ئەمریكا مەشق بە چەكدارى هۆزەكان دەكات

ئەمریكا ئامادەيى خۆى ده‌ربڕى له‌سه‌ر مه‌شقكردنى چەكدارە سوننیەكان و هێزى عەشیرەتە عێراقییەكان بۆ ئەوەى بتوانن بەرەنگارى داعش ببنەوە.

K24 – ھەولێر

ئەمه‌ریكا ئامادەيى خۆى ده‌ربڕى له‌سه‌ر مه‌شقكردنى چەكدارە سوننیەكان و هێزى عەشیرەتە عێراقییەكان بۆ ئەوەى بتوانن بەرەنگارى داعش ببنەوە.

رۆژى چوارشه‌ممه‌ (10-6-2015) "كۆڵۆنێل ستیڤن وارن"، گوته‌بێژى وەزارەتى بەرگرى ئه‌مه‌ريكا (پنتاگۆن)، رایگەیاند: "گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەى،  پێویستە مەشق و راهێنانى زیاتر بە چەكدارە عێراقییەكان بكەین، بۆ ئەوەى بتوانن بەرەنگارى داعش ببنەوە".

گوتیشى: "ئێستا ئێمە كار لەسەر جێبەجێكردنى پلانێكى ستراتیژى لەو بارەیەوە دەكەین".

كۆڵۆنێل وارن، روونیشیكردەوە: "هێزى زیاترى عەشیرەتە سوننەكان ئامادەن بۆ ئەوەى لە لایەن سوپاى ئه‌مه‌ريكاوە مەشق و راهێنانیان پێ بكرێت و بتوانن بەرگرى لە خۆیان بكەن و رووبەڕووى مەترسییەكانى داعش ببنەوە".

بە گوێرەى زانیارى ئەو گوتەبێژەى پنتاگۆن، مەشقپێكردنى چەكدارە عێراقییەكان پێویستى بەوە هەیە ژمارەى راهێنەرە ئه‌مه‌ريكاییەكان لە عێراق زیاتر بكرێن، ئێسته‌ ژمارەیان نزیكەى 3000 سەربازە.

سوپاى ئه‌مه‌ريكا لە عێراقدا چوار بنكەى سەرەكى بۆ مەشقپێكردنى هێزە عێراقییەكان كردووەتەوە.

تا ئێسته‌ 8 هەزار و 920 سەربازى عێراقى لە لایەن ئه‌مه‌ريكا و هاوپەیمانەكانییەوە مەشقیان پێكراوە و 2 هەزار 601 سەربازیش لە سەربازگەكاندا مەشق و راهێنانیان پێدەكرێت.