به‌غدا چۆن مووچه دابین ده‌كات؟

بۆچی به‌غدا هه‌م له‌كاتی ئاسایی و هه‌م له‌كاتی قه‌یرانی داراییدا ده‌توانێت مووچه دابین بكات، به‌ڵام هه‌رێم ناتوانێت؟ به‌غدا چۆن ئه‌و كاره ئه‌نجام ده‌دات؟ ئایا ده‌كرێت مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمیش راسته‌وخۆ بخرێته سه‌ر به‌غدا؟ رێگرییه یاسایی و سیاسی و كارگێڕییه‌كانی ئه‌م كاره چین؟ ده‌بێ چۆن ئه‌م كاره ئه‌نجام بدرێت؟ ئه‌مه ئه‌و پرسیاره سه‌ره‌كیانه‌ن، كه مافی هه‌موو كه‌سێكه وه‌ڵامه‌كه‌یان بزانێت.
یه‌كه‌م/ حكومه‌تی به‌غدا چۆن مووچه و خه‌رجیه‌كانی دابین ده‌كات؟
هه‌ریه‌ك له حكومه‌تی فیدراڵی له به‌غدا و حكومه‌تی هه‌رێم وه‌ك هه‌ر حكومه‌تێكی تر بۆ به‌ڕێوه‌بردنی خه‌رجیه‌كان پشت به‌داهاته‌كانیان ده‌به‌ستن، داهاته‌كانی به‌غدا وه‌ك داهاتی هه‌رده‌وڵه‌تێك له داهاتی ئاسایی و نا ئاسایی پێكدێن، داهاته ئاساییه‌كان بریتین له داهاته به‌رده‌وامه‌كان، وه‌ك باج و رسومات و داهاتی موڵكه‌كانی ده‌وڵه‌ت له‌ناویشیاندا نه‌وت و.. هتد، داهاته نائاسایییه‌كانیش وه‌ك قه‌رزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كی و ده‌ركردنی دراو، به‌ڵام داهاته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم ته‌نها له داهاته ئاساییه‌كان پێكدێن. داهاتی فرۆشتنی نه‌وتی خاویش به‌شی سه‌ره‌كیی داهاته ئاساییه‌كانی هه‌ردوو حكومه‌ت پێكده‌هێنێت.
ده‌سه‌ڵاتی داهاته نائاساییه‌كان (قه‌رز و ده‌ركردنی دراو) و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ختی له ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا ده‌سه‌ڵاتی سیادین و له‌لای حكومه‌تی فیدراڵین، یه‌كێك له پره‌نسیپه‌كانی گرێبه‌ست و پێكهاتن له‌ده‌وڵه‌تانی فیدراڵیدا ئه‌وه‌یه كه هه‌رێمه‌كان ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه ده‌بن بۆ حكومه‌تی فیدراڵی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ی كه ئه‌و حكومه‌ته حكومه‌تی تاكه هه‌رێمێك نییه و هی هه‌مووانه و پێویسته ئه‌و ده‌سه‌ڵات و ئیمتیازاتانه به‌هاوسه‌نگی بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌مووان به‌كاربهێنێت. واته كاتێك هه‌رێمێك ده‌ست له‌وه هه‌ڵده‌گرێت كه دراوی تایبه‌تیی خۆی و بانكی ناوه‌ندی و یه‌ده‌گیی نه‌ختیی خۆی و ده‌سه‌ڵاتی قه‌رزوقۆڵه‌ی هه‌بێت، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌یه كه مافه‌كانی پارێزراوبن و سوودمه‌ند بێت له په‌راوه‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی له‌و بوارانه‌دا.
خه‌سڵه‌تی هه‌ریه‌ك له داهاته نائاساییه‌كان و نه‌ختینه‌ی بانكی ناوه‌ندی و یه‌ده‌گی بیانی جیاوازه له داهاته ئاساییه‌كان و، به‌بی هیچ مه‌رج و مامه‌ڵه و سه‌ودایه‌ك هه‌موو هه‌رێم و پارێزگاكان به‌یه‌كسانی مافیان تێیدا هه‌یه.
به‌غدا له‌ماوه‌ی 15 ساڵی رابردوو له‌كاتی ئاسایی و ئه‌و ده‌مانه‌یشی كه نرخی نه‌وت به‌رزبوو و داهاتیشی له‌ئاستێكی باش‌دا بوو، به‌رده‌وام بودجه‌كه‌ی هه‌ر به‌كورتهێنان ئاماده‌ده‌كرد و سوودی له‌ده‌سه‌ڵاتی سیادیی خۆی وه‌رده‌گرت و ساڵانه قه‌رزی ناوخۆیی و ده‌ره‌كیی ده‌كرد بۆ دابینكردنی به‌شێك له مووچه و خه‌رجییه‌كانی، یاساكانی بودجه‌ی ساڵانی رابردوو، داتای تایبه‌ت به‌قه‌رزه‌كان ئه‌و راستییه دووپات ده‌كه‌نه‌وه.
به‌پێی داتاكانی بانكی ناوه‌ندی و وه‌زاره‌تی دارایی عیراق و چه‌ند توێژینه‌وه‌كی تایبه‌ت، له‌ماوه‌ی قه‌یرانی دارایی ساڵی 2014-2017 به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت، به‌غدا بۆ دابینكردنی مووچه و رووماڵی خه‌رجییه‌كانی زیاتر له (35) ترلیۆن دینار قه‌رزی ناوخۆیی و (12) ملیار دۆلار قه‌رزی ده‌ره‌كیی كردوه، زیاتر له (30) ملیار دۆلاریش له یه‌ده‌گیی دراوی بیانی به‌كارهێناوه بۆ هاوسه‌نگكردنه‌وه نرخی دیناری خراوه‌ڕوو.
قه‌رزه ناوخۆییه‌كان كه پیكهاتبوون له قه‌واڵه و حه‌واڵه داراییه جۆرا و جۆره‌كان به‌بڕی زیاتر له (20) ترلیۆن دینار و، قه‌رزی راسته‌وخۆ له‌بانكه بازرگانییه‌كانی ره‌شید و رافیده‌ین و بانكی بازرگانیی عیراقی (TBI) به‌بڕی (12) ترلیۆن دینار، ده‌ستپێشخه‌ریی بانكی ناوه‌ندی بۆ ته‌مویلكردنی پرۆژه‌كان له رێگه‌ی بانكه تایبه‌تمه‌نده‌كانه‌وه به‌بڕی (3) ترلیۆن دینار.
بانكی ناوه‌ندی جگه له ده‌ستپێشخه‌رییه‌كه‌ی خۆی، له‌ڕێگه‌ی بازاڕی ناڕاسته‌وخۆوه به‌شی هه‌ره زۆری قه‌واڵه‌كانیشی ده‌كڕیه‌وه و له‌به‌رامبه‌ردا نه‌ختینه‌ی دیناری ده‌دایه بانك و وه‌به‌رهێن و هه‌ڵگری قه‌واڵه‌كان، ئه‌مه‌یش له‌سه‌ر حسابی ڕه‌سیدی دیناری بانكی ناوه‌ندی كه مافی هه‌موو هه‌رێم و پارێزگا و تاكه‌كانی له‌سه‌ره، تاكو ئێستایش به‌شێكی زۆر له هه‌بووه‌كانی میزانیه‌ی بانكی ناوه‌ندی بریتییه له‌و قه‌واڵانه، به‌م جۆره بانكی ناوه‌ندی به قه‌رزپێدانی ناڕاسته‌وخۆ به‌دینار ته‌مویلی مووچه‌ى حكومه‌تی به‌غدای ده‌كرد، به‌ده‌سێشخه‌ریش له رێگه‌ی بانكه تایبه‌ته‌كانه‌وه ته‌مویلی پرۆژه‌كانی ده‌كرد، بۆ راگرتنی نرخی دیناری خراوه‌ڕوویش له‌ڕێگه‌ی (نافذة بيع العملة الاجنبية) دۆلاری ده‌خسته بازاڕ.
بانكه بازرگانییه‌كانیش هه‌ر به‌پاڵپشتی بانكی ناوه‌ندی توانیان ئه‌و (12) ترلیۆن دیناره به‌قه‌رزه بده‌نه حكومه‌ت، بانكی ناوه‌ندی بۆ ئه‌وه چه‌ند جارێك به‌ڕێژه‌ی 10% و 15% و 50% ی یه‌ده‌گی یاسایی بانكه بازرگانییه‌كانی دا‌به‌زاند تاكو ئاستی نه‌ختینه‌ی به‌رده‌ستیان به‌رزبێته‌وه و توانای كڕینی قه‌واڵه‌كان و پێدانی قه‌رزی راسته‌وخۆیان هه‌بێت به حكومه‌ت، ئه‌مه‌یش جۆرێكه له‌خستنه‌ڕووی درا و كه حكومه‌تی به‌غدا سودی لێوه‌رگرتووه.
سه‌ره‌نجام ته‌نها له‌و سێ ساڵه‌دا قه‌رزه ناوخۆییه‌كانی حكومه‌تی عێراق زیاتر له 35 ترلیۆن دینار هه‌ڵكشان، قه‌رزه ده‌ره‌كییه‌كانیش زیاتر له 12 ملیار دۆلار هه‌ڵكشان، یه‌ده‌گی دراوی بیانیش نزیكه‌ی 30 ملیار دۆلار كه‌می كرد، ئه‌مه‌یش به به‌راوردكردنی داتاكانی نێوان ساڵی 2013 و 2017دا ده‌رده‌كه‌وێت.
به‌و جۆره سه‌رباری به‌كارهێنانی داهاته ئاساییه‌كان، دابینكردنی مووچه و خه‌رجییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵی و راگرتنی نرخی دینار له‌و سێ ساڵه‌دا زیاتر له (85) ترلیۆن دینار له‌سه‌ر عێراق به‌گشتی كه‌وت، به‌ڵام هه‌رێم له‌سووده‌كه‌ی بێ به‌شكرا. ئه‌مه ئه‌و ڕێگایانه‌یه كه به‌غدا له رابردوودا بۆ دابینكردنی مووچه پشتی پێ به‌ستووه له ئێستا و داهاتوویشدا هه‌ر به‌وشێوه‌یه ده‌بێت، به‌ڵام هه‌رێم به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه هه‌م خۆی داهاتی نائاسایی و ده‌سه‌ڵاتی قه‌رزكردن و ده‌سه‌ڵاتی نه‌ختی و یه‌ده‌گی دراوی بیانیی نییه، هه‌میش له‌لایه‌ن به‌غداوه له سووده‌كه‌ی بێبه‌ش ده‌كرێت، ئیدی دابینكردنی مووچه و خه‌رجییه‌كانی زۆر سه‌ختتره.
دووه‌م/ بابه‌تی دابینكردنی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم راسته‌وخۆ له‌لایه‌ن به‌غداوه
ئایا ده‌كرێت مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم راسته‌خۆ بخرێته سه‌ر به‌غدا؟ واته راسته‌خۆ له‌لایه‌ن به‌غداوه دابه‌شبكرێت، ئایا به‌غدا ئاماده‌یه ئه‌م كاره بكات؟ سه‌ره‌تا ده‌بێ ئه‌وه روون بێت كه ئه‌ركی راسته‌خۆی دابینكردنی مووچه له هه‌رێم، له‌ئه ستۆی حكومه‌تی هه‌رێمدایه، ئه‌وه‌ی له‌ئه‌ستۆی حكومه‌تی فیدراڵیدایه به‌پێی ده‌ستووری عیراق و پره‌نسیپه‌كانی فیدراڵیه‌تی دارایی، بریتیه له ته‌رخانكردنی پشكێكی دادوه‌رانه له بودجه‌ی عیراق بۆ هه‌رێم وه‌ك ئه‌وه‌ی له مادده‌ی (121) ی ده‌ستووردا هاتووه، له‌گه‌ڵ به‌شداركردنی هه‌رێم له سوودی به‌كارهێنانی قه‌رز و یه‌ده‌گ، كه تاكو ئێستا وه‌ك پێویست به هیچ یه‌ك له‌و ئه‌ركانه هه‌ڵنه‌ستاوه.
ئه‌گه‌ر به‌غدا ئاماده نه‌بێت راسته‌وخۆ مووچه‌ی هه‌رێم دابه‌شبكات نه‌ك هه‌ر جێگه‌ی ره‌خنه و سه‌رزه‌نشت نییه، به‌ڵكو به پێچه‌وانه‌وه ده‌ربڕینی ئاماده‌یی بۆ ئه‌و كاره پێشێلكردنی مافی ده‌ستووریی هه‌رێم و تێپه‌ڕاندن و زیاده‌ڕۆییه له‌ده‌سه‌ڵاته‌كانی خۆی و له‌گه‌ڵ سه‌ره‌تاییترین پره‌نسیپه كارگێڕییه‌كاندا ناگونجێت، به‌تایبه‌تیش بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران.
جگه له رێگرییه یاسایی و سیاسییه‌كان، رێگرییه كارگێڕییه‌كانیش كه‌م نین، دابه‌شكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران پرۆسه‌یه‌كی دینامیكیه و وه‌ك دابه‌شكردنی مینحه و مووچه نه‌گۆڕی هه‌ندێ چین توێژی تر نییه، كاره‌كه ته‌نها به‌كردنه‌وه‌ی هه‌ژمارێكی بانكی بۆ فه‌رمانبه‌ران كۆتایی نایه‌ت وه‌ك هه‌ندێك باسی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كارێكی له‌و جۆره بكرێت پێویسته سه‌ره‌تا حكومه‌تی به‌غدا چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی و لقێكی گه‌نجینه له شاره‌كانی هه‌رێم بكاته‌وه له رێگه‌ی تۆڕێكی كارگێڕییه‌وه فه‌رمانگه‌كان و گه‌نجینه‌كان و بانكه‌كان پێكه‌وه ببه‌ستێته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و بانكانه له رووی كارگێڕییه‌وه سه‌ر به به‌غدابن، ده‌بێت یان بانكه‌كانی هه‌رێم له رووی كارگێڕیشه‌وه بچنه سه‌ر به‌غدا، یان بانكه‌كانی عێراق چه‌ند لقێكیان له‌هه‌رێم بكه‌نه‌وه.
بێگومان بانكه‌كان هیچ كات به‌سه‌رمایه و كاشی به‌رده‌ستی خۆیان ئاماده نین مووچه بده‌ن، به‌ڵكو ده‌بێت له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی عیراقه‌وه پاره‌دار بكرێن، ئایا به‌غدا مانگانه ئاماده‌یه لانی كه‌م هه‌شت سه‌د ملیار دینار له رێگه‌ی بانكه‌كانه‌وه بگوازێته‌وه سه‌ر هه‌ژماری فه‌رمانگه‌كانی هه‌رێم؟
ئه‌ی كاری دابه‌شكردنی مووچه چۆن ئه‌نجام ده‌درێت؟ سه‌باره‌ت به‌ڕێكاره‌كانی خه‌رجكردنیی موچه مانگانه ده‌بێت وه‌زاره‌تی دارایی به‌غدا ڕه‌زامه‌ندی بدات، فه‌رمانگه‌كان لیستی موچه‌كانیان بنێرن بۆ گه‌نجینه‌كان بۆ وردبینی، له‌سه‌ر بنه‌مای لیستی وردبینیكراوی هه‌رفه‌رمانگه‌یه‌ك چه‌ك و نووسراوی ته‌مویل و فه‌رمانی خه‌رجكردنی مووچه بۆ بانكه‌كان بنێردرێت. بێگومان لیستی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران لیستێكی گۆڕاوه و مانگانه گۆڕانكاریی زۆری تێدا ده‌كرێت، ئایا گه‌نجینه‌كان و وه‌زاره‌تی دارایی به‌غدا دان به‌و گۆڕانكارییا‌نه‌دا ده‌نێن كه فه‌رمانگه‌كان ئه‌نجامی ده‌ده‌ن؟ یان ده‌بێت بۆ هه‌موو دامه‌زراندن و گواستنه‌وه و سه‌رمووچه‌و موڵه‌ت و گه‌ڕانه‌وه و گۆڕانكاریی ده‌رماڵه و هه‌رگۆڕانێكی تر بۆ هه‌ر فه‌رمانبه‌رێك ره‌زامه‌ندیی به‌غدا وه‌ربگیرێت. ئه‌ی لێره‌دا ڕۆڵ و پێگه‌و بوونی حكومه‌تی هه‌رێم چۆن لێك بدرێته‌وه.
ئه‌م جۆره ڕێكاره ناوه‌ندگه‌راییانه ئه‌وه‌نده كاتیان به‌سه‌رچووه ته‌نانه‌ت بۆ ئه‌وه‌یش شیاو نین له‌ناو یه‌ك پارێزگایشدا بخرێنه‌گه‌ڕ نه‌وه‌ك له‌ناو ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵیدا، گرفتێكی تریش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م بیرۆكه و بانگه‌شانه زیاتر له‌لایه‌ن خوازیارانی لامه‌ركه‌زییه‌وه بره‌ویان پێده‌درێت.
ڕاسته دابینكردنی مووچه ئه‌وه‌نده پێویست و گرنگه، ده‌شێ هه‌موو هه‌وڵێكی بۆ بدرێت و زۆر ڕێگای بۆ بگیرێته‌به‌ر، به‌ڵام خۆ ده‌بێ دیاریكردنی ڕێگه‌كه بنه‌مایه‌كی هه‌بێت و ڕێگه‌كه‌یش بمانگه‌یه‌نێته ئه‌نجامێكی باشتر. ئێستا تاكه رێگه‌ی به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌نجامدانی چاكسازیی راسته‌قینه و خێرایه له داهات و خه‌رجیه‌كانی، له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی شایسته داراییه‌كانی له به‌غدا و، گرتنه‌به‌ری چه‌ند ڕێكارێك بۆ زیادكردنی داهات، قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌تانه‌یش پێویستی به باس و لێكۆڵێنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆ هه‌یه، كه تاڕاده‌یه‌ك باسی لێوه‌كراوه و له‌ڕووی كرده‌نیشه‌وه هه‌نگاوی بۆ نراوه، گرنگه حكومه‌ت زۆر مكوڕ و ده‌ستوبرد بێت و هه‌موو لایه‌نه‌كانیش بۆ كاری باش هاوكار و هه‌ماهەنگ بن.