ئەخلاقی سیاسی؟

Kurd24

ڤیکتۆر ھۆگۆ دەڵێت: لەوانەیە ھەموو ئافرەتێک نێری ببێت، بەڵام تەنھا ھەڵوێستە گەورەکان پیاوی مەردیان دەبێت.. ڤۆڵتێریش دەڵێ : ھەڵوێستەکانی ژیان وەک پاییز وان، گەڵا ساختەکانی ھێواش ھێواش ھەڵدەورێن .

عەبدولکەریم قاسم ئەو سەرکردە سیاسییەی کە لە مێژووی عێراقدا مشتومڕێکی سیاسی زۆری لەسەرە، لە رۆژی ھەڵگیرسانی شۆڕشی تەممووزی 1958 و تاوەکو گوللـەبارانکردنی بەزمانی بەڕۆژوو، لەناو بارەگای ئێزگە لە ناوچەی ساڵحیه‌ی بەغدا، زۆر به‌ جیاوازەوە باسی دەکرێت. ھەرچییەک بێت نەیارانی بەتایبەت بەعسیە توندڕەوەکان بەھەموو ھەوڵ و نووسینێکیان قەت نەیانتوانیوە راستی کەسایەتی قاسم و دەستکەوتەکانی بشێوێنن و ئینکاری ئەوە بکەن کە عەبدولکەریم قاسم کەسێکی نیشتمانپەروەر و ھەژاردۆست و سەرۆک وەزیرانێکی سادە و ئەفسەرێکی زۆر ئازا بووە.

ساڵی 1959 کاتێک لەشەقامی رەشیدی بەغدا گرووپێکی بەعسییەکان کە سەدام حوسێنیش لەگەڵیان بوو، ھەوڵی کوشتنیاندا، عەبدولکەریم قاسم بەدەمانچەی خۆی یەکێک لەھاوڕێکانی سەدامی کوشت، کە عەبدولوەھاب غرێری بوو، سەدامیش لەم ھەوڵەدا بە برینداری رزگاری بوو، دواتر رایکردە سووریا و ساڵی 1980 سەدام چیڕۆکی ئەم رووداوەی کردە فیلمێک بەناوونیشانی «الايام الطويلة» کە سەدام کامیلی برای حوسێن کامیل، کە له‌ ساڵی 1996 سەدام لەگەڵ براکەی کوشتیان، رۆڵی سەدامی لەفیلیمەکە دەبینی. بەڵگەیەکی تری زیندووش کە ئیسپات دەکات قاسم بەڕاستی خۆشەویستی گەلانی عێراق بووە، لەکاتی دادگاییکردنی سەدام بوو کاتێک باس  ھاتە سەر ھەوڵی کوشتنی قاسم سەدام گوتی: "بەڵی من تەقەم لە عەبدولکەریم قاسم کردو ویستم بیکوژم، ئەوکات من بەرپرسی ھێلی سەربازی گرووپەکە بووم بەس والله نە ئەو کاتە و تاوەکو ئێستاش، من رقم لەقاسم نەبووە و نابێتەوە ھەر چەندە ویستیشم بیکوژم"، ئەو قسەیەش مانای ئەوەیە کەکاری سیاسی شتێکە و بابەتی شەخسیش شتێکی ترە و نابێت تێکەڵ بەیەکتری بکرێن، بەجۆرێک کاتێک ھەوڵەکەی عەقید عەبدولوەھاب شەواف و ھاوڕێکانی لە مووسڵ دژی قاسم شکستی ھێناو کوژرا، براکەی لای قاسم محەمەد شەواف وەزیری تەندروستیبوو  ئامۆزاکەشی عەبدوللەتیف شەواف وەزیری بازرگانی بوون بەڵام نەک ھیچی لێنەکردن بگرەلەجاران زیاتر ڕێزی دەگرتن بۆیە قاسم لەوتارەکەیدا دوای شکستی کودەتاکە لەموسڵ گوتی: "شەوافێکمان لەدەستدا، بەڵام دوو شەوافمان بردەوە!!".

بەڕای من گەورەترین ھەڵەی قاسم ئەوەبوو نەدەبا خۆی تەسلیم بکردبا ئەو ئەفسەرێکی ئازابوو، دەبوو تاوەکو مردن شەڕ بکات، بەتایبەت کاتێک رۆژی کودەتاکە بەتەلەفۆن لەتاھیر یەحیا دەپرسێت: داواکاریتان چیە؟ ئەویش دەڵێت : داواکاریمان ئه‌وه‌یه‌ تەنھا سەری تۆمان دەوێت!! ئەمەش بەڵگەیەکی ئاشکرایە ئەوان سووربوون لەسەر کوشتنی قاسم، جگە لەمەش ھەڵەیەکی تری ئەو لەحوکمڕانیدا ئەوەبوو  کەدەیگوت «الرحمة فوق القانون» بەزەیی لەسەرووی یاساوەیە. ئەمەش مەجالی زۆری بەنەیارانیدا، بەتایبەت بەعسیەکان، کە خۆیان رێکبخەن تەنانەت ھەندێک لەدوژمنانی خۆی لەپۆستی حەساس دانابوو، وەک حەردان تکریتی کردبووە فەرماندەی بنکەیەکی ئاسمانی و مونزیر ونداوی و عارف عەبدولڕەزاقیش ئامیر قاعیدەی سەربازی بوون و لەبەرامبەردا قاسم پێگەی ئەمنی خۆی و حکومەتەکەی قایم نەکرد، ھەرچەندە لە رۆژی کودەتاکە جەماوەرێکی زۆر بۆ پشتیوانی قاسم ھاتنە سەرشەقام و نزیک وەزارەتی بەرگری و داوایان لێیکرد چەک دابەش بکات بۆ لێدانی کودەتاچییەکان، بەڵام ئەو رەتی کردەوە و گوتی «لا أريدها حربا أهلية » ئەوەبوو کودەتاکە سەریگرت و تەنانەت قاسم پێش تەسلیمبوونی تەلەفۆن بۆ زاواکەی عەبدولجەبار جەواد، قائید فرقەی پێنج دەکات و داوای یارمەتی لێدەکات، کەچی پێی گووتبوو ناتوانم نەخۆشم! کەواتە ئەوانەی دیفاعیان لەقاسم کرد تاوەکو دوای کوشتنیشی تەنھا میللەت بوو، چونکە ئەو خۆشەویستی گەل بوو، بۆیە گەورەترین سەرمایەی ھەموو سەرکردەیەک تەنھا گەلەکەیەتی.    

سەرۆک بارزانی لەبەشی یەکەمی بەرگی سێیەمی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، دەربارەی کەسایەتی عەبدولکەریم قاسم دەڵێت: "لەناخی دەروونمەوە ئاواتی ئەوەم دەخواست شۆڕشی ئەیلوول لەسەردەمی عەبدولکەریم قاسمدا ھەڵنەگیرسایە و ئەگەر ھەردەبوو ھەڵگیرسێ، یان بەر لەسەردەمی ئەو یان پاش سەردەمی ئەو ھەڵگیرسایە. لەوانەیە خوێنه‌ر لێم ببووری کاتێک دەزانێ ئەم خەیاڵەم لەم ھەستەوە ھەڵقوڵیوە کەئێمە چەند قەرزاری پیاوەتیی گەورەی ئەم کەسایەتییە مێژووییەین". ھەر لەیادەوەرییەکانی بارزانی لەشۆڕشی ئەیلوولدا بەڕێزیان باسیھەڵوێست و رەوشتبەرزی فەرماندەیەکی عەسکەری سوپای عێراق دەکات، ئەویش عەمید حەسەن عەبوودە و دەڵێت: "ھێزەکانی لیوای پێنجەم بەسەرکردایەتی زەعیم حەسەن عەبوود چوونە ناو گوندی بارزانەوە و فەوجێکی ھێزی سێی پیادەش بەسەرکردایەتی عەقید وەھبی چووە مێرگەسۆرەوە، ھەندێک لەجاشەکان کەوتنە ھەڵگیرسانی ئاگری فیتنە و دەستدرێژی بۆ سەر بارزانییەکان، بەڵام عەمید حەسەن عەبوود ھەڵوێستێکی توندی وەرگرت و نەیھێشت ئەوەی دەیانویست بیکەن و فەرمانی دەرکردنیانی لەناوچەکەدا و بارزانیش ئەم پیاوەتیەی حەسەن عەبوودی ھەرگیز لەیاد نەکرد، کە بەعسییەکان لەشوباتی 1963 ھاتنە سەرحوکم، حەسەن عەبوودیان گرت و بڕیاری کوشتنیاندا. بارزانی ئەو پیاوەتیەی حەسەن عەبوودی لەیادبوو و نەیھێشت بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت و لەمردن رزگاری کرد".

بەڵام لەھەمان سەرچاوەشدا سەرۆک بارزانی باسی ڕەوشت نزمی عەقید وەھبی دەکات و دەڵێت : ھەرگیز ئەو کارە دوور لەھەموو بنەمایەکی شەڕەف و رەوشتێك لە بیرناچنەوە کە عەقید وەھبی لەمێرگەسۆردا کردنی و ئەو ئادار و ناڕەحەتیانە لەیاد ناکەم کەئەو کابرایە پێی گەیاندین، یەکێکیان ئەوەبوو لوقمانی برامی گرت و بەزنجیر و کەلەپچەکراوی ناردی بۆ بەغدا و لەوێ فڕێیدایە زیندانی سوپایی ژمارە 1ی مۆڵگەی رەشیدەوە".

 

موکەڕەم تاڵەبانی دەگێڕێتەوە کە لەدوای کودەتای بەعسییەکان لەشوباتی 1963  لە نوگرەیسەلمان، سزای حەفت ساڵ زیندانی بەسەر سەپاو دەڵێت: "دوای چەند ساڵێک رۆژێکیان بەبێجامەوەمنیان بردە بەردەم سوبحی عەبدولحەمیدی وەزیری ناوخۆی ئەوکاتی عێراق و پێی گووتم داوام لەسەرۆک وەزیران تاھیر یەحیا کردووە ئازادت بکات و تاڵەبانی دەڵێت ئەوەبوو من و چەند ھاوڕێیەکی منی شیوعی ئازاد کرد. لەدوای کودەتای بەعسیەکان لە 1968 سوبحی لەماڵەوە خرایە ژێر مانه‌وه‌ی ناچاری و منیش وەکو وەفایەک سەردانم کرد و ئەو بەتەعەجوبەوە گوتی: لەم ڕۆژگارە چی تۆی ھێناوەتە لای من؟ گوتم چاکەی کۆنت. من ھاتووم قەرزەکەت بدەمەوە. پێمبڵێ چیت بۆ بکەم گوتی ئەگەر دەکرێت بۆم بە سەرۆک ئەحمەد حه‌سه‌ن بەکر بڵێی رێگام پێبدات سەفەرکەم بۆ دەرەوەی عێراق. ئەوەبوو بە ئەبوو ھەیسەمم گوت و ڕازی بوو ناوبراویشسەفەری کرد".

جۆن نیکسۆن ئەفسەری ھەواڵگری دەزگای سی ئای ئەی ئەمه‌ریکا لەکتێبی «إستجواب الرئيس» کەلێکۆڵینەوەی لەگەڵ سەدام کردووە دەڵێت: "لەسەدامم پرسی کێن ئەوانەی لەکاتی رووخانت یارمەتی خۆشاردنەوەی تۆیاندا؟ سەددام گوتی: ئەوانە برامن لەتەنگانە یارمەتی منیان داوە چۆنناویان دەدەم؟ لەبەرامبەریشدا لەدادگاکەی سەدام بینیمان چۆن دار و دەستەکەی سەدام ھیچیان بەتۆز مسقاڵێک لەدژی سەدام نەبوونە شایەتحاڵ و قسەیان لەدژی نەکرد، کەواتە سەدام بەو دیکتاتۆریەتەی خۆی بەڵام زۆر وردبین بووە لەھەڵبژاردنی کەسانی دڵسۆز لەدەوروپشتی خۆی".

خەلیل ئیبراھیم ئەلزەوبەعی کە لە حکومەتەکەی تاھیر یەحیا وەزیری پیشەسازی بوو، لەیادەوەرییەکانی ئاماژە بەوە دەکات کە لە تەممووزی 68 و دوای ھاتنی بەعسییەکان بۆ دەسەڵات، رۆژێکیان ئەحمەد حه‌سه‌ن بەکر بە دوامی نارد و گوتی: "دەتکەمە وەزیری پیشەسازی، منیش گوتم: سەرۆک وەزیرانمان لای ئێوە لە زیندانە تۆش دەتەوێت من ببمە وەزیر لای تۆ؟؟  ئێمە و ئێوە وەک دوو تیمی جیاوازی بەرامبەر یەک یاریمان کرد، ئێوە بردتانەوە و ئێمە دۆڕاندمان، ئێستاش ھەموو شتێک تەواو کۆتایی پێھات! دەڵێت: ئەحمەد حەسەن بەکر  زۆر تووڕەبوو گوتی: دەباش بزانە سەرۆک وەزیرانەکەتان ھەر لەزیندان دەمێنێتەوە و تۆش خواحافیزت  بێت!".

ھەر لە بیرەوەرییەکانی سەرۆک بارزانیدا، لەبەشی یەکەمی بەرگی سێیەمی بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد، تێبینی ئەوەم کرد کە بەڕێزیان لە روانگەی ئەوەی مێژوو دەبێت وەک خۆی بنووسرێتەوە، بۆیە بەجیاوازی زۆرەوە پێناسەی کەسایەتی دوو ئەفسەری نوێنەری دەزگای ساواکی شای ئێرانی کردووە بۆ لای بارزانی، ئەوانیش جەنەڕاڵ مەنسوورپوور و عەقید عیسا په‌ژمان بوون. کاک مەسعود دەربارەی مەنسوور پوورەوە دەڵێت: "مەنسوورپوور بەڕەگەز کورد بوو، بەڵگەش وای دەگەیاند کەوا ھەستێکی بێگومانی نەتەوەیی تێدا شارابووەوە، گومان لەوەدانەبوو کە ھیچ بڕیارێکی دژ بەشۆڕش نادات و پیاوێکی تاڕادەیەکی زۆر دەروون زیندوو بوو، بەتەواوی جیابوو لەعیسا په‌ژمان، کە کوردی سنە بووە". سەرۆک بارزانی لەنووسینەکەیدا دەربارەی کۆنفڕانسی ماوەت لەنیسانی 1964 و کەسایەتی په‌ژمان نووسیویەتی: «شایەنی وتنە عەقید عیسا په‌ژمانی نۆکەری ساواک لەماوەی بەسترانی کۆنفرانسەکەدا لەماوەت بوو بەردەوام ئاگری ناکۆکیەکەی خۆش دەکرد و داری دەخستە ئاگرەوە» و لەبەشی دووەمی ھەمانبەرگدا باسی ئەوە دەکات کەعیسا په‌ژمان کەسێکی زۆر داخ لەدڵ بووە بەرامبەر کورد ..

بەبیرمە ساڵی 2002 بوو، بەر لە رووخانی سەدام، لەکۆنگره‌یەکی رۆژنامەوانیدا لەتاریق عەزیزی وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی عێراقیان پرسی، کە بۆچی لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی دانانیشن؟ وەڵامەکەییم چاک لەبیرە عەزیز گوتی: شتێک نییە بەناوی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی، ئەوانە کۆمەڵێک نۆکەر و دز و خەڵکی فاشیلن عێراقیان بکەوێتە ژێر دەست وێرانی دەکەن! . بەڵام کەلێیان پرسیئەی کوردەکان؟ گوتی: نا کوردەکان جیاوازن، بەڵێ راستە ئەوان ئۆپۆزیسیۆنن، بەڵام ئەوەی ئێمە و کورد کۆ دەکاتەوە، نمەکێکی مێژوویی ھاوبەشە، سیفەتێکە لە پەیوەندی ھیچ دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆنێکی دونیادا نەبووە، ئەویش متمانەیە، نموونەش لە موفاوەزاتی ئاداری حەفتای ئێمە و کوردەکان، من و ڕەفیق سەدام بەوپەڕی متمانەوە بەبرا کوردەکانمان، چووینە لای خوالێخۆشبوو مستەفا بارزانی، لەگەڵاڵە و لەناوچەکانی ژێر دەستیان ماینەوە و زۆریش لەژیانی خۆمان تەئمین بووین، ئەو ماوەیه‌ی لەوێ بووین بۆ گفتوگۆ «أكلنا وشربنا» بەھەمان شێوەش وەفدی ئەوان ھاتە بەغدا و گفتوگۆی ساڵی 1991 نێوان ئێمە و ئەوانیش ھەر بەم شێوەیە بەڕێچوو، ھەرچەندە لە رووی سیاسییەوە رێکنەکەوتین، بەڵام ئێستا لەدوای داواکاری ئۆتۆنۆمی ھاتوون بیدعەیەکی نوێیان داھێناوە و دەڵێن ھاوشێوەی نەمسا و سویسرا فیدڕالیمان دەوێت ئێمەش گوتمان فیدڕاڵی نییە : « گالو إحنا نريد فدرالي واحنا گلنا لهم: ترى ماكو فدرالي».

ئەوەی جێگای تێبینییە لە قسەکانی تاریق عەزیز و مێژووی حوکمی حزبی بەعس بەرامبەر کورد دوو شتە:

یەکەم: لەقسەکانی تاریق عەزیز بە روونی دیارە کە بەعس باوەڕی بەفیدڕاڵی نەبووە. ھەر لەوەڵامەکانی ئەوەش بەدی دەکرێت کە بەعس زۆر لەئێمەی کورد زیاتر و باشتر ئۆپۆزسیۆنی عێراقی بەشیعە و سووننەوە ناسیوە؟ بەتایبەتی شیعە، بە بەڵگەی ئەوەی بەدرێژایی مێژووی بەعس بەغدا چەندین گفتوگۆی لەگەڵ سەرکردایەتی سیاسی کورد کرد، بەڵام بۆ ماوەی یەک خولەکیش لەسەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ حزبەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی دانەنیشتن؟ بۆیە سەدام ھەمووجار دەیگوت ئەوانە بەس نۆکەری بێگانە و ئێران نین، ئەوانە سرف ئێرانین!

دووەم: بەدرێژایی گفتوگۆی نێوان بەعس و کورد لە ئاداری حەفتاوە تاوەکو رووخانی بەعس لە 2003 قەت قەت سەدام خۆی نەگەیاندۆتە ئەو ئاستە نزمەی لەسەر قوت و مووچە و ھەندێ بابەتی لاوەکی گفتوگۆ لەگەڵ کورد بکات ھاوشێوەی شیعەکانی بەغدای ئێستا، مەعلومە تاوەکو رووخاش ئەرزاق و نەوت و بەنزینی بۆ کوردستان دەنارد و سەدام بەو ھەموو دڕندایەتی و دیکتاتۆریەتی خۆیەوە ھەندێک قیەم و ئەخلاقی سیاسی ھەبوو، بۆیە تەنھا لەسەر مەسەلەی خاک و سنووری جوگرافی و دەسەڵاتی ناوچەی ئۆتۆنۆمی گفتوگۆی لەگەڵ کورد کردووە و بەردەوام دەیگوت «مهما حصل يبقى الاكراد شعبنا» لەدادگاش بینیمان ھەر بەم دەستەواژانە باسی کوردی دەکرد. بۆیە مسك الختام دەڵێم: ئەوانەی ئێستا لە بەغدا حوکم دەکەن، ئەگەر یەک زەڕڕە ئەخلاقی سیاسی و کەڕامەتی مرۆڤ دۆستیان ھەبا، میوانداری و نان و نمەکی کوردیان لەبیر نەدەکرد و دەستیان بۆ قووتی خەڵکی کوردستان و خاکەکەی نەدەبرد.