کۆرۆنا.. زریانێکی مەرگهێن، خەون و خۆشیی لە گۆڕ نا !

Kurd24

چیت بەسەرهێناین... چیی تر ماوە بەسەرمانی بهێنی؟ لەکوێوە هاتی؟ بۆچی هاتی و بوویتە رۆحکێشی ئازیزان؟ ئەوەی تۆی نارد بۆ گیانی ئێمە، نەیدەزانی میللەتێکین سەدان ساڵە بەبێ وچان خوێن لەجەستەو خەم لە ڕۆحمان دەچۆڕێ؟ نەیدەزانی بەجەستەو ڕۆح لە چوار لاوە کەوتووینەته‌ بەر کەڵبە و چڕنووکی دڕندەی دووپێ و هەلا هەلا کراوین؟ هەر لەتۆمان کەمبوو؟ تۆش هاتییە سەربار!؟...

لەم نیشتمانە زامدار و خەم لێنەبڕاوەدا، تازەنەمامی سەدان کیژ و کوڕی ئەڤیندارت تێکشکاند و بێستانی پڕ میوەی ئاواتی سەدانت گڕ تێبەردا... زەنگی سەدان ژمارە مۆبایلت بۆ تاهەتا کپ و کڕ و بێ دەنگ و بێ وەڵامکرد... سیمای سەدان رووخسارت بەیەکجاری سڕییەوە، بەهاتنی نەهاتی تۆ ناو ماڵی هەزارانت ساردوسڕ و ماتەم پۆش کرد. سڵاو و بەیانی باشی هەزارانت سەربڕی، تەوقە و دەستگوشین، لە باوەشگرتن و دڵنەواییت بڤە و حەرامکرد. شکۆی مەرگ و دوا ڕێوڕەسمی بەڕێکردن و بەخاکسپاردنیشت کەم بەها کرد.. هەمووانت لە ئاست سۆز و ئەرکی ئینسانیدا، شەرمەزارو ڕیسوا کرد... مرۆڤ کە لە ترسی بێ ویژدانی و دڕندەیی تۆ نەتوانێ لە بەخاکسپاردنی ئازیزانیشیدا ئامادەبێت، ئیتر چ بەهاو واتایەک بۆ مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە؟ ئەی شەرمهێنی ڕیسواکەری مرۆڤایەتی، کۆرۆنا ! ئەگەر هەزاران منداڵ لێت بپرسن: کوا باپیرە کوا نەنە؟ کوانێ بابە کوا دایە؟ کوانێ کاکە و کوا دادە؟ بۆچی بەیانیان بەرچاییمان لەگەڵ ناکەنەوە؟ بۆ نیوەڕوان بە دەستی پڕەوە لە دەرکەوە خۆناکەنەوە بەماڵدا؟ بۆچی ئیتر دەنگیان نایەت؟ بۆچی وەک جاران نازمان پێ نادەن؟ ئەو جێگەیەی لێی دادەنیشتن، لێی دەخەوتن، بۆچی وا چۆڵە؟ بۆچی کۆنترۆڵی تەلەڤیزیۆنەکە لەو سەرزەوییە فڕێدراوە و بەدەستی کەسیانەوە نییە؟ بۆچی کەس نایەت گڵۆپی داگیرساوی ژووری نووستنمان بکوژێنێتەوە و شەوشادمان لێ بکات؟ چییان لێهات؟ بۆچ کتوپڕ بێ سەروشوێن بوون و دیارنەمان ؟

 خەبات

هەژدەی ئۆکتۆبەر دواین زەنگی کاکم بۆ هات... دوو هەفتە بوو رۆژیی دووجار لە کامێرای واتسئاپەوە بەخەندەوە هەواڵی نەخۆشییەکەمی دەپرسی: " قوربانت بم! تاجی سەرم! دەرزی و دەرمانەکانت پشتگوێ نەخەی.. ئاگات لە خەوو خۆراکت بێت.. ئەو ریشەت بتراشە! ورەت بەرزبێ! بەم زووانە کۆرۆنا تێدەپەڕێنیت و منیش دێم بۆ سەردانت لەهەولێر". مەخابن لەو ڕۆژە زەنگی نەما. کۆرۆنا هات و خەباتی بە بارمتە برد. لەم نەخۆشخانە بۆ ئەویتر، لەم ئەمبوڵانس بۆ ئەویتر. کۆرۆنا هات و ونی کرد! هەفتە تێپەڕی و هەر نەهات، نە دەنگی ما نە ڕەنگی، نە ڤیدیۆی ما، نە زەنگی... کۆرۆنا هات و لەناکاو پڕی پیاکرد. وەک گەردەلوولێکی تەپوتۆزاوی. وەک لرفەی لافاوێکی ڕەش و ناوەخت، کتوپڕ هات، لەچاو تروکانێکدا فڕاندی! زۆر بە سەختی ئازاریدا. وەک مۆتەکە هەناسەی لێ بڕی، تاساندی و پەڕەی دڵە ناسکە بە ئازارەکەیی هەڵپڕوکاند! خەباتی برد و ڕێی نەدا چیدی بگەڕێتەوە بۆ ناومان، گوڵ و گەڵای گەشی خەون و ئاواتی، دا بەدەم زریانی مەرگەوە.

فرسەت سۆفی

هەشتی ئۆکتۆبەر، ئەوکات من لە نێوان مان و نەماندابووم، کەڵبەی پیسی کۆرۆنا سییەکانمی ڕزاندبوو، هەناسەمی تاساندبوو، زەنگی مۆبایلم لێی دا، دکتۆر فرسەت سۆفی بوو. بەدەنگێکی نزم و تۆنێکی نەرم وتی: "دکتۆر بەهات ئەتو کووی؟ سەلامەتییە برا. ببورە لە کۆبوونەوە بووم، نەمتوانی وەڵامت بدەمەوە. نامەکەت گەیشت، کاک دکتۆر دلۆڤانم راسپاردووە خۆی پەیوەندیت پێوە دەکات. ورەت بەرز بێ.. هەرچییەکت پێویست بوو، شەو بوو، ڕۆژ بوو، تەلەفۆنم بۆ بکە، خوا یار بێ بەم زووانە چاکدەبییەوە و دێمە لات، پێکەوە نانێکی دەستی دایکی کاکە نالییش دەخۆین. ئەتو هەر هاوڕێم نیت، ئەتو برای منی دکتۆر بەهات!". هەفتەی دواتر هەرچیم کرد و کۆشام هەواڵێکیم نەزانی، هەردوو ژمارە مۆبایلەکەی، داخرابوون! دەمزانی ئەو بێ دەنگییە سامناکە دەستی چەپەڵ و خوێناویی کۆرۆنای تێدایە! هەموو شەوێک بەر لە خەوتن، هەموو ڕۆژێک لەگەڵ یەکەم ساتی چاوکردنەوەمدا، دەستم لەسەر دڵم بوو، خودایە هەواڵی ناخۆش نەبیستم! مەخابن گڕی کۆرۆنا هات و پەڕ و باڵی ئەو پەپولە ئازادەی ناو باخچەی ئاوەدانی و خزمەتی هەڵپروکاند.! بە ئازارێکی سەختەوە، ئەویشی لەنێوماندا ون کرد. کۆرۆنای نەگریس و دڕندە لە مانگێکدا دوو برای لێ سەندم !.