سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمی کوردستان بۆ لێژنه‌ى كه‌وتنى مووسڵ: پرسیاره‌كانتان شه‌فاف نین

لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌وتنى موسڵ، ژماره‌یه‌ك پرسیارى ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا

K24- هەولێر


لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌وتنى موسڵ، ژماره‌یه‌ك پرسیارى ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان كردووه‌، له‌ به‌رامبه‌ریشدا، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ره‌تیكرده‌وه‌ ئه‌و پرسیارانه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ هه‌بێت و رایگه‌یاند، "زۆربەی پرسیارەكان مینڕێژكراون و هیچ ڕاشكاویی و شەفافییەتێكیان تێدا نییە"
لیژنەی لێكۆڵینەوەی سەر بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە كەوتنی شاری موسڵ له‌ 10ى حوزه‌یرانى 2014دا، چەند پرسیارێكی ئاڕاستەی مه‌سعود بارزانى، سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردووە، سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمیش له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا هه‌ڵوێستى خۆى له‌و باره‌یه‌وه‌ روونكرده‌وه‌.
له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "زۆربەی پرسیارەكان مینڕێژكراون و گومانی زۆر و تۆمەتباركردنی ژێربەژێریان تێدایە كە زۆر لە هۆكارە ڕاستەقینەكانی كەوتنی موسڵەوە دوورن، هیچ ڕاشكاویی و شەفافییەتێكیان تێدا نییە، بۆیە پێمان وانییە پێوەندیی بەئێمەوە هەبێت و كاریشمان بەسەرییەوە نییە".
له‌ بڕگه‌یه‌كى دیكه‌ى راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان داوایكردووه‌، "پێویست بوو ئەو پرسیارانە لەو كەسانە بكرێت كە ڕێگرییان كرد لە هاریكاریی لەگەڵ پێشمەرگە و بگرە نەیانهێشت پێشمەرگە ڕووبەڕووی داعش ببێتەوە پێش گرتنی موسڵ و دوای گرتنیشی، هەروەها ئاراستەی ئەو سەركردە سەربازییانە بكرێت كە لە موسڵ هەڵاتن و موسڵ و چەكەكانیان تەسلیمی داعش كرد".
لیژنه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ كه‌وتنى شارى موسڵ، تا ئێستا لێكۆڵینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانى پێشووى عێراق نورى مالكى ئه‌نجام نه‌داوه‌، كه‌ له‌ ئاستى ره‌سمییدا و له‌ لایه‌ن فه‌رمانده‌ باڵاكانى سوپاى عێراق به‌ هۆكارى سه‌ره‌كى پاشه‌كشێى سوپا له‌ موسڵ و به‌جێهێشتنى چه‌ك و چۆڵى سه‌ربازى بۆ داعش تۆمه‌تبار كراوه‌.