سووریا.. داعش هەڕەشە لە ژیانى چەند شارێك دەكات

رێكخراوى پزیشكانى بێسنوور، رایگەیاند، رێكخراوى "دەوڵەتى ئیسلامى" (داعش)، رێگرى لە گەیشتنى كۆمەك و پێداویستى مرۆیى بۆ ناوچەكانى رۆژئاواى كوردستان (باكوورى سووریا) دەكات و بەو كارەشى مەترسى بۆ سەر رەوشى تەندرووستى و مرۆیى ناوچەكە درووست كردووە.

K24 – ھەولێر

لە دەورووبەرى باكوورى حەلەب، چەكدارانى داعش خاڵى پشكنینیان داناوە و رێگە لە چوونى هەر جۆرە ئۆتۆمبێل و بارهەڵگرێك دەگرن، كە بەرەو ناوچەكانى رۆژئاواى كوردستان بە رێگەوەن و پێداویستى مرۆیى و سووتەمەنى دەگوازنەوە.

بە گوێرەى زانیارى پزیشكانى بێسنوور، لە نەخۆشخانەكانى حەلەب و ئیدلب و حەما و رۆژئاواى كوردستانەوە بانگەوازى نەمانى پێداویستى مرۆیى بەرز كراوەتەوە و نەخۆشخانەكان سووتەمەنى پێویستیان نییە بۆ ئەوەى پێداویستییەكانى نەخۆشخانەكە بە گەڕ بخەن.

لە نزیك سنوورى توركیا، خاڵێكى پشكینین سنوورى دەسەڵاتى داعش و نەیارەكانى جیادەكاتەوە.

سكاى نیوز، لەو بارەیەوە نووسیویەتى: "لەو خاڵەى پشكنینەوە، رۆژانە داعش بە سەدان تانكەر نەوت و سووتەمەنى كێڵگەكانى ژێر دەسەڵاتیى رەوانەى ناوچەكانى دیكە دەكات".