نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش کرایەوە
ئەمڕۆ سێشەممە، 08-10-2024، بە ئامادەبوونی د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی؛ د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک؛ ئیسماعیل مستەفا، قائیمقامی بەردەڕەش و ژمارەیەک بەرپرسی حکوومەتی و حزبی، نەخۆشخانەی فریاکەوتنی بەردەڕەش کرایەوە.
کردنەوەی نەخۆشخانەکە لە چوارچێوەی بایەخی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بە کەرتی تەندروستی و پێشخستنی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانە لە نەخۆشخانە حکوومەتییەکان.
هەر یەکە لە وەزیری تەندروستی و پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا، لە بەرانبەر دروستکردنی نەخۆشخانەکە، سوپاسی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان کرد و هیوایان خواست، خەڵکی بەردەڕەش و دەوروبەری زۆرترین سوودی لێ ببینن.
نەخۆشخانەکە بە گوژمەی یەک ملیار و 400 ملیۆن دینار، لەلایەن سەرمایەدارێکی ناوچەکە بە هاوکاریی لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست کراوە؛ وەزارەتی تەندروستیش بە گوژمەی ملیارێک و 398 ملیۆن دینار، ئامێر و دەرمانی پزیشکیی بۆی دابین کردووە.