باڵەخانە نوێیەکەی کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سەڵاحەددین کرایەوە
چوارشەممە 2024.10.02، دکتۆر عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایانی ئیسلامیی کوردستان، بە نوێنەرایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی کوردستان و بە ئامادەبوونی پارێزگاری ھەولێر و کونسوڵی کوەیت، باڵاخانەی نوێی کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکانی لە زانکۆی سەڵاحەدین کردەوە.
باڵەخانە نوێیەکەی کۆلیژی زانستە ئیسلامییەکان، بە گوژمەی زیاتر لە چوار ملیۆن دۆلار بە ھاوبەشی لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی و کوەیت، بە پشتیوانیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کراوە.
لە میانەی پێشکێشکردنی گوتارێکدا، پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "ناحەزان هەوڵی لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدەن، پێویستە بە هەموو لایەکەوە هەوڵی پاراستنی ئەم ئەزموونە بدەن، چونکە قوربانی زۆری لە پێناودا دراوە. ئەوەی کوردستان شانازی پێوە دەکات پێکەوەژیانە، کە بەرهەمی کولتووری کوردەوارییە".