سوپای عێراق لە ئامادەباشیدایە بۆ ئازادكردنی روممادی و فەلوجە

نووسینگەی عەبادی، رایگەیاند كه‌ بە مەبەستی ئازادكردنی شارەكانی روممادی و فەلوجە، هێزە ئەمنییەكانی عێراق

K24- هەولێر


نووسینگەی عەبادی، رایگەیاند كه‌ بە مەبەستی ئازادكردنی شارەكانی روممادی و فەلوجە، هێزە ئەمنییەكانی عێراق و چەكدارانی حەشدی شەعبی لە چەند ناوچەیەكی جیاجیای ئەنبار، كار دەكەن لەسەر گەمارۆدانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش).
"سعد ئەلحەدیسی" گوتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ "عەین ئەلعراق نیوز" گوتی: " لە ئێستەدا هەماهه‌نگییەكی باش هەیە لەنێوان هێزە ئەمنییەكانی عێراق و چەكدارانی حەشدی شەعبی و سەرۆك هۆزەكان، تاوەكوو ئێستە توانیویانه‌ سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنن لە شەڕی دژ بە داعش".
ئەلحەدیسی روونیشی كردەوە: "هێزەكانی ئەمنی و حەشدی شەعبی كار لەسەر بنبڕكردنی ئەو هاوكاریانە دەكەن كە لە چەند ناوچەیەكی جیاجیادا بەدەستی داعش دەگات، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەم هێزانە لە ئامادەباشیدانە بۆ ئەنجامدانی هێرشێكی بەرفراوان بۆ سەر شارەكانی رومادی و فەلوجە لە پارێزگای ئەنبار، بەڵام فەرمانی هێرشكردن لەژێر دەسەڵاتی فەرماندەی گشتی سەربازیدایە، هەر بۆیە چاوەڕوانی ئەم فەرمانەن".
هەروەها گوتیشی: "پارێزگای ئەنبار رووبەڕووی توندوتیژی و شەڕو پێكدادانێكی زۆر بووەتەوە، داعش توانویەتی زۆربەی شارەكانی ئەم پارێزگایە كۆنتڕۆڵ بكات، بەتایبەتی شارەكانی روممادی، فەلوجە و هەندێك ناوچەی رۆژئاوای عێراق".
وەزارەتی بەرگری عێراقی رایگەیاند، هێزەكانمان بە چەندان تانك و دژە تانك و دەبابە و چەك و تەقەمەنی پێشكەوتوو لە سەربازگەی حەبانییەی رۆژهەڵاتی شاری رومادی لە ئامادەباشیدایە بۆ ئازادكردنی ئەو پارێزگایە.