ئه‌ردۆغان: دامه‌زراندنى كیانێكى كوردیى له‌ سووریا هه‌ڕه‌شه‌یه‌

سه‌رۆك كۆمارى توركیا، نیگه‌رانى خۆى له‌ پێشڕه‌وییه‌كانى یه‌په‌گه‌، له‌ دژى چه‌كدارانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى

K24- هەولێر

سه‌رۆك كۆمارى توركیا، نیگه‌رانى خۆى له‌ پێشڕه‌وییه‌كانى یه‌په‌گه‌، له‌ دژى چه‌كدارانى رێكخراوى ده‌وڵه‌تى ئیسلامى (داعش) ده‌ربڕى و رایگه‌یاند، "كورده‌كان، عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانییان كردووه‌ته‌ ئامانج" و گوتیشى: "دامه‌زراندنى كیانێكى كوردى ئاسایشى توركیا ده‌خاته‌ مه‌ترسییه‌وه‌".
دوێنێ یەکشەممە (14.6.2015) یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل (یه‌په‌گه‌)، دواى 48 سه‌عات له‌ گه‌مارۆدانى ناوچه‌ى "سلوك" توانیان كۆنترۆڵى ناوچه‌كه‌ بكه‌ن و به‌ره‌و شارۆچكه‌ى "گرده‌سپى" پێشڕه‌وى بكه‌ن.
له‌ ماوه‌ى 10 رۆژى رابردوودا، به‌ هۆى شه‌ڕوپێكدادانى نێوان چه‌كدارانى داعش و یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل، زیاتر له‌ 13 هه‌زار هاووڵاتى سووریا وه‌ك په‌نابه‌ر روویان له‌ سنووره‌كانى توركیا كردووه‌.
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆك كۆمارى توركیا، دوێنێ یەکشەممە (14.6.2015)، رایگه‌یاند، نیگه‌رانه‌ له‌ پێشڕه‌وى هێزه‌ كوردییه‌كان به‌ره‌و گرده‌سپى و ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر داهاتووى توركیا.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌، دوێنێ حوسێن خوجه‌ر، یه‌كێك له‌ فه‌رمانده‌كانى یه‌كینه‌كانى پاراستنى گه‌ل، رایگه‌یاند، هێزه‌كانیان گه‌یشتوونه‌ته‌ ده‌وروبه‌رى شارۆچكه‌ى گرده‌سپى و ته‌نیا 50 مه‌تریان ماوه‌ بگه‌نه‌ شارۆچكه‌كه‌ و له‌ ئێستادا شه‌ڕ له‌ ده‌روازه‌ى شاره‌كه‌یه‌.
ئه‌ردۆغان، گوتیشى: "كورده‌كان، عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانیان كردووه‌ته‌ ئامانج و ته‌نیا له‌ هه‌فته‌ى رابردوودا 15 هه‌زار ئاواره‌ روویان له‌ توركیا كردووه‌".
هه‌روه‌ها گوتى: "هێزه‌كانى سه‌ر به‌ پارتى یه‌كێتى دیموكراتى و پارتى كرێكارانى كوردستان ئه‌و ناوچانه‌یان كۆنترۆڵ كردووه‌، كه‌ دانیشتووانه‌كه‌ى ئاواره‌ بوون".
ئه‌ردۆغان، له‌ كاتى گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ ئازه‌ربایجان، دواى دابه‌زینى له‌ فڕۆكه‌ تایبه‌تییه‌كه‌ى ئه‌و قسانه‌ى بۆ رۆژنامه‌نووسانى وڵاته‌كه‌ى كرد.
سه‌باره‌ت به‌ داهاتووى ناوچه‌كه‌ش، گوتى: "ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ سه‌ر ده‌كێشێت بۆ درووستبوونى كیانێكى كوردى و ئه‌وه‌ش ده‌بێته‌ هه‌ڕه‌شه‌ بۆ ئاسایشى توركیا و سنووره‌كانى و پێویسته‌ هه‌موو لایه‌ك له‌ هه‌ستیارى ئێمه‌ به‌رامبه‌ر به‌و كێشه‌یه‌ تێبگه‌ن".