کورد لە هاوکێشەی ئه‌مه‌ریكادا

Kurd24

راستییەکی حاشا هەڵنەگرە کەوا گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک (ئەکتەرێکی نادەوڵەتی) دۆست و هاوبەشێکی گرنگی ئه‌مه‌ریكایە، واتە کورد لە هاوکێشەی ئه‌مه‌ریكادا (ژمارەیەکی خوێندراوەیە) ئەویش بە هۆی ئەو فاکتەی کەوا کورد پڕۆ رۆژئاوا و پڕۆ ئه‌مه‌ریكایە، ئەم فاکتەش لە تێکشاندنی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە و شەڕڤانان سەلمێنرا، بەمانایەکی تر دەتوانین بڵێین کورد هاوبەشێکی متمانە پێکراوی ئه‌مه‌ریكایە لەرۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام لەسەروبەندی نزیک بوونەوەمان لە هەڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكادا، دوو پرسیاری گرنگ دێنە پێشەوە:

1- ئایا کورد چۆن بتوانێت درێژە بە بوونی خۆی بدات لە ناو هاکێشەی ئه‌مه‌ریكادا؟

2- ئایا کورد چۆن بتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئه‌مه‌ریكادا لە هاوبەشێکی سەربازی و تاکتیکی و کورت خایەنەوە بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانێکی سیاسی و ستراتیژی و درێژخایەن؟

 بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانەی سەرەوە (لە ئەگەر بردنەوەی ترەمپ یان بایدن)دا پێویستە داڕێژەرانی بڕیار لە هه‌رێمی کوردستان ئەم شەش خاڵە لەبەرچاو بگرن:

1-  پێویستە کورد لە زووترین دەرفەتدا هەوڵی رێکخستن و بەهێزکردنی ناو ماڵی خۆی بدات، واتە (بەهێزکردنی بارودۆخی خودی) لەهەمان کاتدا پێویستە کورد خوێندنەوەیەکی لۆژیکی بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە هەبێت، واتە (تێگەیشتن لە باردۆخی بابەتی).

2- پێویستە کورد هەڵبدات لە پاڵ رێکەوتنی سەربازی، رێکەوتنی سیاسیش لەگەڵ ئه‌مه‌ریكادا واژوو بکات، بە مەبەستی پاراستن و دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەلامەتی کوردستان لە ئەگەری هەر هێرشێک کە لە داهاتوودا ئەنجام بدرێت.

3- گرنگە کورد ئامادەباشی بکات بۆ ئەو گۆڕانکاریانەی کە لە ناوچەکەدا روو دەدەن، لە ئەنجامی جێبەجێکردنی رێکەوتنەکانی (گرێبەستی سەدە و ئیبڕاهیمی و شامی نوێ و نیۆم) چونکە کۆی ئەم رێکەوتنانە لێکەوتەی (ئەرێنی و نەرێنی) بۆ سەر هه‌رێمی کوردستان دەبێت، هەروەها گۆڕانکارییەکانی ئەم ناوچەیە کۆمەڵێک (دەرفەت و هەڕەشە) بۆ کوردستان لەخۆ دەگرێت، هەموو ئەم رێکەوتنانەش لەژێر چاودێری راستەوخۆی ئه‌مه‌ریكادا ئەنجام دەدرێن و لە دەیەی داهاتوودا (تاکو ساڵی 2030) تەواودەکرێن.

4- ئەگەر کورد بیەوێت هەمیشە پارێزراو بێت لەلایەن ئه‌مه‌ریكا و ئەوروپاوە، ئەوا کورد پێویستە لەسەر ئاستی ناوخۆ هەوڵبدات دامەزراوەکانی لەژێر چەتری دەستورێکی مۆدێرندا رێک بخات، واتە هەوڵبدات لیژنەی نوسینەوەی دەستور لە پەرلەمانی کوردستان کارا بکاتەوە، تاکو لە ماوەیەکی دیاریکراودا (رەشنووسی دەستوور بکرێتە سپینووس) و بخرێتە دەنگدان و پاشانیش جێبەجێکردنەوە.

5- هاوشان لەگەڵ تۆکمەکردنی ریزەکانی ناوخۆ، پێویستە کورد لە ئاستی دەرەکیشدا گرنگیەکی تایبەت بە پڕۆسەی (لۆبیکردن) بدات، بەتایبەت لە ئه‌مه‌ریكادا پێویستە هەوڵبدات پشتگیری دامەزراوە جیاوازەکانی ئه‌مه‌ریكا بەدەست بێنێت وەک (کۆنگرێس، کۆشکی سپی، وەزارەتی دەرەوە، پنتاگۆن، ناوەندەکانی توێژینەوە و ثینک تانک) چونکە ئەم دامەزراوانە بەشداری کارایان هەیە لە داڕشتنی ستراتیژیەت و سیاسەتی دەرەوەی ئه‌مه‌ریكا.

6- پێویستە کورد لەسەر بنەمای (بەرژەوەندی هاوبەش) رێکەوتنی ئابووری و بازرگانی لەگەڵ ئه‌مه‌ریكادا واژوو بکات، واتە گرنگە کورد بەرژەوەندییەکانی خۆی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئه‌مه‌ریكادا هاوتەریب و پارالێل بکات، بۆ ئەوەی کوردیش لە پاڵ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئه‌مه‌ریكادا لەم ناوچەیەدا هەمیشە پارێزراو بێت، بەمانایەکی تر پێویستە کورد لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش سیاسەت لەگەڵ ئه‌مه‌ریكا بکات، نەک هەوڵبدات لەسەر بنەمای سۆز (دڵداری) لەگەڵ ئه‌مه‌ریكادا بکات، چونکە سیاسەت لە ئه‌مه‌ریكادا لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دادەڕێژرێت نەک لەسەر بنەمای سۆزداری!

لەگەڵ رەچاوکردنی ئەم خاڵانەی سەرەوەدا، پێویستە کورد بەردەوام بێت لە سیاسەتکردن بە ئاراستەی هاوسەنگی راگرتن لە نێوان ئه‌مه‌ریكا و نەیارانیدا (بەتایبەت ئێران)، چونکە بەرژەوەندی کورد لە شێوازێکی سەردەمیانەی سیاسەتکردنە، بە ئاراستەی باڵانس راگرتن.

*  کارۆخ خۆشناو سەرۆکی ئینستیتوتی توێژینەوەی ئەمریکی-کوردی