شیلا له پشتی ئۆشۆوه، ناپاکیی یان دڵسۆزیی؟

Kurd24

به‌م نزیکانه له 19.01.2021 دا یادی سیی و یه‌ک ساڵه‌ی مه‌رگی ئۆشۆ ده‌کرێته‌وه. پێمخۆشه ئیمساڵ له‌م یاده‌دا شیلا له‌بیر نه‌که‌ین. شیلایه‌ک که له مه‌رگی ئۆشۆ ده‌ترسا. ده‌ترسا بیکووژن، هه‌ربۆیه داوای ده‌کرد، که ئۆشۆ نه‌کووژن. ئۆشۆ سه‌باره‌ت به ترس ده‌ڵێ، پێش هاتنی مه‌رگ، ترس مرۆڤ ده‌کووژێت.

مرۆڤ هه‌زار و یه‌کجار ده‌مرێت، پێش ئه‌وه‌ی مردن بێت. مردنی ڕاستیی مه‌رگێکی جوانه، لێ ئه‌و مه‌رگه‌ی به‌رهه‌می ترسه، مه‌رگێکی ناشیرینه. شیلا نه‌یده‌ویست جیهان بیرمه‌ندێکی ڕۆحیی گه‌وره‌ی وه‌ک ئۆشۆ ئاوها ئاسان له‌کیس بدات، چونکه ئه‌و نه نه‌خۆشه و نه هێنده پیریشه، که په‌نا بۆ مه‌رگ به‌رێت. ئه‌و هێشتا هێنده‌ی به به‌ره‌وه ماوه، که چ زیاتر بۆ مرۆڤایه‌تی بڵێت و چ زیاتریش بۆ مرۆڤایه‌تیی بکات. ئه‌گه‌ر ئه‌م دیده وه‌ک ڕاستییه‌ک ته‌ماشا بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، که ڕاستییه‌کی وه‌ها له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا، بێجگه له درۆیه‌کی گه‌وره هیچی تر نه‌بووه. شاعیری ئه‌ڵمان، کریستیان مۆرگنشتێرن ده‌ڵێ، ڕاستییه‌ک کاتێک کاریگه‌ریی ده‌بێت، که وه‌رگره‌کانی ئاماده‌بن بۆی، گه‌ییوو بن بۆی. هه‌ربۆیه هه‌وڵه‌کانی شیلا بۆ پاراستنی ئۆشۆ له‌و سه‌رده‌مه‌دا بێجگه له کارگه‌لێکی تووندڕه‌وانه هیچ پێناسێکی تری پێنه‌ده‌درا. که‌واته وه‌ک مۆرگنشتێرن ده‌ڵێ، ده‌رنه‌که‌وتنی ڕاستیی په‌یوه‌ندیی به خودی ڕاستییه‌که‌وه خۆی نییه، به‌ڵکوو په‌یوه‌ندیی به نازانایی مرۆڤه‌کانه‌وه هه‌یه. ئۆشۆ خۆی له پرسی گه‌ییووبووند، داوا ده‌کات، که مرۆڤ خۆی بێت. له ئازادییدا داوا ده‌کات، که مرۆڤ ئازا بێت و خۆی بێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچی ئۆشۆ پێیوابوو، که شیلا خۆی نییه و ئازاد نییه و دیلی ده‌ستی ترسه؟ ئاخۆ له‌م سه‌رده‌مه‌دا مرۆڤ دیلی ده‌ستی ترسه، کاتێک خۆی که‌ره‌نتێنه ده‌کات، دووکان و بازاڕ داده‌خرێت، سنوری نێوان شاره‌کان داده‌خرێت، هاتووچۆ ڕاده‌گیرێت ...هتد.؟ یاخوود له خه‌می ئه‌وه‌دایه، که مرۆڤایه‌تیی له‌ناو نه‌چێت؟ ئاخۆ ئه‌م هه‌موو ڕێکارییانه‌ی حکومه‌ته‌کانی جیهان پراکتیزه‌ی ده‌که‌ن، جۆرێک نییه له تووندوتیژیی له‌پێناوی پاراستنی مرۆڤایه‌تییدا؟

پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که چی به‌سه‌ر ڕاستییدا دێت، ئه‌گه‌ر ئێمه به ته‌نها بۆ خۆمان هه‌ڵیبگرین؟ ئه‌گه‌ر شیلا ڕاستییه‌کان به ته‌نها بۆ خۆی هه‌ڵبگرێت، ئه‌گه‌ر سوزانا کریستنیک  ڕاستییه‌کان به ته‌نها بۆ خۆی هه‌ڵبگرێت؟ ڕاستیی چیی لێدێت، ئه‌گه‌ر له ئاینده‌دا له سۆراغی بپرسین، کاتێک ئێمه هه‌موو ڕووداوه‌کانمان بیرچووه‌ته‌وه؟ ئێمه له مێژوویه‌کدا کۆمه‌ڵێک شت فێربووین، له‌م فێربوونه‌دا فێری ئه‌وه‌ش بووین، که نابێت جارێکی تر ئه‌م هه‌ڵانه دووباره‌بکه‌ینه‌وه، لێ ئه‌وه‌ی، که له هه‌ڵه‌کانمانه‌وه فێری نه‌بووین، ئه‌وه‌یه که له ئاینده‌دا هه‌میشه هه‌ڵه‌کان دووباره ده‌که‌ینه‌وه.

چ به‌خته‌وه‌رییه‌کی گه‌وره‌یه، که هاوڕێیه‌کت هه‌تا ئه‌و په‌ڕی سنوره‌کان بڕوات بۆت. چ به‌خته‌وه‌رییه‌کی گه‌وره‌یه، که هاوڕێیه‌کت خۆی وه‌ک به‌شێک له تۆ بزانێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، چیده‌که‌یت، که هاوڕێیه‌کی وه‌هات هه‌موو سنوره‌کان بۆ پاراستنی تۆ ببه‌زێنێت؟ ما ئاناند شیلا، ئه‌و هاوڕێیه‌ی ئۆشۆ، که له پێناوی پاراستنی ئۆشۆدا ئاماده‌ی کردنی هه‌موو شت بوو، ته‌نانه‌ت کووشتنیش. لێ ئه‌م سنوربه‌زاندنه‌ی شیلا بۆ ئۆشۆ جێگای په‌سه‌ندکردن نه‌بوو.

دوای ئه‌وه‌ی باگوان له هیندستان به هۆی نانه‌وه‌ی کێشه‌وه بۆی، له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه، ده‌گه‌ڕێت بۆ شوێنێک، که به ئازادیی تێیدا بیروبۆچوونیان ده‌رببڕن، شیلا ئه‌و ده‌م له هه‌ڕه‌تی گه‌نجێتییدا ده‌بێت و یه‌کێکه له هه‌واداره به‌هێزه‌کانی باگوان و پێشنیازی ئه‌مێریکا بۆ باگوان ده‌کات. باگوانیش ده‌ڵێ، باشه، هه‌وڵبده شوێنێک بدۆزه‌ره‌وه. باگوان شیلا ده‌کات به سکرتێری خۆی و ڕایده‌سپێرێت به‌م کاره. له سه‌ره‌تای مانگی حه‌وتی ساڵی 1981دا له مه‌ڵبه‌ندی ئۆریگن نزیک گووندی ئه‌نتیلۆپه، نزیکه‌ی سێ سه‌د کیلۆمه‌تر دووجا زه‌ویی ده‌کڕن. ئامانج له‌م زه‌وییه‌دا دروستکردنی کۆمونێک بوو، که باگوان و هه‌وادارانی تێیدا بژیین. له‌و کاته‌دا گووندی ئه‌نتیلۆپه خاوه‌نی ته‌نها چل و حه‌وت دانیشتوان بوو. لێ دانیشتوانی کۆمونه‌که‌ی باگوام، که دواتر ناونرا ڕاژنیشپوورام هه‌تا ساڵی 1983 گه‌یشته هه‌زار و پێنج سه‌د که‌س و له ساڵی 1985دا سێ هه‌زار که‌س. دانیشتوانی ئه‌نتیلۆپه به‌هیچ شێوه‌یه‌ک پێیانخۆش نه‌بوو، که ئه‌م خه‌ڵکانه له‌پڕ بوونه دراوسێیان، چونکه ژیانی ئه‌م خه‌ڵکانه‌یان پێ نۆرماڵ نه‌بوو. ئه‌مه‌ش به‌رهه‌می ترس و ڕه‌گه‌زپه‌رستیی بوو.

کاردانه‌وه‌ی هاووڵاتییانی گووندنی ئه‌نتیلۆپه بناغه‌ی خۆی له‌سه‌ر ترس دانا بوو، پاشانیش په‌سه‌ندنه‌کردنی کولتوورێکی تر، که نامۆبوو به ئه‌مان. ئه‌و سێ سه‌د کیلۆمه‌تر دووجایه‌ی، که کرا به کۆمونێک، یه‌کپارچه وشکایی بوو، لێ به هاتنی هه‌وادارانی باگوان بۆ ئێره ئاوه‌دان کرایه‌وه، ته‌نانه‌ت ده‌ریاچه‌یه‌کی بچووکی ده‌ستکردیشیان تێیدا دروستکرد و ژیانی تێدا دروستبوویه‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک، که ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ کێوییه‌کانیش به‌هۆی سه‌وزبوونه‌وه و بووژاندنه‌وه‌ی ناوچه‌که‌وه ڕوویان تێکرد. ترس وه‌هایکرد، که هاووڵاتییانی ئه‌نتیلۆپه کاردانه‌وه‌ی تووندوتیژیان به‌رانبه‌ر هاووڵاتییانی ئه‌م کۆمونه نوێیه هه‌‌بێت و ته‌قه‌یان لێبکه‌ن.

لێره‌وه دانیشتوانی کۆمونه نوێکه ترسیان لێنیشت، که ژیانیان پارێزراو نییه. لێره‌وه کاردانه‌وه‌ی باگوان، کاردانه‌وه‌یه‌کی خۆپارێزیی بوو، ئه‌مه‌ش به واتای، هه‌ڵکردنی چرای سه‌وز بۆ خۆ چه‌کدارکردن. باگوان گووتی: من نه عیسام و نه غاندیی، ئه‌گه‌ر ئیمڕۆ لایه‌کی ده‌مووچاومان ڕابگرین بۆ لێدان، ئه‌وا سبه‌ینێ لاکه‌ی تریشیان ده‌وێت. لێره‌وه شیلا ده‌ستیکرد به کڕینی چه‌ک و چه‌کدارکردنی به‌شێک له هاووڵاتییانیان وه‌ک کۆیه‌کی پارێزگارییکه‌ر. ئه‌م کۆیه‌ ڕۆژانه مه‌شقی چه‌کیان ده‌کرد و دانیشتوانی ئه‌نتیلۆپه زیاتر تووشی ترس بوون. ئه‌مه‌ش وه‌کئه‌وه‌ی که ئه‌وان هێرش به خۆیان ڕه‌وا ببینن و به هاووڵاتییانی کۆمونه نوێکه‌ش نه‌خێر. لێره‌وه باگوان ئاگاداریی چه‌کداریی هاووڵاتییانی کۆمونه‌که‌ی بوو.

لێره‌شه‌وه دانیشتوانی ئه‌نتیلۆپه ئاماده‌ی کردنی هه‌موو شت بوون، بۆ له‌ناوبردنی ئه‌م کۆمونه. هه‌موو ڕێگایه‌کی یاساییان گرته‌به‌ر و چه‌ندینجار سکاڵای جیاوازیان به‌رزکرده‌وه بۆ دادگا. ئه‌نتیلۆپییه‌کان ده‌یانگووت، ئه‌مه ئه‌مێریکایه و نیشتیمانی ئێمه‌یه، ڕێگاناده‌ین، کولتوورێکی نامۆ کاریگه‌ریی له‌سه‌ر نه‌وه‌ی ئاینده‌مان دابنێت. لێ خودی ئه‌مێریکاییه‌کان خۆیان نیشتیمانی هیندییه سووره‌کانیان نه‌ک داگیرکرد، به‌ڵکوو کولتوور و زمانه‌که‌شیان قه‌ده‌غه‌کرد.

بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ی، که باگوان ده‌یگووت: من نه عیسام و نه غاندیی. ئه‌مه‌ش به واتای په‌سه‌ندنه‌کردنی غه‌در و ده‌ستدرێژییه، په‌سه‌ندکردنی هه‌ڵگرتنی چه‌که. ئه‌وه‌شی چه‌کی هه‌ڵگرت، ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بکات، که ته‌قه‌ی لێبکرێت و ئه‌میش ته‌قه بکاته‌وه. ده‌بێت چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بکات، که بکووژرێت و ئه‌میش خه‌ڵکانی تر بکووژێت. به دڵنیایی باگوان ئاگاداریی ئه‌مه بووه، هه‌ڵبژاردنی بێده‌نگیی له‌لایه‌ن باگوانه‌وه، واتای په‌سه‌ندکردنی ئه‌م پرۆسه‌یه بووه.

هه‌ڕه‌شه‌کانی هاووڵاتییانی ئه‌نتیلۆپه و پۆلیس و ئێف بی ئای له کۆمونه‌که‌ی باگوان، وه‌ها له شیلا ده‌کات، که به چه‌ک و تووندوتیژیی به‌ره‌وڕووی هه‌موو هه‌ڕه‌شه‌یه‌ک بێته‌وه. له سێپتێمبه‌ری ساڵی 1984دا شیلا گرووپێک دروستده‌کات، که چه‌ند چێشتخانه‌یه‌ک به به‌کتریای سالمۆنێلا ژه‌هراویی بکه‌ن، که بووه هۆی نه‌خۆشخستنی حه‌وت سه‌د و په‌نجا و یه‌ک هاووڵاتیی. هه‌مانکات هه‌وڵی کووشتنی وه‌زیری دادی مه‌ڵبه‌ندی ئۆریگن، چارڵس تورنه‌ر. به‌ده‌ر له‌مه‌ش شیلا که‌سێکی نزیکی خۆی ڕاده‌سپێرێت سوامی ئۆمریتۆ (Amrito  Swami) پزیشکی تایبه‌تی باگوان بکووژێت، چونکه سوامیی ئاماده‌سازیی بۆ مه‌رگێکی له‌سه‌رخۆ و بێ ئازاری باگوانی کردبوو. شیلا له ڕێگای شاردنه‌وه‌ی ده‌زگای تۆمارکردنی ده‌نگه‌وه، له هۆڵه‌که‌ی باگواندا ده‌گات به‌م زانیارییانه. ئه‌مه‌ش وه‌ک سیخوڕییه‌کی چاودێرانه به‌سه‌ر باگوانه‌وه. له یه‌کێک له دیداره‌کانیدا باگوان پرسیار له پزیشکه‌که‌ی (سوامیی) ده‌کات، که چلۆن ده‌توانێت مه‌رگێکی بێ ئازار و له‌سه‌رخۆ بمرێت. پزیشکه‌که‌ی بۆی ڕوونده‌کاته‌وه، که له ڕێگای سێ ده‌رمانه‌وه، ده‌توانێت بمرێت. (من لێره‌دا ناوی ده‌رمانه‌کان نانووسم، نه‌باده بۆ خراپه‌کاریی به‌کاربێت) باگوان داوا له پزیشکه‌که‌ی ده‌کات، که هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌م ده‌رمانانه بدات و له باخه‌که‌دا هه‌ڵیبگرێت هه‌تا ئه‌و کاته‌ی، که پێویسته به‌کاربهێنرێت. ئه‌م هه‌واڵه شیلا شپرزه ده‌کات و نائارامی ده‌کات، هه‌ربۆیه داوای کۆبوونه‌وه‌یه‌کی به‌ په‌له له چه‌ند ئه‌ندامێک ده‌کات، که خۆی هه‌ڵیبژاردوون.  ئه‌مه یه‌که‌م کاردانه‌وه‌ی ترسی شیلا بوو به‌رانبه‌ر به مه‌رگی ئۆشۆ. شیلا ده‌ڵێ، ده‌بێت به هه‌موو شێوه‌یه‌ک ڕێگرییبکه‌ین له‌وه‌ی، که باگوان بمرێت، باگوان بکووژرێت. من ده‌ڵێم، باشتره پزیشکه‌که‌ی بمرێت، وه‌ک له‌وه‌ی، که باگوان بمرێت، کێ ئاماده‌یه ئه‌م کاره بکات؟ یه‌کێک له کچه‌کان ده‌ڵێ، من ئه‌م کاره ده‌که‌م. پلان ده‌که‌ن، که ده‌رزییه‌ک بده‌ن له پزیشکه‌که‌ی باگوان. له بۆنه‌یه‌کدا له پشته‌وه ده‌رزییه‌ک له پزیشکه‌که‌ی باگوان ده‌ده‌ن، به‌ڵام زوو ده‌گه‌یه‌نرێته نه‌خۆشخانه و چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. پزیشکه‌که ڕزگار ده‌کرێت و نامرێت.

دوای ئه‌وه شیلا و بیست و پێنج کچی تری کۆمونه‌که هه‌ڵدێن و ده‌چنه ئه‌ڵمانیا. ئه‌مه باگوان زۆر تووڕه ده‌کات و له چاوپێکه‌وتنێکی تێلێڤیزیۆنییدا باگوان ڕه‌خنه‌ی تووند له شیلا ده‌گرێت و به تووندوتیژ و بکووژ ناوی ده‌هێنێت.

دواجار ئێف بی ئای هه‌موو هه‌وڵێک ده‌دات، که باگوان ده‌ستگیربکات و بیدات به دادگا، ئارگوومێنته‌کانی ئێف بی ئای هه‌رچییه‌ک بووبێت، لێ به‌شی ئه‌وه‌ی نه‌کردووه، که باگوان تاوانباربکرێت، ته‌نها ئه‌وه نه‌بێت، که شیلایان دژ به ماگوان به‌کارهێنا. ئه‌مه‌ش به‌شی تاوانبارکردنی باگوانی نه‌کرد. ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی به یارمه‌تیی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌ڵمانیا شیلا و دوو ئه‌ندامی تر له ئه‌ڵمانیا ده‌ستگیرده‌کرێن و ده‌نێردرێنه‌وه بۆ ئه‌مێریکا و له‌وێ ده‌درێنه دادگا و سزای خۆیان وه‌رده‌گرن. هه‌تا ئه‌م کاته‌ش نه شیلا و نه هیچ ئه‌ندامێکی تر هیچ شتێکیان له زیانی باگوان نه‌گووت و نه‌کرد. ئێف بی ئای ڕێککه‌وتنێک له‌گه‌ڵ باگواندا ده‌کات، که ئه‌وان ده‌ستبه‌رداری ئه‌وه ده‌بن، که زیندانیی بکه‌ن، به‌و مه‌رجه‌ی ئه‌م کۆمونه‌که‌ی به‌جێبهێڵێت و بگه‌ڕێته‌وه بۆ هیندستان. باگوان داواکه په‌سه‌ند ده‌کات و ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ هیندستان، له‌وێ پێشوازیی گه‌رمی لێده‌کرێت و باگوان کۆمونه‌که‌ی له‌وێ دروستده‌کاته‌وه و هه‌وادارانی له ته‌واوی جیهانه‌وه دێنه‌وه لای بۆ هیندستان.

له هیندستان ده‌گات به‌و باوه‌ڕه‌ی، که ئه‌و هیچ نییه، بێجگه له ئاگاییه‌ک. واتا نه ناوی هه‌یه، نه‌ ئایینی هه‌یه، نه نه‌ته‌وه‌ی هه‌یه، نه نیشتیمانی هه‌یه. به‌ڵام هاوڕێکانی پێیده‌ڵێن، ئێمه پێویستمان به ناوێکه، که بانگت بکه‌ین پێی، تۆ هه‌تا ئێستا باگوان بوویت، ئێستا هیچ نیت، لێ ئێمه ناتوانین به هیچ بانگت بکه‌ین، پێویستمان به ناوێکه. باگوان ده‌ڵێ، هیچ شتێکم نییه بۆتان. پاشان که‌سێک پێشنیازی ناوی ئۆشۆ ده‌کات. ئۆشۆ وشه‌یه‌کی یابانییه و به واتای مامۆستا یاخوود فێرکاری پیرۆز. باگوان ناوه‌که په‌سه‌ند ده‌کات و ده‌ڵێ، له ئێستاوه من ئۆشۆم. له 19.01.1990دا ئۆشۆ له "پوونه" له هیندستان ده‌مرێت و له کۆمونه‌که‌ی خۆیدا ده‌یسووتێنن. له‌و ڕۆژه‌وه باگوان ئۆشۆیه. ئۆشۆ پێش مردنی داوا له پارێزه‌ره‌ ئه‌مێریکییه‌که‌ی ده‌کات، که کتێبێکی له‌سه‌ر بنووسێت، هه‌تاوه‌کوو ناوه‌ ناشیرینکراوه‌که‌ی له ئه‌مێریکادا خاوێن بکاته‌وه. شیلا له ساڵی 1996دا کتێبێک به ناوی "مه‌یکووژن" له‌سه‌ر ئۆشۆ ده‌نووسێت، که تێیدا ڕاستیی ڕووداوه‌کانی ژیانی له‌گه‌ڵ ئۆشۆدا ده‌نووسێته‌وه. شیلا له کتێبه‌که‌یدا بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌کات، که ئه‌و هیچی نه‌کردووه له‌وه‌ زیاتر، که پارێزگاریی له گه‌وره‌تریین مرۆڤی زانا و هۆشیاری سه‌رده‌م بکات، که بوودایه‌کی دووهه‌م بوو بۆ مرۆڤایه‌تیی.

شیلا ده‌ڵێ، من ئۆشۆم له هه‌موو چالاکییه‌کی چه‌کدارکردنی خۆمان ئاگادارکردووه‌ته‌وه و ئه‌ویش هیچی نه‌گووتووه، ئه‌مه‌ش بۆ من به واتای په‌سه‌ندێتیی بووه بۆ کاره‌که‌م، بۆیه من درێژه‌م پێداوه. گوومانی تێدا نییه، که ئۆشۆ یه‌کێک بوو له مرۆڤه گه‌وره‌کانی جیهان، تیژبیریی ئۆشۆ یه‌کجاره‌کییه هه‌روه‌ک هه‌ر یه‌ک له مرۆڤه گه‌وره‌کانی جیهان. به‌ڵام، ئاخۆ ده‌کرێت شیلا وه‌ک تاوانبار سه‌یربکه‌ین؟ وه‌ڵامی پرسیارێکی وه‌ها، وا له‌ناو هه‌وڵه‌ سیاسییه‌کانی ئه‌مێریکادا، له چڵه‌پۆپه‌ی ده‌سته‌ڵاته‌وه، که ئه‌و کات  ڕۆناڵد ڕیگن بوو(Ronald Reagan) هه‌تا پۆلیسێکی ساده و ساکاری ده‌ڤه‌ری ئه‌نتیلۆپه. ته‌واوی وه‌زاره‌ته په‌یوه‌ندداره‌کان هه‌تا وه‌زاره‌تی داد، ته‌واوی سیاسییه‌کان داوایان ده‌کرد، که به زووتریین کات ئه‌مانه له ئه‌مێریکا ده‌ربکه‌ن، چونکه ئه‌مانه وه‌ک نه‌خۆشیی کانسه‌ر وه‌هان، ده‌بێت بنه‌بڕ بکرێن. شیلا به‌رهه‌می ئه‌م سیاسه‌ته بوو. شیلا باشتریین وه‌ڵامی ئه‌م سیاسه‌ته بوو. کاردانه‌وه‌ی شیلا دڵسۆزیی بوو نه‌ک ناپاکیی. ئه‌مێریکا هه‌مان تاوانی به‌رانبه‌ر به ڤیلهێلم ڕایش کرد. ئۆشۆ کاری له‌سه‌ر ئاگایی ده‌کرد، ڕایشیش هه‌مانشێوه، لێ به دوو ئه‌زموونی جیاواز، ڕایش کاری له‌سه‌ر ئۆرگۆن ده‌کرد، له‌سه‌ر ئه‌و ئه‌نه‌رگییه‌ی، که مرۆڤ تێیدا ده‌ژیی. ئۆشۆ کاری له‌سه‌ر ئه‌و ئاگایی و نائاگاییه‌ ده‌کرد، که مرۆڤ تێیدا ده‌ژیی. ڕایش له ساڵی 1956دا ده‌ستگیر ده‌کرێت و زیندانیی ده‌کرێت، له‌دوای که‌متر له دوو ساڵ له زینداندا ده‌مرێت و هه‌تا ئێستاش مه‌رگی ڕایش ناڕوونه، که بۆچیی وا زوو مرد؟ گوومانی تێدا نییه، ئه‌گه‌ر ئۆشۆش زیندانیی بکرایه، ئه‌وا هاوشێوه‌ی ڕایش به ناڕوون ده‌مرد. جیاوازیی نێوان ڕایش و ئۆشۆ ئه‌وه‌یه، که ڕایش ته‌نها بوو، شیلایه‌ک له پشتیه‌وه نه‌بوو.

نیشتیمانێکی کێویی کێویی (Wild Wild Country) که نێتفلێکس له ساڵی 2018دا له‌سه‌ر ئۆشۆ به‌رهه‌می هێناوه، به‌داخه‌وه ڕاستیی پشتی ڕاستییه‌کانی تێدا پیشان نه‌داوه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که چی به‌سه‌ر ڕاستییدا دێت، ئه‌گه‌ر ئێمه به ته‌نها بۆ خۆمان هه‌ڵیبگرین؟ ئه‌گه‌ر شیلا ڕاستییه‌کان به ته‌نها بۆ خۆی هه‌ڵبگرێت، ئه‌گه‌ر سوزانا کریستنیک  ڕاستییه‌کان به ته‌نها بۆ خۆی هه‌ڵبگرێت؟ ڕاستیی چیی لێدێت، ئه‌گه‌ر له ئاینده‌دا له سۆراغی بپرسین، کاتێک ئێمه هه‌موو ڕووداوه‌کانمان بیرچووه‌ته‌وه؟ ئێمه له مێژوویه‌کدا کۆمه‌ڵێک شت فێربووین، له‌م فێربوونه‌دا فێری ئه‌وه‌ش بووین، که نابێت جارێکی تر ئه‌م هه‌ڵانه دووباره‌بکه‌ینه‌وه، لێ ئه‌وه‌ی، که له هه‌ڵه‌کانمانه‌وه فێری نه‌بووین، ئه‌وه‌یه که له ئاینده‌دا هه‌میشه هه‌ڵه‌کان دووباره ده‌که‌ینه‌وه.

06.01.2021