم، ئەم چوار وڵاتەش بە شێوازی ئاشکرا (لۆبیکردن) و نهێنی (ئەلیکترۆنی) هەوڵدەدەن کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دروست بکەن (وەک لە بەیاننامەی ویلیام ئیڤانینای بەڕێوەبەری ناوەندی ئاسایشی نیشتیمانی و بەرەنگاربونەوەی سیخوڕی ئه‌مه‌ریكیدا ئاماژەی پێکراوە).

8- بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆناوە تاکو ئێستا لە (45) ولایەتی ئه‌مه‌ریكیدا زیاتر لە (22) ملیۆن هاوڵاتی لە پڕۆسەی (دەنگدانی پێشوەختە)دا دەنگیان داوە، ئەمەش ڕێژەیەکی پێوانەییە لە دەنگدانی پێشوەختەدا، هەروەها چاوەڕوان دەکرێت بۆ خۆپارێزی لە (ڤایرۆسی كۆرۆنا) بەشێکی زۆری دەنگدانی هاوڵاتیانی ئه‌مه‌ریكا لە ڕێگای پۆستەوە بێت.

9- بە شێوەیەکی گشتی پارتی کۆماری پارێزگار و (کۆنزەرڤاتیڤن) لەگەڵ بچووکردنەوەی رۆڵی حکومەت و فراوانکردنی ڕۆڵی کەرتی تایبەت و کەمکردنەوەی باج و نەهێشتنی لەباربردنن...هتد، بە پێچەوانەوە پارتی دیموکرات کراوەتر و لیبڕاڵترن لەگەڵ فراوانکردنی ڕۆڵی حکومەت و سنوردارکردنی کەرتی تایبەت و  پشتگیری مافی پەناپەران و ئازادی کەسی و مافی لەباربردن...هتد

10- میکانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆکی ئه‌مه‌ریكا (تایبەت و جیاوازە) لە هەموو وڵاتانی تری جیهان، خەڵک دەنگ بە دەستەیەک دەدەن کە پێیان دەگوترێت (ئیلیکتۆڕاڵ کۆڵیج) ژمارەی ئەم دەستەیە بەقەد ژمارەی ئەندامانی کۆنگرێس و سێنات (ئەنجومەنی نوێنەران و پیران) و سێ ئەندام وەک نوێنەری واشنتنی پایتەخت، واتە ژمارەی  دەستەکە [538] ئەندامن (435+100+3=538)، هەر کاندیدێکی سەرۆکایەتی بتوانێت (270) دەنگ لەم دەستەیە بەدەست بهێنێت، ئەوا دەبێتە سەرۆکی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مه‌ریكا.