چۆن كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی رابێنین له‌سه‌ر ماسك؟
كاره‌كه ساده و ساكار و ئاسان نییه، ره‌نگه نه‌ك كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی، به‌ڵكو كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكی-یش به‌هه‌مان دۆخی سه‌ختی كه‌لله‌ره‌قی و سه‌ركێشیدا تێپه‌ڕیبێت.
مانگی شوبات كاتێك له‌گه‌ڵ خوێندكاره چینییه‌كانی هاوڕێی زانكۆمدا دیمه‌نی ناو شاره‌كانی چین-یان پیشانده‌دام، یه‌كپارچه خه‌ڵك به ماسكه‌وه هاتووچۆی ده‌كرد. من ئه‌موت: به‌ڕاستی سه‌خته. به‌ڵام ئه‌وان جه‌ختیان له‌وه ده‌كرده‌وه كه كۆمه‌ڵگه‌ی چینی به‌به‌رده‌وامی راهاتووه له‌سه‌ر ماسك. ته‌نانه‌ت ئه‌و نمونه‌ی چه‌ند كه‌رتێكی په‌كین-ی هێنایه‌وه كه به‌هۆی كه‌شوهه‌واو دوكه‌ڵی كارخانه‌كان له ژیانی ئاسایدا به‌بێ ماسك نا‌توانیت هاتووچۆ بكه‌یت.
كاتێك له‌كۆتایی مانگی ئادار، ئیداره‌ی تره‌مپ بڕیاری داخستنی بازاڕ-ی دا هێشتا ماسك لای خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكی نامۆ بوو. بۆیه بیرمه له 5ی نیسان بوو چوومه سوپه‌رماركێتێكی گه‌وره ئه‌وانه‌ی ماسكیان به‌ستبوو به په‌نجه‌ی ده‌ست ئه‌بژێردران.
له‌وكاته‌دا ململانێیه‌كی توند هه‌بوو له‌نێوان دوو ئاراسته‌ی جیا له ئه‌مه‌ریكا. یه‌كێكیان كۆمارییه‌كان بوو كه باوه‌ڕیان به ماسك و داخستنی بازاڕ نه‌بوو. ئه‌وی دیكه‌یان دیموكراته‌كان كه باوه‌ڕی ته‌واوی به ماسك و داخستنی بازاڕ هه‌بوو. دواجار هه‌ردوو ئاراسته‌كه له‌سه‌ر كردنه‌وه‌ی بازاڕ و به‌ستنی ماسك گیرسانه‌وه. ئێستا كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مه‌ریكی راهاتووه له‌سه‌ر ماسك. به‌بێ ماسك چوونه شوێنه ره‌سمی و ناره‌سمی و بازاڕه‌كان قه‌ده‌غه‌یه. به‌ڵام (نه پۆلیسی تێدا به‌كارهات و نه غرامه‌كردنی هیچ كه‌س). به‌ڵكو هێدی هێدی له رێگه‌ی میدیا و زانكۆكان و رێكخراوه‌كان و خه‌ڵكی رۆشنبیره‌وه، كۆمه‌ڵگه هۆشیاركرایه‌وه.
كه‌واته ئه‌ی چۆن بتوانرێت خه‌ڵكی باشوری كوردستان هۆشیاربكرێت به پێویستی به‌ستی ماسك؟
رای من وابوو به‌ر له‌وه‌ی غرامه‌كردن و پۆلیس بێته ناو كاره‌كه‌وه، ده‌بوو هه‌ندێك ده‌ستی تری كۆمه‌ڵگه و كۆمه‌ڵایه‌تی رۆڵی بگێڕایه، كه ئه‌وانیش میدیا و مزگه‌وت و رێكخراوه‌كان و خه‌ڵكانی ئه‌كادیمی بواری پزیشكی كه ئه‌وانیش ته‌نیا دوو مینبه‌ریان له‌به‌ر ده‌ست (میدیا و تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان). به‌ڵام هێشتا زووه و دره‌نگ نییه بۆ ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه‌ی باشور ئاشناكه‌ین به به‌ستنی ماسك.
ده‌مه‌وێت بڵیم، چه‌ند لایه‌نێك رۆڵی گه‌وره ده‌گێڕن له‌م بابه‌ته‌دا.
یه‌كه‌م: میدیا، به‌تایبه‌تی ئه‌و ته‌له‌فیزیۆنانه‌ی كه بینه‌رێكی بێ‌شومار و زۆریان هه‌یه. له‌بری ئه‌وه‌ی جاران به شریته سووره‌كانی مردنی كۆرۆنا ڤایرۆس دڵه‌راوكێیان تووشی خه‌ڵك ده‌كرد، ئێستا ده‌توانن به‌شریتێكی هێمن رۆژانه ریكلام بۆ پێویستی به‌ستی ماسك بكه‌ن.
ئه‌وه‌ی سی ئێن ئێن و ئه‌ی بی سی نیوز له‌مانگی نیسان و ئایار و حوزه‌یران كردیان له‌سه‌ر به‌ستنی ماسك تا كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌مریكی پێ ئاشنا بێت، بێوێنه و سه‌رسوڕهێنه‌ر بوو به‌شێوه‌یه‌ك به‌پێی راپرسییه‌ك 84% كاریگه‌ریان هه‌بووه.
دووه‌م: بانگهێشتكردنی به‌رده‌وامی پزیشك و خه‌ڵكانی پسپۆڕ بۆ سه‌ر میدیا، تا ئاخاوتن له‌سه‌ر راهێنان و پێویستی ته‌ندروستی ماسك بكه‌ن.
سێیه‌م: مزگه‌وت ده‌توانێت گه‌وره‌ترین رۆڵ بگێڕێت. مامۆستایانی ئاینی ئه‌ركێكی گه‌وره‌یان له‌سه‌رشانه كه ببن به رێنماییكاری خه‌ڵك و ئاشناكردنی باوه‌ڕداران به‌وه‌ی له‌گه‌ڵ قه‌زا و قه‌ده‌ر و مردن و ژیان به ده‌ست خوای تاك و ته‌نیایه، خۆپاراستنیش ئه‌ركێكی ئاینییه و یه‌كێك له رێگه‌كانی خۆپاراستنیش، ماسكه.
چواره‌م: رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی. به‌داخه‌وه له‌م جۆره پرسانه كه رۆژانه مه‌رگی سه‌دان كه‌سی پێوه‌یه، نه‌كه‌وتۆته سه‌ر خه‌ت و نه‌یانتوانی كۆمه‌ڵگه‌ی باشوری كوردستان ئاشنا بكه‌ن به ماسك. ده‌بوو ئێستا رۆژانه تیمی تایبه‌تیان هه‌بوایه له بازاڕ و شوێنه گشتییه‌كان بۆ هۆشیاركردنه‌وه‌ی خه‌ڵك. ئه‌وه‌ی من بینیم ئه‌وه‌ی ئیشی ئه‌وانه له‌م ماوه‌یه‌دا نه‌یانكرد، ئه‌وه‌ی ئیشی ئێستا نییه ده‌ستیاندایه.
پێنجه‌م: وه‌زاره‌ت و شوێنه ره‌سمییه‌كان دیسپلینی ته‌واو دانێن بۆ ئه‌وانه‌ی كه سه‌ردان ده‌كه‌ن به‌بێ ماسك نه‌چنه ژووره‌وه. ته‌نانه‌ت زۆر ئاساییه ماركێت و شوێنه گشتییه‌كان ریكلام گه‌وه‌ر له‌به‌رده‌م شوێنه‌كانیان دابنێن كه به‌بێ ماسك چوونه ژووره‌وه قه‌ده‌غه‌یه.
ئه‌م رێگایانه هه‌مووی رێگه‌ی كورت خایه‌ن و ئاسانه، ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی باشور باوه‌ڕ به‌وه بهێنێت: (به‌سه با ئه‌وه‌نده ئازیز و كه‌سه‌كانتان به كۆرۆنا ڤایرۆس نه‌مرن).