حوسییه‌كان بوونه دراوسێى سعوودییه
K24- هەولێر
دوێنێ یەکشەممە (14.6.2015) لە بەردەوامی پێشڕەوییەکانیان و له دوا په‌ره‌سه‌ندنى ره‌وشى مه‌یدانى یه‌مه‌ندا حوسییه‌كان گه‌یشتنه شارى حه‌زم، سه‌نته‌رى پارێزگاى "جه‌وف"، كه هاوسنوورى عه‌ره‌بستانى سعوودیه‌یه.
چه‌ند شاهێدحاڵێك له شاره‌كه‌وه، بۆ كه‌ناڵى فرانس 24 باسیان له‌وه كردووه، چه‌كداره حوسییه‌كان به هاوڕێیه‌تى هاوپه‌یمانه‌كانیان له سوپاى یه‌مه‌ن، توانیان ده‌ست به‌سه‌ر شاره‌كه‌یاندا بگرن. ئه‌مه‌ش به دیارترین سه‌ركه‌وتنى حوسییه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێت به‌ر له ده‌ستپێكردنى دانووستانه‌كانى ئاشتى له ژنێف.
بڕیاره ئه‌مڕۆ شاندى حوسییه‌كان بگاته ژنێف بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان به سه‌رپه‌رشتى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان پرسى ئاشتى له وڵاته‌كه‌یاندا تاوتوێ بكه‌ن.
حوسییه‌كان، له ئازارى رابردووه‌وه توانیویانه سه‌رۆكى وڵاته‌كه‌یان عه‌بد ره‌به مه‌نسوور هادى ناچار بكه‌ن وڵات به‌ره‌و عه‌ره‌بستانى سعوودییه به‌جێبهێڵێت.