واشنتن پۆست: رێبه‌رى قاعیده له یه‌مه‌ن كوژرا
K24- هەولێر
هه‌فته‌ى رابردوو، له ئاكامى بۆردومانێكى فڕۆكه بێ فڕۆكه‌وانه‌كانى ئه‌مەریكا بۆ سه‌ر چه‌كداره ئیسلامییه‌كانى یه‌مه‌ن، ناسر ئه‌لوه‌حیشى، رێبه‌رى ئه‌لقاعیده له یه‌مه‌ن، كوژرا.
به‌رپرسانى ئه‌مریكا، بۆ رۆژنامه‌كه ئاشكرایان كردووه، هه‌فته‌ى رابردوو، فڕۆكه‌یه‌كى بێ فڕۆكه‌وانى ئه‌مریكایى بۆردومانى ئامانجێكى سه‌ربازى له یه‌مه‌ن كردووه و رێبه‌رى ئه‌لقاعیده له‌و وڵاته به‌و هۆیه‌وه كوژراوه.
رۆژنامه‌كه نووسیویه‌تى: "هێشتا هه‌واڵى كوژرانى ئه‌لوه‌حیشى پشتڕاست نه‌كراوه‌ته‌وه".
واشنتن پۆست، له سه‌ر زارى یه‌كێك له به‌رپرسانى هه‌واڵگرى ئه‌مریكا، گواستوویه‌تییه‌وه، كه ئه‌وان هه‌وڵه‌كانیان خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى له هه‌واڵى كوژرانى ئه‌و رێبه‌ره‌ى ئه‌لقاعیده دڵنیا ببنه‌وه.
كه‌ناڵى "سى ئێن ئێن" له‌و باره‌یه‌وه بڵاویكرده‌وه، رۆژى هه‌ینى رابردوو، ئه‌لوه‌حیشى به هۆى بۆردومانێكى فڕۆكه‌ى ئه‌مریكاییه‌وه كوژراوه.
به‌رپرسانى یه‌مه‌ن، رۆژى 9ى حوزه‌یران، ئاشكرایان كرد، فڕۆكه‌یه‌كى بێ فڕۆكه‌وان چوار مووشه‌كى ئاراسته‌ى گرووپێكى چه‌كدارانى ئه‌لقاعیده له نزیك شارى حه‌زره‌مۆت كردووه و به‌رپرسێكى باڵاى چه‌كدارانى ئه‌لقاعیده به‌و هۆیه‌وه كوژراوه.
چه‌كداره‌كان له نیسانى رابردوودا له شارۆچكه‌ى "مه‌كلا"ى نزیك له حه‌زره‌مۆت بنكه و باره‌گایان كردووه‌ته‌وه، دواى ئه‌وه‌ى به هۆى پشێوییه‌كانى یه‌مه‌نه‌وه توانییان ده‌ست به‌سه‌ر شارۆچكه‌كه‌دا بگرن.