وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه دوو لیوای خۆبەخشی پێکهێنا
K24- هەولێر
وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ده‌ستی كردووه به ناو نووسین له پارێزگەكانی هه‌رێمی كوردستان، بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه خۆبه‌خشن و حه‌زیان لێیه بچنه ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگەوە.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (14-6-2015)، "جه‌باوه‌ر یاوه‌ر" ئه‌مینداری گشتیی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه، لە لێدوانێکدا بە (K24)ی راگەیاند کە وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه دوو لیوای نوێی پێكهێناوه و نزیكه‌ی 8 هه‌زار پێشمه‌رگه له‌خۆ ده‌گرێت. گوتیشی: “ئه‌مڕۆ ده‌ست كراوه، به‌ناو نووسینی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه حه‌زیان لێیه بچنه ریزه‌كانی پێشمه‌رگەوە، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش فۆرمی ناو نووسین له پارێزگەكانی كه‌ركووك، سلێمانی، هه‌ولێر و دهۆك دابه‌ش كراوه"
روونی شیكرده‌وه: "ئه‌م ناو نووسینه بۆ ماوه‌ی یه‌ك مانگ به‌رده‌وام ده‌بێت له رۆژی ده‌ستپێكردنی، واتا له 14-6-2015 تاوه‌كو 14-7-2015”.
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتيشی: "ئه‌و كه‌سانه‌ی خۆیان ناو نووس ده‌كه‌ن، پێویسته ئه‌و مه‌رجانه‌ی خواره‌وه‌یان تێدا بێت:
1- هاووڵاتی هه‌رێمی كوردستان و ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان بێت.
2- ته‌مه‌نی له 18 هه‌ژده ساڵ كه‌متر نه‌بێت و له 30 ساڵ زیاتر نه‌بێت.
3- خووڕه‌وشتی به‌رز و هه‌ڵسوكه‌وتی باشی هه‌بێت و به‌هیچ تاوانێك و كه‌تنێكی ئابڕووبه‌ر سزا نه‌درابێت .
4- مه‌رجه‌كانی جه‌سته‌ی شیاوی تێپه‌راندبێت و ته‌ندروستی باشی هه‌بێت، له تاقیكردنه‌وه‌ی پزیشكيی ده‌ربچێت و باڵای له 165 سانتیمه‌تر كه‌متر نه‌بێت و كێشی له 55 كیلۆ گرام كه‌متر نه‌بێت.
5- لایه‌نی كه‌م ده‌رچووی پۆلی شه‌شی بنه‌ڕه‌تی خوێندن بێت.
6- به‌ڵێن واژوو بكات كه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كار و چالاكی حزبی له نێو ریزی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا نه‌كات.
7- كه‌فاله‌تێكی یاسایی به بڕی 3,000,000 سێ ملیۆن دینار بدات كه به لایه‌نی كه‌م بۆ ماوه‌ی 8 ساڵ له ریزه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستاندا خزمه‌ت بكات".