حكوومه‌تی سوودان: عومه‌ر به‌شیر ده‌گه‌ڕێته‌وه خه‌رتووم
K24- هەولێر
له دوای كۆتایی هاتنی كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی یه‌كێتی ئه‌فه‌ریقا، "عومه‌ر به‌شیر" سه‌رۆك كۆماری سوودان به شێویه‌ه‌كی ئاسایی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌رتووم.
دوێنێ یه‌كشه‌ممه (14-6-2015) "كه‌مال ئیسماعیل" وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوودان، له لێدوانێكدا گوتی: "من ناتوانم روونكردنه‌وه‌ی زیاتر له‌سه‌ر عومه‌ر به‌شیر بده‌م، به‌ڵام دڵنیابن كه دوای ته‌واوبوونی كۆبوونه‌ی لوتكه‌ی یه‌كێتی ئه‌فه‌ریقا، به‌شێوه‌یه‌كی ئاسایی ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سوودان".
ئه‌م لێدوانه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوودان له دوای ئه‌وه‌وه دێت كه دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له كۆبوونه‌وه‌ی لوتكه‌ی یه‌كێتی ئه‌فه‌ریقا له "جونهاسبۆرگ"ی باشووری ئه‌فه‌ریقا، داوای كرد عومه‌ر به‌شیر ده‌ستگیر بكرێت.
عومه‌ر به‌شیر، سه‌رۆك كۆماری وڵاتی سوودانه و سكرتێری حزبی كۆنگره‌ی سوودانه، له ساڵی 1989 كاتێ كه سه‌ركرده‌ی سوپای سوودان بوو، كوده‌تای به‌سه‌ر "سادق ئه‌لمه‌هدی" سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی وڵاته‌كه‌ی كرد و گه‌یشته ده‌سه‌ڵات.
له‌ساڵی 2003 به‌هۆی رۆڵی سه‌ره‌كی بینی له رووداوی دارفوور كه تێدا 300 هه‌زار كه‌س كوژران، له لایه‌ن دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی به تاوانبار ناسرا.